ئۆپۆزسیۆن یان ئەبی نەبێ یان دەستەمۆبێ!

لەلایەن ستاندار Posted on 209 جار بینراوە

مەلا فرمان

بۆ چونە ناو ئەم بابەتە تازەیە، پێویست بە ئاوڕدانەیەکی سیاسی و قۆناغ بەندی ھەیە، ئەم قۆناغبەندیە ھەمو ئەو کارەکتەر و روداوە سیاسیانە دەگرێتەوە کە بە درێژایی ٦٠ ساڵی رابردو ١٩٦١ – بۆ ئێستا بونیان ھەیە و رویانداوە.
1- ١٩٦١ – ١٩٦٤ ، لەم قۆناغە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە ھێزی سیاسی بوە، توانیویەتی وەک ھێزی بەرھەڵستکاری چەکدار بە شێوەی کاریگەر دژ بە دەسەڵاتی بەغدا بونی ھەبێ. ئەم بەرھەڵستکاریە لەسەر پرسی دیموکراتی یان پرسی ستەمی چینایەتی نەبوە، بەڵکە بە گشتی پرسی نەتەوەیی داینەموۆی ھزر و ئایدای ئەم حیزبە بوە.بەڵام وروژاندنی پرسی جوتیاران و زەویوزار و یاسای چاکسازی کشتوکاڵی رۆڵی خۆی ھەبوە لە بزواندنی ئەم حیزبە بە تایبەتی لای ئاغا و دەرەبەگەکان و بەشێکی سەرکردایەتی پارتی. لەم قۆناغە جگە لە پارتی، حیزبی شیوعی عێراقی ناوی ھەبوە ھەم لەبەرەی کورد و ھەم لەبەرەی بەغدا. بەڵام بەگشتی ئەم حیزبە ئێستاشی پێوەبێ سەرەڕای مێژویەکی دورودرێژی خوێناوی کاریگەری ئەوتۆی نەبوە، بە تایبەتی لە گرتنە دەستی سەری گوریسەکان.
2- ١٩٦٤ – ١٩٧٠ پارتی دەبێت بە دو بەشەوە، ئەگەرچی ھۆکاری ئەم دابەشبونە دو دیدی جیاوزبوە بۆ ژیان و سیاسەت: مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد وەک نوێنەری چەپ و پێشکەوتوخواز ، بەرامبەر ویستی حوکمی تاکڕەوی و دەستەمۆ بون، ئەو دەسەڵاتەی بڕوای وایە ” کەسانی تر دەتوانن ھەبن بەڵام دەبێت گوێڕایەڵ و گوێ لەمشتبن”. لێرەوە تۆوی ئەم عەقڵیەتە تۆ و کرا”.
3- ١٩٧٠ – ١٩٧٤ پارتی وەک تاکە سوار لە گفتوگۆدا بو لە گەڵ بەغدا، دواجار شەڕ و ئاشبەتاڵ تاکە بەرھەمی ئەم کفتوگۆیە و ١٤ ساڵ تێکۆشانی میللەتێک بو لەسەر دەستی ئەو تاکە سوارە گلاوە.
4- ١٩٧٤ – ١٩٧٩ دامەزراندنی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتوخواز لە نێوان ( بەعس، پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی سۆرشگێر و حیزبی شیوعی). ئەم دیموکرات و سۆڕشگێرە بە کارتۆنیەکان ناسراوبون. ئەم سێ حیزبەش گوێ لەمشتی بەعسیەکان بون و پێچەوانەی بریارەکانی بەعس دەمیان ناکردەوە.
5- ١٩٧٦ – ١٩٩١ کۆمەڵێ حیزب لە کوردستان بونیان ھەبو، ھەر یەک خاوەنی ھێزی چەکداری خۆی بو، بە چەک داکۆکی لە بون و مانەوە و دەسەڵاتی خۆی دەکرد.
6- ١٩٩١-١٩٩٤ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و شەراکەتی ٥٠ بە ٥٠ پارتی و یەکێتی لە حکومەت. لە دەرەوەی ئەم دو حیزبەش چەند حیزبێکی تر دەژیا و بێئەوەی باس لە ئۆپۆزسیۆن بون بکەن. کۆسپی ٧% ھەڵبژاردن ریگربو لە بەشداریکردنیان لە کێکی حکومەت.
7- ١٩٩٤ – ٢٠٠٣ دەکرێ بە قۆناغی ململانێی چەکداری توندی نێوان پارتی و یەکێتی، ململانێی خوینڕشتن، خیانەت و تەخوێنکردن، ئاشتبونەوە دابنرێت. جگە لەمەش لێرەوە قەڵەمە ناڕازیەکان وردە وردە دەرکەوتن و دەنگیان بەرز کردەوە.
8- ٢٠٠٣- ٢٠٠٩ درێژەپێدان بە حکومەتی ٥٠ بە ٥٠، رێکەوتنی ستراتیجی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان. لەو کاتەی سکرتێر و سەرۆکی پارتی و یەکێتی پێکەوە سوکانی کۆمپانیای نەوتیان بادا، بازرگانی و بۆماوەیی سیاسی جێی نیشتمانپەوەری و حیزباتی گرتەوە. لێرەوە پرەنسیپی لە پاڵ ھەرکۆمپانیایەک، حیزبێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لێرەوەش حیزب و چەک و پارە بون بە سێکوچکەی بەھێزکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە و نەوەکانیان.
9- ٢٠٠٩ …١٩/٥/٢٠١٧ ، راستە پێشتر لەلایەن ھەندێ لایەنی سیاسیەوە نوزەیەکی کزی ناڕازای ھەبو، نوزیەک زۆر لاوازتر لە دەنگی چەند رٶشنبیر و چەند رۆژنامەیەک. پەیدابونی کۆمپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕان وەک ھێزی سیاسی بێ چەک، یەکەمین دەرگای ئۆپۆزسیۆنبونی خستە سەرپشت، لێرەوە کۆمەڵانی خەڵک لە چاکە و خراپە و بەرژەوەندیەکانی بە ئاگا ھاتنەوە، بودجە، شەفافیەت و دادپەروەری ئەو سێ چەمکە بون کە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەندارێتی دەکرد. سەرەڕای چاوسورکردنەوە و ھەڕەشە و ساختەکاری، ئەم ھێزە توانی لە ھەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩ ، ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەست بھێنێ، بەمەش بو بە دوەم ھێزی ھەرێمی کوردستان. لە ماوەیەکی کەم ئەم ھێزە توانی:
• ھیوا بە دواڕۆژ بۆ شەقام بگەڕێنێتەوە. بیخاتە جوڵە.
• بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن دروست بکات.
• دەسەڵات ناچار بکات بە پێشکەشکردنی ھەندێ کاری خزمەتگوزاری. ( ئەم قیرە رەش و جوانە.. بەرەھەمی شەقی نەوشیروانە).
10- ئەستوربونی باسکی ئەم ھێزە ترسی لای پارتی و یەکێتی دروستکرد، نان بڕین و موچە بڕین و ھەڕەشە و رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان لێکەوتەی ئەو ترسەبون. راستە راستەوخۆ ئەم فشارانە بەرامبەر بە گۆڕان کران، بەڵام لە راستیدا نامەیەک بو بۆ لایەنکانی دەرەوەی دەسەڵات و رۆشبیران و شەقام تێیدا ئەم پەیامەی ھەبو ” یان دەبێ نەبن یان گوێ ڕایەڵبن”.
11- ٢٠١٧ ….. ئێستا
دوای کۆجی دوایی رێکخەری گشتی گڵۆڵەی ئەم بزوتنەوەیە کەوتە لێژی، ئەمەش نەک ھەر کاریگەری کردە سەر بزوتنەوەکە بەڵکە :
• بە گشتی پێگە و بیری ئۆپۆزسیۆنبون و وشەی “نا و نەخێری ” خستە سەر دوڕیانێکی نادیار.
• ساردبونەوەی شەقامی ناڕازی و دروستبونی بێ ئومێدێ.
• سەرکەوتنی بەرەی گەندەڵ و سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت.
12- ریکەوتنی پارتی – گۆڕان
لێرەوە ئیدی بە تەواوی تۆوی بیئومێدی بە ئۆپۆزسیۆنبون چاندرا، زۆرێک پێیان وایە گروپی دەستڕۆیشتوی ناو ماڵی گۆڕان دوا بزماریان لە تابوتی گۆڕان و ئۆپزسیۆن داکوتا، سبەینێش دەسەڵات دەیدا لە تابوتی خۆیان.
بە کورتی دەسەڵات بە تایبەتی پارتی توانی لە رێگەی کاریگەریەوە لەسەر گروپێکی دەسترۆشتوی شەکەت و ماندوی ناو سەرکردایەتی گۆڕان ئەم پەیامە ” ” کەسانی تر دەتوانن ھەبن بەڵام دەبێت گوێڕایەڵ و گوێ لەمشتبن” بە گۆڕانخوازان و تەواوی لایەن و قەڵەمە ناڕازیەکان بدەن. بشڵێن ” راستمان گوت، کاتی گوتمان گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا عاقڵ بوە”. بەڵێ پێدەچێت ئەم گروپە دەستڕۆیشتوە لەو عاقڵانە بن و بە نیازی ئەوەبن زیاتر گۆڕان بەلارێدا بەرن. رونکردنەوەکەیان لەمەڕ ھەوڵەکانی ئەو سێ پەرلەمانتارە رەسەنەی گۆڕان لە بەغدا نیشانەیەکی مەترسیدارە لە لادانی زیاتری ئەم گروپە لە پرەنسیپەکانی گۆڕان.
لە بەرامبەردا، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە بنکەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن و دەنگە ناڕازیەکانی ناو گۆڕان تادێت لە زیادبوندایە. ئەم دەنگانە دەتوانن و ئەرکیانە:
1- ببن بە خاوەنی راستەقینەی گۆڕان و گۆڕانکاری، لە ھەرکات و شوێنێک بۆیان دەکرێ.
2- سەرکردایەتی دەنگی تەواوی دەنگە ناڕازیەکان بکەن.
3- پشودڕێژانە بە دەسەڵات بڵێن ” ئیمە ھەین و ئەبین و سیستەمی ئیدارەدانی وڵات دەگۆرین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.