بازیان بارمتەی تەماحکاران

لەلایەن ستاندار Posted on 259 جار بینراوە

ئارام هادی

ئەمە ناونیشانی ئەو ڕاپۆرتە کورتەبو کە (پەیجی مۆر) ماوەیەک پێش ئێستا لەسەر ژەهراوی بونی ئاوی ژێر زەوی و هەوای بازیان خستیانەڕوو، وەک لەڤیدیۆکەیاندا دەبینرێت، بەشێوەیەکی گشتی باسیان لە کێشەکانکردوە، بەڵام زۆر شتیش هەیە کە شارەزانەبون یا نەیانویستوە یاخود نەیانتوانیوە لەڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەی پێبکەن و چارەسەریشیان نەخستۆتەڕوو، هاوکات بازیان بە کۆمەڵێک کێشەی قوڵدا تێدەپەڕێت بەهۆی بونی 150 کارگەی گەورە و مام ناوەند و بچوکەوە.

٭تادێت بازیان دەبێتە کارگەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی و هاوکات بڵاو بونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ دانیشتوانەکەی.

٭خاوەن کارگە گەورەکان پشتیان لە کارکردن بە ستانداردی جیهانی کردوە و حکومەتیش چاوپۆشیان لێدەکات، بەجۆرێک بەڕۆژ پاڵاوتە بۆ دوکەڵی کارگەکانیان دادەنێن و شەوانیش لایدەبەن و ژەهرەکەی دەخەنە گەروی دانیشتوانەکەی

٭سەرباری بونی 150کارگە لەئێستادا، دەیان مۆڵەتی دروستکردنی کارگەیتر دراوەتە سەرمایەدارەکان کە ئەمڕۆ یا سبەی دەست بەکاردەبن لە دروستکردنیان.

٭بەقەد زۆری کارگەکان و دەستی کارتیایاندا سودیان بەناوچەکە نەگەیاندوە، کرێکار و مقاول و کۆمپانیای دەرەوەی سنورەکە و وڵاتانی ناوچەکە لێرەن و مانگانە بە کاش پارە دەکێشنەوە و جگە لەژمارەیەکی کەم کە لە کارگەکان دامەزراون، زۆربەی خەڵکەکەیتر هەر ڕۆژە و لەجێگەیەک کرێکاری دەکەن!!.

٭لەمێژووی بازیاندا هێندەی سەردەمی کارگەکان ئەم ناوچەیە توشی بەڵای کۆمەڵایەتی نەبوە.

٭گوایە ساڵانە کۆمپانیاکان چەند سەد ملیۆنێک دینار تەرخان دەکەن بۆ خزمەتگوزاری سنورەکە، پێویستە ئەمەش بەجۆرێکیتر ڕێکبخرێت.

٭باشترین چارەسەر بۆ دانیشتوانی بازیان ئەوەیە، پێویستە لەلایەن کارگەکانەوە لە جێگەیەکیتر بەقەد قەبارەی دانیشتوانەکەی، شارێکی نمونەیی و هاوچەرخی نیشتەجێبونی بۆ دروست بکرێت، بەسەرجەم خزمەتگوزاریەکان و بونی فەرمانگە حوکمیەکان تیایدا و خەڵکەکەی بۆ بگوازنەوە و هاوکات قەرەبویتریش بکرێتەوە

٭پێویستە خەمخۆرانی بازیان لەزوترین کاتدا کارلەسەر چەند خاڵێک بکەن لەوانە
1. فشارێکی جدی لەسەر کارگەکان دروست بکرێت و ناچاربکرێن بە سیستەمێکی هاوچەرخ کاربکەن.
2. زیادکردنی ئەو بڕە پارە کەمەی لەلایەن یەک دوو کۆمپانیاوە تەرخان دەکرێت بۆ توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە و کۆیگشتی کۆمپانیاکان ناچاربکرێن بە گرتنە ئەستۆی کۆی تێچوی نەخۆشەکە تا چاک بونەوە، گەرنەخۆشەکە پێویستی بە دەرەوەی وڵات هەبو بۆچارەسەر کارگەکان تێچوەکەی لەئەستۆبگرن، لەحاڵەتی مردنی نەخۆشەکەشدا مانگانە بەبڕێک پارەی دیاریکراو هاوکاری خێزانەکەی بکرێت.
3. دانانی کرێکار لە کارگەکان لەڕێگەی لیژنەیەکی خەڵکی بازیانەوە بێت.
4. بڕی پارەی تەرخانکراوی ساڵانەی کۆمپانیاکانی سنورەکە بۆ ڕایگشتی بازیان بڵاو بکرێتەوە و بەجۆرێکیش دیاربێت کێ وەری دەگرێت و چۆن سەرف دەکرێت و پێشتریش لەچیدا سەرفکراوە.
5. کەمکردنەوەی کاتژمێری کار، لەبەشی زۆری کۆمپانیاکاندا ئێستاش کارکردن لەبری 8کاتژمێر 9یا 10کاتژمێرە.
6. پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە یاسای کاری جیهانی و چەسپاندنی مافی کرێکار، (ئاخر مەعقولە سایەق حەفارە لەیەکێک لەکارگەکانی بازیاندا لەکاتی کارکردندا تەقینەوە ڕویداوە و برینداربوە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دوو ڕۆژ بەڕێگەی نەخۆشخانەوە بوە، لەبری هاوکاری بریندارەکە هەردوو ڕۆژەکەی بە غیاب بۆ نوسراوە و سەری مانگ پارەی لێبڕاوە)!!. (بریندارەکە هاوڕێی خۆمە)
هاوکات چەسپاندن و هاوتاکردنی سەرجەم کۆمپانیاکان بەو ستانداردە جیهانیەی کارگەکان کاری لەسەردەکەن و مافی کرێکارەکانی پێ دەستەبەردەکەن.
7.دروستکردنی لیژنەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز لەخەڵکی ناوچەکە بە هاوبەشی پۆلیس و ئاسایش و یەکە بەڕێوەبەرایەتیەکانی سنورەکە و بونی نوێنەری کۆمپانیاکان تیایدا، ئەمەش بۆ بنبڕکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان خەڵکی بازیان و کۆمپانیاکان، کەئەمە تائێستا قوربانی گیانی زۆری لێکەوتۆتەوە.
8. کۆیگشتی کۆمپانیاکانی بازیان ناچاربکرێن، بە دروستکردنی شارێکی نمونەیی و هاوچەرخ لە جێگەیەکیتر کە شایستەی ژیان بێت و دواتر خەڵکی بازیانی بۆ بگوازنەوە، چونکە بەڕاستی ئێستای بازیان بەکەڵکی ئەوەنایەت وەک دەڵێن بە ڕێڕەویش پیایدا بڕۆی، نەک بەردەوام تیای بژی، ئەمە لەکاتێکدا پێشتر بازیان ناوچەیەکی (کشتوکاڵی. گەشتیاری. ئاژەڵداری)بوە و لەهاتنی کۆمپانیاکانەوە سروشتی ناوچەکە گۆڕا بۆ پیشەسازی و هیچ مەرجێکی ژیانی تێدانەماوە.
ئەم ژەهراوی بونە لەیەککاتدا هەوا و ئاوی ژێر زەویشی گرتۆتەوە.

بۆ کارکردن لەسەر ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە هاوکات گرتنە ئەستۆی ئەرک و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان تا ببێتە فشارێکی جدی لەسەر کارگەکانی بازیان، پێویستە خەڵک و یەکەکە ئیداریەکانی بازیان و چالاکوان و ڕێکخراوەکان و ڕۆژنامەنوس و میدیاکار و ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری قائمقامیەتی مەرکەزی سلێمانی و پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانتارانی کوردستان و حکومەت، لەئێستاوە دەست بەکاربن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.