ستاندەر
پارتی دیموکراتی لەسەر قسەكانی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی لە دژی مەسعود بارزانی کە بە پیاوێکی بچوک وەسفی کردبوو، پارتی ئامادە نیە لەگەڵ یەكێتی کۆبونەوە ئەنجام بدات ، بە پێی هەواڵێکی رۆژنامەی زەمەن،یەکێتی نیشتیمانی بە مەبەستی یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و پێكهێنانی كابینەی نوێ، تائێستا دووجار داوای كۆبوونەوەیان لە پارتی كردووە، بەڵام مەكتەبی سیاسی پارتی ئامادەنین دابنیشن لەگەڵیاندا.هەر بەپێی زانیاری ڕۆژنامەکە کە لە سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی وەرگرتووە ، پارتی پێیان وتووین تا بە فەرمی مەكتەبی سیاسی یان وتەبێژی یەكێتی داوای لێبوردن لە بارزانی نەكات، ئەوا ئامادەی دانیشتن نین لەگەڵتاندا. كە هۆكارەكەی نیگەرانی ئەوانە له قسەكانی مەحمود سەنگاوی، سەرچاوەكەی “زەمەن” ئاشكرایكرد، لەكاتی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا، بەرهەم ساڵح داوای لێبوردنی بە نێچیرڤانی بارزانیدا ناردووە بۆ بارزانی و مەكتەبی سیاسی پارتی، بەڵام پارتی رەتیانكردووەتەوەو وتوویانە دەبێ ئەو داوای لێبوردنە بە فەرمیی بێ.
بەپێی قسەی سەرچاوەكەی “زەمەن”، بەرهەم ساڵح تەنانەت بە نێچیرڤان بارزانی وتووە “رای یەكێتی ئەوەیە كە من و قوباد تاڵەبانی له رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدا باسمانكرد. ئەگەر رای یەكێتی ئەو گوزارشتكردنەی مەحمود سەنگاوی بوایە، ئەوا من ئەورۆژە بەو شێوەیە باسی كاك مەسعودم نەدەكرد”.
لە ئێستادا فیگەرەكانی خاوەن بڕیارو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوون بە دوو بەشەوە بەشێكیان پێیانوایە “بۆ ئاوكردن بەو ئاگرەدا” بە ئاشكرا داوای لێبوردن بكەن و بەشێكەی تریان توندن و لەگەڵ پۆزشهێنانەوەو داوای لێبوردندا نین. وابڕیاریشە ئەمڕۆ سێشەممە، مەكتەبی سیاسی پارتی كۆببێتەوە بۆ ئەوەی دوایین هەڵوێست لەو كێشەیە لەبەرامبەر یەكێتی رابگەیەنێت.