کەرکوک لە نێوان دوو دایکدا

لەلایەن ستاندار Posted on 237 جار بینراوە

 د. قارەمان شێخ بزێنی

کەرکوک شارە هەستیار و پڕ بایەخەکە، لە مێژە کلۆڵی دەستی دوژمنانە، ماندو زامدارە، خوێن لە جەستەی دەچۆرێت، ئەوەندە شەکەتە کاتێک نیگایەکی خێرا لەو شارە نازدارە دەکەیت بە ئاسانی تێدەگەیت کە چەندە بێنازە، چەندە ئازار دەدرێت کاتێک درک بە پشو و ئارامی ناکات، ئایندەی نادیارەو هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات.
کاتێک شار نەخۆش دەکەوێت، خاوەنی شار هەراسان دەبێت دەکەوێتە پەلەقاژە و نازانێت چی بکات، چۆن چارەسەری بکات؟ باشترین دکتۆرەکان لە کوێن؟ نایابترین دەرمانەکان چین؟ تا بە زووترین کات شار چا بێتەوە.
لە ئێستادا کەرکوک لەو دایکە دەچێت منداڵەکەیان ڕفاند بوو، دوای دۆزینەوەی منداڵەکە لە لایەن ژنێکەوە، کێشە لە نێوان هەردوو خانەوادە بە گشتی و هەردوو ژنەکە دروست دەبێت، کێشەکە دەگاتە دادگا و منداڵی دزراو دوو دایکی بۆ پەیدا دەبێت و هەر یەکەیان شەر لە سەر بردنەوەی منداڵەکە دەکات، حاکمی ژیر دوای مشت ومڕێکێ زۆر دەڵێت باشە من منداڵەکە لەت دەکەم هەریەکە و پارچەیەکتان پێ دەدەم، هەڵبەت دایکی ڕەسەن ئاگر لە جەرگی بەر دەبێت بە کروزانەوەوە هاوار دەکات جەنابی حاکم منداڵەکە هی منە، بەڵام با بۆ ئەو ژنە بێت، بەس کاری وا مەکە تکایە، بەڵام ژنە منداڵ دزەکە کە بانگەشەی دایکایەتی خۆی بۆ ئەو منداڵە دەکات پێشنیارەکەی دادوەر بە ئاسای وەردەگرێت.
پاشان حاکم بڕیار دەدات منداڵەکە بداتەوە دایکە ڕەسەنەکە کە بە کڕوزانەوە ئامادەی دەسبەرداری منداڵەکەی بێت بۆ ئەوەی نەکوژرێت.
ئەمە ڕێک لە ململانێی یەکێتی و پارتی لە سەر کەرکوک دەچێت، پارتی دانیشتووە و پێشنیار دەکات، ڕێگری دروست دەکات، چی ڕوودەدات، با ڕووبدات، دەغڵو دان دەسوتێ، بەپرسەکان دەردەکرێت، کورد لەو شارە لە ژێر هەڕەشەودایە، زەوی هەراج دەکرێت ، ماڵ دەردەکرێت، فەرمانبەری کورد دانامەزرێت، مامۆستای کورد بۆی نیە بگەڕێتەوە شارەکەی…

لە کاتێکدا هەموان دەزاننن لە ئێستا نە دادوەری ژیر هەیە تا ماف بداتەوە بە خاوەن ماف و نە ویژدانێک هەیە کەرکوک بداتەوە بە خاوەنی ڕەسەن، نە هێزێکی دیبلۆماسی گەورەمان هەیە تا بتوانێت ئەو شارە وەرگرێتەوە، نە سوپایەکمان هەیە بو زور بۆمانی بسێنێتەوە…

کەواتە پێویستە ورد تر و وریا تر لە گەڵ ئەو بارودۆخە مامەڵە بکەین. با دایکەکان ڕێکەون بۆ ئەوەی منداڵەکەیان سەلامەت لەو کێشەیە دەربازی بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.