پەیکار عوسمان
حیزبەکان (سیاسەت) وەکو (خزمەتی گشتی) نافامن بۆیە دۆخەکەیان خراپکردوە، دەی منو تۆش هەمان کێشەمان هەیەو سیاسەت وەکو خزمەتی گشتی نافامین بۆیە ناتوانین چاکیکەینەوە!
سەیرکە منو تۆ خوازیارین دۆخی یەکێتی لەوە داوەشاوتربێ کە هەیە، لەکاتێکا خراپیی دۆخی یەکێتی، زۆر شتی تری خراپ کردووەو بەرژەوەندی ئێمە لەوەدایە کە دۆخی یەکێتی بڕێك باشبێ!
سەیرکە منو تۆ هیوادارین کابینەکەی پارتی فەشەلبێنێ، بەڵام لەڕاستیدا هەمیشە بەرژەوەندی هاوڵاتی لەوەدایە کە حکومەت لە ئیشەکانیدا سەرکەوتووبێت!
سەیرکە منو تۆ خوازیارین گۆڕان لەو مەسەلەی چاکسازییەدا فەشەلبێنێ و لەناو حکومەتدا هیچی بۆ نەکرێ، لەکاتێکا بەرژەوەندی ئێمە لەوەدایە کە چاکسازیی بکرێت!
سەیرکە منو تۆ پێمان ناخۆشە ئیسلامییەکان نەرم و بێوەی بن، حەزئەکەین توندو دڕندەبن، تەنیا بۆئەوەی بڵێین: (بەخوا ئیسلامیی فەرقی نیە هەمووی داعشن) لەکاتێکا بەرژەوەندی ئێمە لەوەدایە کە فەرقیان هەبێ و هەموویان داعش نەبن!
سەیرکە منو تۆ حەزئەکەین (نەوەی نوێ) نینۆکی نەبێ پشتی خۆی بخورێنێ، لەکاتێکا ئۆپۆزسیۆنێك هەر هەبێ باشترە لەوەی کە نەبێت!
ئەمەوێ بڵێم وڵات بۆیە بەو دۆخە خراپە گەیشتووە، چونکە دێزییەکە هەمەلایەنەیەو ئێمە لەسەر هەموو مستەواکان مردنی خۆمان و زەرەری ساحێبمان ئەوێ! کاتێکیش هەموومان خەریکی نابووتکردنی یەکترین، ئیتر (دۆخی نابووتیی) هەموومان پێکەوە دروستمانکردوە!
بۆ ئەوەشی سیاسەت لە وەسیلەی نابووتکردنی یەکترەوە، بکەینەوە بە وەسیلەی بیناکردنەوەی وڵات، ئەبێ تێروانینمان بۆ (یەکتر) بگۆڕین!
ئاخر سیاسەت کاتێ وەسیلەی خزمەتی گشتییە، کە ئەویتر هاوکارو تەواوکەربێت، نەك دوژمن و شەیتان! چونکە سیاسەت بە (هیواو متمانە) ئەتوانێ ژیان بەرهەمبهێنێ، هیواو متمانەش لەسەر دوژمن و شەیتان هەڵناچنرێ، لەسەر هاوبەش و هاوکار هەڵئەچنرێ.
سیاسەتی ئێمەش، تا مەیدانی (یەکترنابووتکردن)بێت، هیچی لێ سەوزنابێ، هەموو هەنگاوێکیش بۆ تێپەڕاندنی ئەوە جێگەی دەستخۆشییە، ئەگەرچی لە فەزای پۆپۆلیزمدا باجیشی هەیەو ئافەرینی کەم بۆئەکرێ!
لێرەدا بەشداریی گۆران لە حکومەتدا، ئەگەرچی لە زۆر گۆشەی ڕێکخراوەیی و ناڕێکخراوەییەوە ڕەنگە سلبیی بێت، بەڵام لەوێدا ئیجابییە، ئەگەر هەنگاوێکی تیپەڕاندنی شەیتاندن و بەدوژمنکردنی یەکتربێت، لە کۆمەڵگاو سیاسەتی ئێمەدا!
لێرەدا من لەخۆمەوە دەستپێئەکەم و هیوایەك بەوانە ئەدەمەوە کە دوێنێ بێهیوابووم لێیان!
مەسەلەن ئەگەرچی من یەکێکم لەوانەی کە هیوادارم ڕۆژێک مەسرور بارزانی لەسەر کەیسی سەردەشت و زۆر شتی تر، لەناو قەفەسی دادگادا ببینمەوە، بەڵام هیواداریشم مەسرور، باوکی و ئامۆزاکەی تێپەڕێنێ، بەوەی کە بۆ یەکەمجار لەسەردەمی حوکمی ئەودا، هەنێ کەس لەسەر گەندەڵی بدرێنە دادگا!
چونکە فەسادی مەرکەزیی کێشەیە، بەڵام (وردبوونەوەی فەساد بۆ مافیاگەریی) کێشەیەکی زۆر گەورەترەو هەموو وڵات چوار مافیا حوکمی بکەن، باشترە لەوەی هەر گەڕەکێك چوار مافیای تیابێت!
مەسەلەن ئەگەرچی من یەکێکم لەوانەی کە پێموایە سەردەمی قوباد تاڵەبانی، خراپترین سەردەمی زۆنی سەوزە، بەڵام هیواداریشم یەکێتییەکان زۆرترین پشتیوانیی ئەو کوڕە بکەن، چونکە جگە لەو، حەرەسی قەدیم و جەدیدی یەکێتی، هەرهەموویان ئەهلی کەڵبەو نینۆکن!
مەسەلەن ئەگەرچی من دژی بنەماڵەگەریی سیاسییم، بەڵام تازە بمانەوێ و نەمانەوێ (نماو چیا) لەناو گۆڕاندا کاریگەری و دەسەڵاتیان هەیە، دەی کە هەیانە هیوادارم بە ئاڕاستەیەکی باشدا بەکاریبێنن و گەنجی (پاك و ئیشکەر) بنێرنە حکومەت، نەك خەڵکی (گەندەڵ و قسەکەر)!!
گۆڕان بۆ مەسەلەی چاکسازیی داوای کات لە ئێمە ئەکەن، دەی باشە کات بۆ ئێوە، بەڵام پێشەکی وەکو دڵنیایی و نیازپاکی، ئێوەش خەڵکی (گەندەڵ) مەنێرن بۆ (چاکسازیی)!!
ئاخر تۆ کە کۆنە مەسولێکی گەندەڵی یەکێتی بکەیت بە (وەزیری دارایی)! ئیتر من کاتت پێ نادەم و ئەوەش بڕیاری پێشوەختە نیە بەڵکو بڕیارە دروستەکەیە، چونکە کورد ئەڵێ (با پێستەکە گورگ نەیبا) دەی تۆ گورگەکە بکەیت بە وەزیری پێستەکە چۆن نایبا؟؟
تۆ شەڕی حیزبایەتیت لەگەڵ حیزبەکانی تر هەیە، ئۆکەی، کەسێک دانێ کە نەکڕدرێ و دوو ڕۆژی تر نەبێ بە پارتی.
تۆ لە ناوخۆدا شەڕی تەکەتولت هەیە، ئۆکەی، کەسێك بنێرە کە سەربەخۆتبێ و کێشەت بۆدروستنەکا..
بەڵام شەڕی ئەساسیی تۆ شەڕی گەندەڵییە، نابێ ئەو شەڕە بچوکانە شەڕە گەورەکەت لەبیربەرنەوە!
ئاخر ناردنی (گەندەڵێك بۆ چاکسازیی) جگە لەوەی کارەساتە نوکتەشە ها، دوایی خەڵك جگە لەوەی لێتان تووڕەئەبن پێشتان ڕائەبوێرن!