خواکورک ھەنگاوێکی ترە بەرەو داگیرکردنی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 227 جار بینراوە

ئەحمەد رەجەب

دوژمنانی گەلی کوردستان لە پێش ھەموویانەوە رژێمی رەگەزپەرست و شۆڤێنیستی تورکیا رۆژانە سنووری باشووری کوردستان ئەبەزێنن و بە تۆپ و فرۆکەی جەنگی تۆپ بارانی چیاو دۆڵ و ئاوایی و شارۆچکەو ھەموو ناوچەکانی ئەکەن و، پاشان ئارەزوومەندانە و بەبێ ترس لە ناو خاکی کوردستان تەراتێن ئەکەن.
تورکیا لە ساڵی ١٩٩٢ توانی بە ھاوکاری راستەوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوری پاریزگای دھۆک وھەولێر چەندان بنکەی سەربازی و بارەگای سیخوری دابمەزرێنێت و، لە ١٩ خاڵی جیاجیای خاکی باشووری کوردستان خۆی قایم وجێگیر بکات و، وا نزیکەی مانگێکە لە خواکورک ھێرشێکی بەرفراوانی بە پانی ٥٠ کیلۆمەتر و، بە قولایی ٣٠ کیلۆمەتر ئەنجامئەدات.
تورکیا بە ھۆێ ئەو بنکانەو، بردنی نەوتی کوردستان بەبێ بەرامبەر، بووەتە خاوەن ماڵ و، بەرپرسەکانی لای خۆمان بە گەرمی پێشوازییان لێئەکەن و، ھەستیان ئەپارێزن، نەوەک زویر ببن، بۆ نموونە لە رۆژی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی ڤالا فەرید سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان برگەکانی بەرنامەی رێ و رەسمەکەی خوێندەوەو، لە یەکێک لە برگەکان پەیوەست بوو بە سرودی ئەی رەقیب بەڵام لە بەر خاتری چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا پرگەی : ئەی رەقیب لابرا، نەوەک پەردەی گوێی “” قەرداش”” بدرێ.
ئەوەی زانراوە دەوڵەتی تورکیا لەکاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ کە مافێکی سەرەتایی و ئاسایی و یاسایی گەلی کوردستانە، ھەڵوێستێکی دوژمنانەی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان نواند، لە داخستنی دەروازە سنوریەکان و، قەدەغەکردنی ھاتووچۆ لە نێوان ھەرێم و تورکیاو، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و، بەو کردەوەیەش شۆڤینییەتی رەجەب تەیب ئەردۆگانی ئیخوان ئەلموسلمین، لە گەڵ شۆڤینییەتی حەیدەر عەبادی حزبی دەعوەی ئیسلامی دژ بە گەلی کوردستان یەکیان گرتەوە.
لەم دواییەداو، لە ماوەیەکی کورتدا بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق دووجار سەردانی تورکیای کردو، لە گەڵ ئەردۆگان کۆبووەوەو، لە پاش گفتوگۆکانی رژێمی تورکیا بە ئۆپراسیۆنێکی چەپەڵ ناوی (چنگ) ی لێناوە ھێرشی کردە سەر خواکورک و، بۆ وەبیرھێنانەوە لە ساڵی ٢٠١١ بەرھەم ساڵح سەرۆک وەزێران بوو لە کاتی ھاتنی رەجەب تەیب ئەردۆگان رایگەیاند :
ئەوە سەردانێکی مێژووییە ئەردۆگان دێتە فڕۆکەخانەی ھەولێرو لەوێوە لە زۆرێک لە بوارەکانی وەک ( وزەو نەوت و گازە ) ‌وە چاوپێکەوتن ئەنجامدەدەین و خۆشم بە خۆشحاڵ دەزانم کە من بەشێکم لەم قۆناغە، لێرەدا روون و ئاشکرایە گفتوگۆکان لە سەر سەروەری وڵات نییە، بەڵکو لە سەر وزەو و نەوت و گازەو، ئەوەی جێی ئاماژەیە سەدام حوسەێن و حزبی بەعسی عەرەبی و چڵکاوخۆرەکانی بە تۆپ و فرۆکەی جەنگی و کەرەسەی سەربازی مۆدێرن، نەیانتوانی بێنە خواکورک بەڵام لەمرۆدا ئەردۆگان و رژێمی تورکیا بە ھۆی ئاسانکاری و پێشوازی گەرم لە لایەن بەرپرسانی پارتی، سوپای تورکیا سەربەستانە خواکورک داگیر ئەکات بۆ ئەوەی کوردستان بکەوێتە ژێر رکێف و دەسەلاتی دوژمنانی کوردستان.
لە پاش تێکۆشانێکی سەخت و، قوربانییەکی زۆرو، بە یارمەتی ھێزی دەرەکی کوردستان لە چنگی عروبە و بەعس و رژێمی دیکتاتۆری بەغدا رزگاری بوو، بەڵام لە سەرەتای شەرێ خۆبەزێنی دوو حزبە زلھێزەکەی کوردستان پارتی و یەکێتی و، دەستێوەردانی دەرەکی، تورکیا توانی لە ناو خاکی کوردستان چەندان بنکەی سەربازی و بارەگای سیخوری دابمەزرێنێت و، جێپێی خوی قایم بکات و، ھەموو خەیرو بەرەکەت و سامانی کوردستان بۆ گەروی کەمالیستییەکان بروات.
ھێرشی تورکیا بۆ سەر خواکورک زۆر مەترسیدارە چونکە لە لایەک حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان کر کەوتوون و بێدەنگن و، لە لایەکی ترەوە تورکیا کەنترۆڵی ناوچەکانی دەھۆک و ھەولێری کردووەو، ھەوڵ ئەدات بنکەو موڵگەکانی پێکەوە ببەستێتەوەو، ئەو کات بەرپرسانی تورکیا لە کوردستان ئەبن بە باڵادەست و، لە خاوەن ماڵ ئەبن بە ئاغاو میرو بەگ.
جێی رێسوایی و شەرمەزارییە ھەرێمی کوردستان ھیچ وەڵامێکی نییەو ، بێدەنگەو، ھیچ کوردستانییەکی خاوەن شەرەف و کەرامەت حەز بە ملکەچی ناکات و، کاتی ئەوە ھاتووە بە دەنگی دلێرو زوڵاڵ بڵێن: تورکیا بۆ دەرەوە.
١٨/٦/٢٠١٩

تیرۆریستان لە خواکورک

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.