کەرکوک لەنێوان بەرداشی دوو حزبدا

لەلایەن ستاندار Posted on 226 جار بینراوە

ھیوا حەسەن عەلی

وەک ئاشکرایە کەرکوک ھەمیشە خاڵی سەرەکی ناکۆکی نێوان شۆڕشەکانی کورد و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق بووە، ئەوە جگە لە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ھەرێمی و ووڵاتە زلھێزەکانی جیھان.
لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێڕاقەوە سەرەڕای ئاستەنگەکان بەڵام کورد تا ڕادەیەک توانی بەشێک لەجومگە سەرەکیەکانی دەسەڵات لەو شارە بگرێتە دەست و ئیدارەی ئەو شارە بدات و پاشانیش بەھۆی شەڕی داعشەوە تەواوی دەسەڵاتەکانی ئەو شارە بکەوتە ژێر دەسەڵاتی کوردییەوە.
لەماوەی ١٤ ساڵی دەسەڵاتی کوردیدا نەک ھەر نەمانتوانی نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی پیشانی دۆست و نەیارانی گەلەکەمان بدەین، بەپێچەوانەوە ھەردوو حزبی دەسەڵات بەھەموو ھێزوو توانای حزبی و سەربازییەوە کەوتنە دژایەتی یەکتری و کەرکوکیان وەک چەقی ناکۆکیەکانی نێوان خۆیان کردە مەیدانی بەرەنگاربونەوەی یەکتری و ھەر یەکەو بە تەواوی توانایانەوە لەھەوڵی بەھێزکردنی پێگەی حزبی و ھەم ھەوڵی چنینەوەی داھاتی ئەو شارە بوون و کەرکوکیان وەک پرۆژەیەکی ئابوری تەماشا ئەکردو بێ گوێدانە لایەنە سیاسی و مێژویەکەی و نەھامەتی و ئەو ستەمو زوڵمەی کە پێشتر دەرحەق بە خەڵکی ئەو شارە بەتایبەتی لە نەتەوەی کوردو تورکمان کرابوو.
روداوە سیاسی و گۆڕانکاریەکانی عێڕاق و ھەرێم کە لەو ماوەیەدا روویان دا ،ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنێ کە دەسەڵاتی کوردی نەیتوانی لەئاست ئەو روداوانە بێت و ھەل و مەرجەکە بەجۆرێک بقۆزێتەوە کە چارەنوسی شارەکە لە بەرژەوەندی نەتەوەکانی ئەو شارەو راستیە مێژویەکەی کە بەشێکە لەھەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە.
دوای روداوەکانی ڕیفڕاندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر ، کەرکوک کەوتە قۆنغاێکی دیکەوە بەجۆرێک کە بەتەواوی خاڵی بوو لە دەسەڵاتی کوردی و تەنانەت لەخەڵکە ڕەسەنەکانی تێکڕای نەتەوەکانی دیکەی ئەو شارەش ، ئەوە بوو دەسەڵاتی عەسکری باڵی بەسەر ئەو شارەدا کێشاو تاکە زەرەرمەندیش ھەر خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو شارە بوو.
سەیرەکە لەوەدایە دوای ئەو ھەموو خەسارەت و زیانەی بەر ئەو شارەو تەواوی ناوچە جێناکۆیەکان کەوت ، ھێشتا دەسەڵاتی کوردی بەھەمان سیاسەتی پێشوو کە شکستیان ھێنابوو مامەڵە لەگەڵ ئەو شارە دەکەن بێباک لەوەی بپرسن ئەرێ خەڵکی ئەو ناوچانە چی کارەساتیەکیان بەسەر ھاتووە دەرەنجامی ئەو سیاسەتە سەقەتەی کە ئەوان پیادەیان کردووە.
ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار ئەوەندە بێباکن بەرامبەر خەڵک و خاکی کەرکوک تەنانەت وەک گوندێکی خاپوری ھەرێمیش حسابی بۆ ناکەن و ھیچ ھەنگاوێکی ئەرێنی نانەن بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی نائارام و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە.
لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١وە بەتایبەتی دوای شەڕی نەگریسی ناوخۆوە دەیان و سەدان کێشەی لەوەی ئێستای کەرکوک زۆر گەورەتر ڕوبەڕوی ھەردوو حزبی دەسەڵات بووەتەوەو چارەسەر کراون و بەسەریدا تێپەڕیون، کەچی کەدێتە سەر چارەسەری کێشەی کەرکوک مەبەستم ئەو بەشەی کە بەدەستی کورد خۆیەتی ، سەرکردایەتی ھەردوو حزب لەکەلەی شەیتان نایەنە خوارەوەو ئامادە نین تەنازول بۆ یەکتری بکەن و خەڵکی ئەو شارە لە تەعریب و ڕاگواستن و ماڵ وێرانی رزگار بکەن.
ئەگەر ئوباڵی ھەموو ئەو کارەساتانەی کە پێشتر بەسەر ناوچە جێناکۆکیەکان ھاتبێت لەسەر ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێڕاق بوبێت ، بێگومان لەدوای روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە ھەر رووداوێک و کارەساتێک بەسەر خەڵکی ئەو شارەدا ھاتبت و یان لەداھاتودا روو دەدات، زۆربەی ئەکەوێتە ئەستۆی ھەردوو حزبی دەسەڵات و ئەوان بەرپرسی سەرەکین لێیان ، بۆیە ئەبێت ئوباڵی ئەو تاوانانەیش لە ئەستۆی خۆیان بگرن و مێژویش رەحم بەکەس ناکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.