دووئیدارە یان نامەرکەزیەت

لەلایەن ستاندار Posted on 246 جار بینراوە

شوان عەبدوڵا

دونیای سیاسەت لەکوردستان بەشێوازێک وەھم بەرھەم دێنێت ، کەئەگەر بەوردی سەیری بکەی جگە لە وەھمی سیاسی ھیچ شتێک کاریگەری نەماوە بەسەر باری سایکۆلۆژیای ھاونیشتیمانیان ، ئەوانەی دەیانەوێت بەزمانێکی جیاواز قسەبکەن زۆر نابەرپرسانە وەھمی نوێ بەرھەم دەھێنن.

دوو دۆستە لەمێژینەکەی کوردستان پارتی ویەکیتی ، کە بریاریان دابوو زەواجی کاسۆلیکی بکەن وھەرگیز جیانەبنەوە! ئێستا بەشێوازێکی تر قسەدەکەن ، داوا دەکەن بەپێی شەریعەتە باوەکان ماڵەکانیان جیابکەنەوە دێگەڵە بکەنەوە سنوری نێوانیان ، ئەمان ئەگەر پەیوەندیەکانیان باش بێت خەڵکی بیر لە سەقەفاتی گەورەی ماددی دەکات لەنێوانیان ، ئەگەر لەسەر پرسێکیش پەیوەندیەکانیان بردە تونێلە تاریکەکان دووبارە خەڵک بیردەکەنەوە چۆن سنوری نێوانیان دەکەنە دێگەڵە.

ئەگەر باسی دووئیدارەیی دەکەن بەشێوازێک وەھم بۆ رای گشتی دروست دەکەن ، دەڵێن ئەگەر دوو دراوسێ بین خزمەتی ناوچەکانمان زیاتر پێ دەکرێت ، بەڵام بەسەرنجدان لە ئەزموونە دیموکراسی وسەرکەوتووەکان ئەمە جگە لەتاوان وناھەقیەک دەرھەق بەگەلی کورد ھیچ شتێکی لێ ناخوینرێتەوە ، وە لەم پرسەشدا دووئیدارەیی وەک کارتی فشار بەرامبەر یەکتر بەکاردەھێنن ، کە دەبوایە باسکردن لەوەھا بابەتێک حەرامی سیاسی بوایە وئاوا بەئاسانی نەیدەن بەگوێی ھاوڵاتیان ، وە لەپەنای دووئیدارەیی وپارچە پارچەیی سیستەمێکی سەرکەوتوو ھەیە، کە (نامەرکەزیە)کەھەرکاتێک داوای ئەم سیستەمە کرابێت لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان وھێزەکانی تر ونوخبەی رۆشنبیر تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵ داواکاران کە گوایە دەیانەوێت کوردستان لەبەریەکتر ھەڵبوەشێنن بەڵام لێرەدا ھەموو خەڵکی بابیرکەنەوە بۆچی پارتی ویەکیتی ئەم ترسەیان لە نامەرکەزی ھەیە وداوای دووئیدارەیی دەکەن ؟ چونکە بەھۆی ئەم سیستەمە داھاتی شارەکان راستەوخۆ بۆ خەڵکەکەی خەرج دەکرێت وبریارەکان شەفاف دەبن وخەڵکیش تەحامولی راستەوخۆی لەگەڵ یەکە ئیداری ناوچەکەی خۆی دەبێت ، لەپەنای ئەوەش بەرژەوەندیە مادیەکانیانی ئەو بەرپرسانە دەکەوێتە بەر مەترسی کەلەجیاتی دووئیدارەی ناشەریفانە منافەسەیەکی نامەرکەزی دێتە بەرھەم کە خەڵکی شارەکان سودمەندی یەکەم دەبن ، وە لە دووئیدارەیی ھەموو ئەگەرێکی خراپ چاوەرێی خەڵکی دەکات.

بەرپرسانی یەکیتی ئەگەر خەمی سلیمانیان بوایە خەمی شێوازێک لە خۆبەرێوبەریان بوایە کە خزمەتی ھاوڵاتیان بکەن ، لەجیاتی دۆڵ کوتین بۆ دووئیدارەیی ھەوڵی نامەرکەزیان دەدا بۆ سلیمانی وھەڵەبجە کەلەبەرامبەریش دھۆک وھەولێر بەھەمان ئاست سود دەبینن ، لە ھەرێمی کوردستان شارەکان وخەڵکەکەی بەدەست دەیان قەیران وکێشە وگرفتی رۆژانە دەناڵێنن ، بەشێوازێک دۆخی خەڵک خراپ بووە کە متمانەی حکومەت وخەڵک تەواو لاوازبووە ، لەئێستاشدا کە ئومێدی خەڵک بە حکومەتی نوێ ھەناسەیەکی بە دۆخی چەقبەستووی کوردستان کردوە ، کەچی زۆر بەمەبەست پێکھێنانی کابینەی نۆ دوادەخرێت ، ھەر رۆژەو بەبیانوێک ھەنگاوەکان دەھێنرێنەوە خاڵی سەرەتا ، کە ئەمەش تەحامولی ھاوڵاتیان بەرەو تەقینەوەیەکی جەماوەری دەبات ، ئەوکاتەش ھیچ ھێزێک نیە خۆی لەبەر گەردەلولی تورەیەکەی رابگرێت وڵاتانی دەوروبەر بەئاسانی دەستی پیسیان دەخەنە ناوەوەی کوردستان ، رەشەبایەک لەگەڵ خۆیان راپێچ دەکەن لەناوەوەی رەشەباکە سیخناخکراوە بە دەیان بۆمبی وێرانکەر ، کە کاتی تەقینەوەی زۆر نزیک بۆتەوە.

لەکاتێکدا کە داوای سنورە دابرێنراوەکانی کوردستان دەکرێت ، کەچی ئێستا ویستێک ھەیە ئەم چەند پارێزگایەش سنورەکانی تۆخبکرێنەوە ، ئەوکاتەش ھیچ بیانوێک نیە داوای سنورەکانی ترت بکەیتەوە لەکاتێکدا دژی بازگەدانانی لەنێوان کەرکوک وشارەکانی ھەرێم چۆن شەرمەزاری خاک وخەڵک داتناگرێت کە بازگەکانی ئەم چەند پارێزگایە زیادبکەیت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.