بارەگای بارزانی و مەرجەعبوون

لەلایەن ستاندار Posted on 314 جار بینراوە

دانا مه‌نمی

بارەگای بارزانی مێژوویەکی دێرینی لە ناو پارتی دا ھەیە ، مەلا مستەفا پێش شۆرشی ئەیلول کێشەی لەگەڵ بەرپرسەکانی پارتیدا ھەبوو ،بەھۆی ئەو کێشانەوە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی مەلا مستەفا بارەگای خۆی لە پارتی و و بەرپرسەکانی پارتی جیاکردەوە چیدی لێدوانەکانی بە ناوی خۆیو بارەگای بارزانییەوە بوو نەک پارتی و مەکتەبی سیاسی ، دوای کۆنگرەی ھەشتەمی پارتی ساڵی ۱۹۷۰ لە ناو پردان ، ئیدریس و مەسعود بارزانی بوونە ئەندامی ئەو بارەگای بارزانی تا ئاشبەتاڵی پارتی لە ساڵی ۱۹۷٥ ئەو بارەگایە مایەوە .

لەئێستا دا ئامانج لەبوونی بارەگای بارزانی بەمەرجەعبوون و ناساندنی خودی مەسعود بارزانی یە ، لەکاتێکدا کە ئەم بارەگایە ھیچ سیفەتێکی یاسایی و دەستوری نییە و بریارێکی حیزبییەو بۆ ئەوەیە کە بە کۆمەڵگای کوردی بڵێن مەسعود بارزانی (واحید الئەحەدە) ! مەلا مستەفا لە ناو بارەگای بارزانیدا زۆر ئیمانی بەحیزب نەبوو زۆریش کاریگەری حیزبی بەسەرەوە نەبوو ، بەڵام مەسعود بارزانی عەقڵ و سایکۆلۆجیەتی بەرەو حیزبی بوون دەروات و حیزبیانە بیردەکاتەوەو خەسڵەتەکانی پارتی زیاتر لەتوخم و ڕەگەزی مەسعود بارزانی تێدایە و ناتوانێت دەوری مەلا مستەفای باوکی ببینیت .

بارەگای بارزانی دامەزراوەیەکی نیشتیمانی نییەو ناتوانێت نوێنەرایەتی ھەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بکات ،ناچێتە خانەی نیشتیمانیەوە تا پێناسەی نیشتیمانی بۆ بکرێت ،بەڵکو دەچێتە خانەی حیزبیەوەودەتوانین بڵێین : بارەگای بارزانی بریتییە لە دیوەخانێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی کە پەیوەندییەکانی مەسعود بارزانی دەبەستێتەوە بە حیزب و سەرکردە کوردستانی و عێراقی و وڵاتانی ھەرێمی و نیودەوڵەتییەوە “.

مەرجەع لەمانای زمانەوانیدا بە واتای سەرچاوەی گەرانەوەی حیزب – حکومەت – خەلک بۆ ھەر پرس و ڕایەک کە ھەیان بێت ، مەرجەعیەت لە ئەدەبیاتی سیاسی و ئاینی دا سەرچاوەی بڕیارو رێبەریکردنی خەڵکە ، پارتی دەیەوێت بە زۆرەملێ مەسعود بارزانی بکاتە مەرجەعی کوردستان ،وەک چۆن ئێستا لە عێراقدا شیعەکان مەرجەعیەتیان لە کەسایەتی سیستانی دا بەرجەستە کردووە ، فارسەکان خومەینی و تۆرانیەکانیش لە ئەتاتورک و میسرییەکان لە عەبدولناسردا بەرجەستەیان کردووە ، بەڵام نە سیستانی و نەئەتاتورک و نە عەبدول ناسریش لای نەتەوەکانیان قبوڵکراو نییە و خەڵک خەون و خولیای تری ھەیە بۆ ئایندەی خۆیان ، لە کوردستانیش کاتی خۆی مەلا مستەفا نەیتوانی ببێتە مەرجەعی ھەموو کوردستان ، چونکە لە ناو پارتیدا لەسەرەتای دروستبونیەوە لە ھاوپەیمانی عەشایەری و خێلەکی پێک ھاتبوو بۆ ئەوەی کاریگەری بەسەر تیرە و عەشیرەتە کوردەکانی ناوچە جیاوازەکانەوە ھەبێ ، مەلا مستەفا وەک نوێنەری خێڵی بەرزانیەکان و ناوچەی بادینان، شێخ لەتیف شێخ محمود وەک نوێنەری بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید و ناوچەی سلێمانی، کاکە زیاد غفوری وەک نوێنەری ناوچەی کۆیە و دەوروبەری.

بەڵام بەھۆی عەقڵیەتی ناوچەگەرێتی و خیڵەکی و بنەماڵەییەوە ململانێی نیوان سۆرانیەکانی ناو پارتی و بادینییەکان تا دەھات قوڵتر دەبوون کە دواجار جیابونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی ھاتە ئاراوە ، لەو قۆناغەشدا پارتی حیزبێکی بنەماڵەیی بێفکر بوو زاڵبوونی حەزی ناوچەگەرێتی بەسەر خواستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر ململانێکانی ناو پارتی دروست کرد ، دوای قوڵبونەوەی ململانێکان پارتی کۆنگرە لە دوای کۆنگرە پاشەکشەیان بە سۆرانیەکان کرد ،لەدوای ڕاپەڕین و ئەنجامەکانی شەڕی ناوخۆ ھەرێمی کوردستانیان دوو کەرت کرد بۆ زۆنی سەوزو زەرد .

مەسعود بارزانی بەر لەوەی مەرجەعی باڵای کوردستان ! بێت نەیتوانیووە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ یەکێتی و گۆران و ھەتا پەکەکەو پەیەدەو کۆمەڵەو دیموکرات و کوردانی باکورو رۆژھەڵات و رۆژئاوا ھەڵبداتەوە ،جگەلەوەش تەنانەت نەیتوانیوە لەگەڵ سلێمانیزادەکان و گەرمیانیەکان و کەرکوکییەکانیشدا زەمینەسازی بۆ پێکەوە بوونی ئاشتیانە بنیات بنێت ، لەھەمووی گرنگتر مەسعود بارزانی لە ھەناوی حیزبەکەیدا زەمینە بۆ خیڵ و بنەماڵەکەی خۆشدەکات کە لە ھەرەمی حیزبەکەدا بن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.