ناوچە جێناکۆکەکان پێویستییان بەدەسەڵاتدارە یاخود بەستراتیژیەتی سەوزکردن و بیناکردن؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 221 جار بینراوە

سەنگەر رسول

ئەگەر کەرکوک وەک نموونەیەکی دیاری ناوچە جێناکۆکەکانی عیراق وەربگرین، لەو شارەدا بتەوێت بەبایسکلێکەوە بەناو کۆڵان و شەقامەکانی بسوورێیتەوە، ئەوا راستەوخۆ تووشی گرفتی نارێکی رێگەوبان، نەبوونی کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەجیاتی بەکارھێنانی ئۆتۆمبێل و پیسکردنی ژینگە روو لە لێخورینی بایسکیل بکەن دەبنەوە! ئەو خراپییەی کە سروشتی شارەکە ھەیەتی جیاوازی ناکات لەوەی کە تۆ کوردیت، تورکمانیت یاخود عەرەب! بەڵکو لەنارێکی و خراپی ژینگەکەی شارەکە ھەمووان وەک یەکن.
ئەگەر لەنموونەی بایسکیلەوە بپەڕینەوە بۆ سەوزکردنی شار، ھاووڵاتی ئەو جێناکۆکانە مرۆڤن وەک ھەر مرۆڤێکی دیکەی پاریس و لەندن و تۆکیۆ، ھەروەھا زیاتر لەدروشمی ئاینی و وانەی مێژووی و لیستی قوربانییەکان پێویستییان بەسەوزایی و درەختە چونکە ئەگەر پارێزگارەکە عەرەب بوو مانای وانییە شار بۆ ئەوان فێنکترە! بەڵکو شار بەزیادکردنی سەوزایی و درەخت و پارکەوە ھەم ژینگەیەکی خاوێن و ھەمیش ئارامییەکی رۆحی و شاریش جوانتر دەکات!
بۆیە ھەر کەسێک و لایەنێک بیەوێت حوکم و خزمەتی شاری کەرکوک بکات دەبێت لەوە تێگەیشتبێت کە لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا خەڵکی ئەم شارە لەحوکمی مەلیکییەوە بگرە تا دەگاتە ئەمرۆ ھەموو جۆرە حوکمرانییەکییان ئەزموون کردووەو ھیچ کاراکتەرێکیش نەیتوانیوە خۆی لەدڵی خەڵکی وەک فریاد رەس و پاڵەوانێک جێ بکاتەوە؟! لەبەر چی؟ لەبەر ھۆکارێکی زۆربچووک، چونکە حوکمرانەکانی رابردوو زیاتر بەتەنگ کۆدەنگی سیاسی و ئاینی و قەومی و مفاوەزاتی سیاسییەوە بوون نەک کۆدەنگی ھاووڵاتییان و مفاوەزاتی چۆنییەتی باشترین بنیادنان.

ئەگەر چاوێک بەمێژووی گفتوگۆو پلانەکانی حوکمڕانەکانی رابردووی کەرکوک بگێرینەوە دەبینین سەرجەمییان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و خاریتەیەکی سیاسییە کە ھیچی لێ شین نەبووە! لەپاڵیشیدا کەمترین گفتوگۆو کامپەین ھەبووە بۆ بیناکردن و نۆژەنکردنەوەو سەوزکردنی ئەو شارە. بۆ نموونە ئەگەر نموونەیەک وەربگرین ھەر وەک بەراوردکاری، کە ناوچەیەکی ئاوەدان و پێشکەوتووی وەک ئێل-دی-فرانس لەفەرەنسا لەچاو ئەو ھەمووە پێشکەوتنەی کە بەدەستییانھێناوە (بەبەراورد بەعیراق و ناوچەی ئێرە)، کە زیاتر لە ١٢٨٠ شارەوانی لەخۆ دەگرێـت، ئەوا بەتەنھا بۆ پێشخستنی رێژەی سەوزایی و ئابووری ناوچەکەو بیناکردن کە لەماستەرپلانی ساڵی ٢٠٠٨ دا ھاتووە؛ ٥١ وۆرکشۆپ و بەشداری پێکردنی ٥٠٠٠ کەس لەکۆنفرانس و فۆرومەکانی لەسەر ئەو بابەتە بەشداری پێکردووە، ٥٠ ھەزار وەڵامی راپرسییەکانیان لەبارەی ماستەر پلانی شار وەرگرتۆتەوەو زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار لیفلێت و نامیلکە لەبارەی پلانەکان خراونەتەروو. ئەم نمونەیە بۆ ئەوە نییە کە ھاوتای ئەو ناوچەیە بکرێت بەڵکو ئەو نموونەیە بۆ ئەوەیە بپرسین بۆ بنیاتنانەوەو سەوزکردن و گەشانەوەی ئابووری چەند ھەوڵدراوە؟ بەبەراورد بەکێشە سیاسی و قەومی و ئاینییەکان؟ بۆیە ھەقوایە بەشی توێژینەوە کار بکات بۆ دەرخستنی ئەو راستییانە کە بە ملیۆنەھا دۆلار لە نزیککردنەوەی پێکھاتەو ئاین و سیاسییەکان خەرجکراوە (ھەوڵێکی خراپ نییە و دەکرێت ھەبێت) بەڵام لەپاڵیدا چەندی بۆ جوانکردن و بەشارکردن خەرجکراو و خۆیان ماندوو کردووە؟
بۆیە ناوچە جێناکۆکەکان بەر لەوەی پێویستییان بە دەسەڵاتدارو پارێزگار ھەبێت لەھەر کاتێک و لەھەر شتێک زیاتر پێویستییان بە ستراتیژییەتی بنیاتنان و گەشانەوەی ئابووری ھەیە. چونکە لەھەموو جیھاندا ئیشی پارێزگار نییە رۆڵی قەزا بگێڕێت و دادپەروەری لەنێوان پێکھاتە قەومی و ئاینییەکان دەستەبەر بکات، بەڵکو کاری بنیادنانی شارەو پاکراگرتنییەتی! کاری دروستکردنی پردە کە لەدواجاردا کوردو عەرەب و تورکمان و کریستیانەکانی شار ھەمان پرد پێکەوە بەکاردێنن بۆ چوونە قوتابخانەو بازارو سەرکار.
خێزان و ھاووڵاتییانی کەرکوک ھەبوونی پاسی مۆدێرن و پابەند کات-رێکخراوو پردی کورتبرو پارکی پڕ لەیاری منداڵان و شەوانی رووناک ئەو ھەستەیان لا دروست دەکات کە پێویستە ئەو دەسەڵاتدارەی ئەو شتانەی فەراھەم کردووە دەرفەتی مانەوەی پێبدرێت لەسەر حوکم نەک دروشمی قەومی ودینی!
بۆیە پارێزگارو دەسەڵاتداری سەرکەوتوو ئەو کەسە نییە کە ئەوەندە موجامل بێت دڵی ھەموو پێکھاتەکان رازی بکات! بەڵکو حوکمرانی سەرکەوتووی شارەکان ئەو کەسەیە کە دەتوانێت بەر لەھەموو شتێک ھەم پرۆژە بێنێتە بەرھەم ھەمیش لەدابەشکردنی پرۆژەکاندا ھیچ چاویلکەیەکی قەومی و دینی نەبەستبێ!
ئەو ناوچە جێناکۆکانەش کەسانی سیاسی و رەوان لەخیتابی سیاسی گەرەک نییە و ئەوەش ناڵێین کە کاندیدەکان حزبی نەبن و بێلایەن نەبن! بەپێچەوانەوە دەبێت پارێزگار لەبەھێزترین پارتی سیاسی شارەکە بێت تاوەکو بتوانێت کۆ دەنگی لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی دروست بکات و جێبەجێکردنیان سانا بکات! ئەوخەسڵەتەی کە پێویستە تێیدا ھەبێت ئەوەیە دەبێت ئەو پارێزگارە یاخود شارەدارە بەلایەنی کەمەوە لەماستەر پلان و ئەندازیاری شارەزا بێت چونکە خزمەتکردنی شار کەسانی تەکنیکاری گەرەکە نەک کامپەین و خەتیب و ئاشنا بەکاری سەر کاغەز!
بۆیە بەر لەدانانی ھەر پارێزگارێکی داھاتوو بۆ کەرکوک دەبێت ئەو پارێزگارە ببێتە مۆدێلی نموونەیی لەحوکمرانی شارو تکایە بەبێ ماستەر پلان و پرۆژەی بنیادنان، رەقورووت مەینێرنە سەر کورسی!
ئیدی بۆ عیراق و ناوچە جێناکۆکان ھەمان پرەنسیپ کە بۆ کەرکوک خستمانەروو گرنگە، چونکە لەشیعرو دروشم و خیتابی رق لێبوونەوەو دینی و سیاسی، خەڵکی عیراق و ئەو ناوچانە پێویستییان بەچارەسەری پاک راگرتن و کێشەی زبڵ و کەمئاوی و ئاوی خاوێن و بەرھەمی کشتوکاڵی و بیناو رێگاو بان ھەیە! تیرۆرێکی دیکەی حوکمرانی ھەیە بوونی ھەیە ئەویش پیسکردنی ژینگەی عیراقییەکان و تێکدانی شارەکان و تووشکردن بەنەخۆشی و موجازەفەی رێگاو بان و خنکاندنییانە لەناو رۆتین!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.