با قوباد تاڵەبانی ببێته پارێزگاری کەرکوک

لەلایەن ستاندار Posted on 322 جار بینراوە

کارۆخ رەشید

لە ئێستادا لەسەر ئاستە گشتیەکەدا،کەرکوک بۆتە خاڵی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی،وە کاتێک دێینە سەر ئاستە تایبەتەکە،دەبینین خاڵی هاوبەش و ناکۆکیش هەن لەسەر خودی کێشەکە.بە جۆرێک لەسەر ئاستی گشتی کەرکوک، دەستەواژەی(ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک)،ئەگەر بە دروشمیش بێت،خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو حزبە و میکانیزمی جێبەجێ کردنی ئەو دروشمەش،کە سەرەکیترین ڕێکاری دانانی پارێزگارێکی کوردی سەر بە یەکێتیە،بۆتە خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوو حزب.

ئەگەر چی لە سەرەتای دانوستانەکاندا،پارتی بە تەواوەتی دانانی پارێزگارێکی کوردی سەر بە یەکێتی ڕەت دەکردەوەو داوای پارێزگارێکی بێ لایەنی دەکرد،بەڵام لە ئێستا لەم داواکاریەی سازشی کردووەو ڕازیە بە دانانی پارێزگارێکی سەر بە یەکێتی،بەڵام پارتی دیسان لەمەدا مەرجی هەیەو دەڵێت؛پێویستە یەکێتی کەسێک کاندید بکات کە جێگای ڕەزامەندی پارتیشی لەسەر بێت!

لەسەر ئەو ئەساسەو لە پێناو زیاتر تەشەنەنەکردنی ناکۆکیەکە،یەکێتی سەر باری ئەوەی لە کەرکوک زۆرینەیەو خاوەنی شەش کورسی پەرلەمانی عێراقە،هاتۆتە ژێر باری ئەوەی کە زیاتر لە کاندیدێک بخاتە بەر دەستی پارتی و ئەویش یەکێکیان هەڵبژێرت.بەڵام تا ئێستا پارتی سەرجەم کاندیدەکانی ڕەت کردۆتەوەو ڕەزامەندی لەسەر هیچیان دەرنەبڕیوە.

لێرەدا بۆ کردنەوەی ئەو گرێ کوێرەیەو بۆ بنبڕکردنی بیانوی پارتی،پێویستە کاک قوباد تاڵەبانی،وەک کوڕی سەرۆک مام جەلال،پێگەی مەعنەوی خۆی لە جێگری سەرۆکی حکومەت بە گەورەتر بزانێ و لە بری ئەوە بە ئەرکی نەتەوەیی و حزبی خۆی هەڵسێ و خۆی کاندید بکا بۆ پارێزگاری کەرکوک و بۆ ئەم قۆناغە ببێتە فریاد ڕەسی ئاسایی کردنەوەی دۆخی نا سروشتی ئەو شارە!

کاک قوباد هەم لە ناو خۆدا کەسایەتیەکی میان ڕەوەو زۆر جار لێدوانەکانی بۆتە مایەی هێور کردنەوەی ناکۆکیەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی تر،هەمیش لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بە هۆی ئەوەی کوڕی سەرۆک مام جەلالە.ڕێزی دەگیرێ و خاوەن میراتێکی مەعنەوی گەورەیە لە پەیوەندی و دۆستایەتی.وە دڵنیام بەو شێوەیە خۆشی گەورەتر و بە پێگە تر دەردەکەوێ و زیاتریش دەبێتە جێگای ڕەزامەندی کادرو جەماوەری یەکێتی!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.