بژاردەکانی یەکێتی لەدژی حکومەتی پارتی

لەلایەن ستاندار Posted on 219 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

ماوەیەکە سەرکردایەتی یەکێتی رۆژانە فشارێکی زۆر ئەخەنە سەر سەرکردایەتی پارتی لەبارەی کێشەی کەرکوکەوە . زۆرجاریش فشارەکان ئەگەنە ئاستی ھەڕەشە لەکابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێم و، بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی بەراشکاوی باس لەھەندێ بژاردە دەکەن لەحاڵەتی بەدەنگەوە نەھاتنی پارتی بۆ داواکارییەکانیان ..

جارێ پێش ھەمو شتێک کێشەی دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک ، کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نیە ئاییندەو چارەنووسی ھەموو ھەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە ، چونکە نزیکەی دوو ساڵە کەرکوک بێ پارێزگارێکی کوردە ، جگە لەوەش ماوەیەکی زۆریش نەماوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، بە واتایەکی روونتر ئەم کێشەیە دوای ماوەیەکی کەم خۆی لەخۆیدا چارەسەر ئەبێ بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی تازەو دانانی پارێزگارێک لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە .

لەلایەکی تریشەوە لیستی کوردی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچەند لایەنێک پێکھاتوە ، لانیکەم ھەر لایەنێک مافی ئەوەی ھەیە بەشدار بێت لەھەڵبژاردنی ناوێک بۆ ئەو ماوە کورتەی لەبەردەم پارێزگار دایە ، بەواتایەکی تر ئەبێ سازانێکی گشتی ھەبێت لەنێوان لایەنەکانی لیستە کوردیەکە لەمبارەیەوە .

بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی کە ھەڕەشەی بایکۆتی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لەکوردستاندا ئەکەن ، ھەندێ بژاردە ئەخەنە بەردەم خەڵکەوە کە پێموایە ھیچیان بژاردەی واقیعی نین ئەگەر مەحاڵیش نەبن .

بەپێی زانیاریەکانی خۆم ، ئەو بژاردانە لەسێ تەوەردا خۆیان دەنوێنن ، ئەگەرچی تا ئێستاش بەراشکاوی ئەو بژاردانە ئاشکرا نەکراون ، بەڵام بەپێی زانیاریە دزەپێکراوەکان بەشێکیان باسیان لێوە ئەکرێت لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا .

بژاردەی یەکەم : بایکۆتی بەشداریکردنی یەکێتییە لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم بەسەرکردایەتی پارتی و گەڕانەوە بۆ بەغدا . بەپێی ئەم بژاردەیە یەکێتی ناچێتە ناو حکومەتی داھاتووی ھەرێم و ھەوڵئەدات مووچەی فەرمانبەرانی زۆنەکەی خۆی بخاتەوە سەر بەغداو لەسەر ئەساسی پارێزگاکان مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات . بەڵام ئەو بژاردەیە ناواقیعیەکەی لەوەدایە کەوا بەغدا ئەگەر بشتوانێ مووچەی فەرمانبەران بەپێێ پارێزگاکان بۆ زۆنی سەوز بنێرێ ، بەڵام ناتوانێ بودجەی ساڵانەی ھەرێم بکاتە دوو کەرتەوەو بەشی زۆنەکەی یەکێتی پێبدات ، چونکە بەپێی یاسا بەغدا لەگەڵ ھەرێم مامەڵە ئەکات، ئەمەش لەدەستوورو یاسای بودجەدا جێگیرکراوە ، کەواتە زۆنەکە لەرووی خزمەتگوزارییەوە ئەکەوێتە ناو قەیرانێکی قووڵی داراییەوە کە دانیشتوانەکەی بەرگەی ناگرن و ئامادەش نابن بەرگەی بێ بودجەییش بگرن .

بژاردەی دووەم وەکو ھەندێ لەسەرکردەکانی یەکێتی ئاماژەی پێئەدەن بێ ئەوەی بوێرن بەروونی بیخەنە بەردەم جەماوەرەکەیانەوە ، ئەویش بژاردەی راگرتنی ھەناردەی نەوت و گازە لەناوچە جێنفوزەکانی خۆیەوە وەکو ئابڵوقەیەکی ئابووری بەسەر حکومەتی داھاتوی ھەرێمەوە . تەنانەت ھەندێکیان باس لەوەش دەکەن کە خۆیان ھەوڵئەدەن نەوت بفرۆشن وداھاتەکەی بۆ زۆنەکەی خۆیان ببەن . ئەمەشیان دیسان بژاردەیەیکی سەخت و مەحاڵیشە . چونکە راگرتنی نەوت واتای برسیکردنی میللەت و بێبەشکردنی ملیۆنان مووچەخۆری ئەم ھەرێمەیە لەبژێوی ژیانیان . لەلایەکی تریشەوە تورکیا وەکو ھاوبەشێک لەپرۆسەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم ، ھەڵبەت بێدەنگ نابێت ئەگەر رێگە لەو داھاتانەی بگیرێت کە لەرێگەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمەوە دەستی ئەکەوێ ، بەتایبەتیش چەندین رێکەوتنی نەوتی لەگەڵ حکومەتەکانی پێشووتری ھەرێمدا ھەیە ، بۆیە مەحاڵە تورکیا بێدەنگ بێت لەم ئابلوقەی یەکێتی بەسەر نەوتەوە . لەلایەکی تریشەوە تەنانەت یەکێتی ناتوانی لەرێگەی تەنکەریشەوە نەوت ھەناردەی ئێران بکات چونکە ئێستا ئابڵوقەی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا سات لەدوای سات تووندتر ئەبێت ، ئەمریکا رێگا نادات نەوتی ھەرێم لەرێگەی ئێرانەوە ساخبکرێتەوە ، یاخود مامەڵەی بازرگانی زۆنی سەوز لەگەڵ ئێرانی دوژمنیدا بگاتە ئاستێک زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بگەیەنێت لەناوچەکەدا.

بژاردەی سێیەمیان ، دوو ئیدارەییە . ئەو سەردەمەی کە دوو ئیدارەیی لەھەرێمدا دروست بوو ، ھەلومەرجێکی ناوخۆیی وئیقلیمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش ھەبوو کە یارمەتیدەر بێت بۆ قبووڵکردنی دوو ئیدارەیی لەھەرێمی کوردستاندا، بەڵام سەرەنجام بینیمان ئەمەریکا بەھەموو سەنگی خۆیەوە ھاتە ناو پرۆسەکەو ھەردوو حزبی پارتی ویەکێتی ناچارکرد کەوا حکومەتەکەیان یەکبخەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا پێی خۆش نەبوە دوو ئیدارەی جیاواز ھەبێت لەھەرێمدا ، جا ئەو کاتی ھێشتا سامانی نەوتیش لەھەرێمدا دەرنەکەوتبوو ، دوژمنایەتی ئێرانیش لەئارادا نەبوو ، ئێستا ئەمریکا کە ھەموو توانایەکی خۆی خستۆتەگەر بۆ دابینکردنی ئاسایشی باخچەکەی دواوەی ، واتا ئەو ناوچەیەی ئێستا لەعیراق و ھەرێمیشدا وەکو ناوچەیەکی دۆستی خۆی تەماشای دەکات ، بخاتە حاڵەتێکی شێواوەوە کە کاریگەریەکی خراپی ھەبێت بەسەر پلانەکانی لەناوچەکەدا .. جارێ لەلایەکەوە خەریکی پلانێکی گەورەیە دژی ئێران ، لەلایەکی تریشەوە مژوولی پلانێکی ئیقلیمی گەورەترە بۆ چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان ، ھەڵبەت رێگا نادات کێشەیەکی ئاوا گەورە لەناوچەکەدا قووت بێتەوەو پلانەکانی بخانە مەترسییەوە . بۆیە ئەم بژاردەی دوو ئیدارەییش سەر ناگرێ و بژاردەیەکی ناواقیعیانەیە لەم ھەلومەرجە ئیقلیمی ودەوڵەتییەوە .

سەرباری ئەم ھەموو ئاستەنگەی دێنە پێشەوە لەمەسەلەی ململانێکانی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا ، پێموایە ھۆکاری تریش ھەن کە رێگر بن لەبژاردەکانی یەکێتی ، پێش ھەموشیان مامەڵەی ئێستای بەغدایە لەگەڵ دەسەڵاتی ھەرێم کە خۆی لەپەیوەندی بەغدا بە سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتەوە ئەبێنی کە دوو دامەزراوەی شەرعی ھەرێمی کوردستانن و لەدەرەوەی ئەم دوو دەزگایە بەغدا ناتوانێ تاکلایەنە لەگەڵ ھیچ حزبێکیتر مامەڵەی یاسایی بکات .

بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک پێموایە ئەبێ یەکێتیش بایی خۆی نەرمی بنوێنێ لەبەرامبەر پارتیداو ئەو کێشەیە وا گەورە نەکات وەزعی ھەرێمەکەمان بگاتە دۆخە مەترسیدارەکەی براکوژییەوە ، چونکە بەڕاستی کەرکوک ئەمرۆ بۆتە بۆمبە تەوقیتکراوەکەو ھەمیشە مەترسیی تەقینەوەی ھەیە، بۆیە رێکەوتن و سازان لەسەر کاندیدێکی بێلایەن تا ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک باشترین بژاردەیە ، با ھەڵبژاردنی داھاتوو ئەو کێشەو ملمڵانێیەی پارتی و یەکێتی لەسەر کەرکوک حەسم بکات ..

بۆ مەسەلەی بەشداری یەکێتی لەحکومەتی داھاتووی ھەرێمیشدا، پێموایە حکومەتەکە بەبێ یەکێتیش دائەمەزرێت و پۆستەکانی یەکێتی بەبەتاڵی ئەمێننەوە وەکو ئەوەی بەغدا کە زیاتر لەساڵ و نیوێک چەندین پۆستی گرنگ بەھۆی ململانێی حزبەکان پڕ نەکرانەوە، ئەوەی ھەرێمیش ھەر ئەمەیان چارەسەرە ، کە دڵنیام لەکۆتاییشدا یەکێتی ھەر ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ ناو حکومەت ، کە ئەمەش تاکە بژاردەی سەرکەوتوانەی ئەبێت ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.