تێپەڕاندنی سیاسەتی نەتەوەیی گرنگیەکی ریفۆرمی سیاسییە

لەلایەن ستاندار Posted on 205 جار بینراوە

كمال محمد

لە دنیای سیاسی ئێمەدا و بەتایبەت لەم چەن ساڵەی دواییدا چەندین ھێزی سیاسی نوێ ھاتنە کایەوە ،گرنگترینیان بزوتنەوەی گۆڕان بو بەڵام ئەم ھێزانە نەیانتوانیوە لەچارەسەرکردنی گیروگرفتی کۆمەڵگا و ریفۆرمی سیاسیدا ڕۆڵێکی گرنگ ببینن ،بە پێچەوانەوە لە ھاوبەشێتیکردنی باری سیستەم ڕۆڵی خۆیان بینی ،لە ھەموی خراپتر ئەوانەی چاوەروانییان دەکرد سیستەم ھەڵبوەشێتەوەو ریفۆرم و گۆڕانکاری لە سیاسەتدا بکرێت ،ئەمجارە کەوتنە گومان لەوەی کە چیدیکە ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەوانەی ریفۆرمی سیاسی لەپێشینەی بەرنامەکانیان بو بۆ گۆڕانکاری ئومێدێکی چارەسەری نیشاننادات ،ھەربۆیە لە ھێزێکی چارەسەرییەوە کەوتنە ناو ھێزێکی بێچارەییەوە و رۆژ بە رۆژ نرخ و بەھای تەواوی ئەو ھەوڵ و کۆششانەی کە لەلایەن دەنگە ناڕازییەکانەوە بۆ ڕۆشنگەری و گۆڕانکاری خرابونە گەڕ مایەپوچ دەرچو .

ھەلومەرج و زەمینەی سیاسی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ دروستکرنی ھێزێکی نوێ توانای تێپەڕکردنی دۆخەکەی نابێت ،ئەگەر وەک ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشو تەنیا رویان لە جەماوەرێک بێت کە پاشکۆ و وابەستەی دەسەڵات نەبون ،بۆیە شانسی بەدەوامیبونی ھەر ھێزێکی سیاسی نوێ لەم. قۆناغەی ئێستا و داھاتوو گرێدراوی ئەو تایبەتمەندییە ئایدۆلۆژییە کە بە خێرایی چەمکەکانی نەتەوە تێپەڕێنێت ،چونکە کەوتنە نێو رەوشی ھێزێکی سیاسی دیکەی نەتەوەیی و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ھەرێمی ھەر لە سەرەتاوە شانسی سیاسیبونیان وەک ھێزێکی ریفۆرمخواز و جودا لەوانەی دیکە لەدەست ئەدات ،بۆیە ئەم قۆناغەی پێیگەیشتوین خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگە ،ئاخۆ ئەو ھێزە سیاسییەی کە دێتە بوون دەتوانێت وەک بزوتنەوەیەکی رزگاری و ئازادی ھێزی کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕانکاری و پێشکەوتنە سیاسییەژیانییەکانی ھەبێت و ئاشنای جیھانی راستەقینەی سیاست و رێکخستنی سیاسیان ھەبێت ،

دروستبونی ھەر ھێزێکی نوێ لەم قۆناغانەی داھاتوودا تەنھا ئەوە نییە لە بانگەشەکانیدا بڵێ ئەم رەوشەی رویداوە پێویستی بە دامەزراندن سەرھەڵدانی ھێزێکی نوێیە و بەتەنھا گۆڕانکاری بکات بە ئەنجامی بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی حیزبێکی نەتەوەییدا و شێوازی سیاسی و رێکخستن و چالاکییەکانیان لە سنوری یەک نەتەوەو ھاوئایدیادا ،بۆیە پێویستە ئەو ڕەوتە سیاسییە ھێزی خۆگونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم ڕاستییە نیشان بدات کە چیدیکە ڕۆڵی کلیلی راستەقینەی ریفۆرم نابێت ئەگەر ھاوپەیمانێتی خۆیان لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان نەکەنە بنەمای کاری سیاسییان و ئەم ڕکابەرایەتییەی سیستەم فراوانتر نەکەن ،بۆ ئەوەی لەھەر ئەگەرێکی ئیفلاس پێکردنی نێو خۆیی و دەرەکی ڕزگاریان بێت و دوبارە ئەنجامەکەیان ئەو گێژاوە سیاسییە نەبێت کە ھێزەکانی پێش خۆیان تێیکەوتون کە دیار نییەو نازانرێ کۆتاییان وەک ھێزێکی سیاسی بە چی ئەنجامگیر ئەبێت ،بۆیە پێویستە ھەر ھێزێکی سیاسی ھەوڵی ریفۆرمیزەکردن و لیبڕالیزەکردنی سیاسەت لەو دیو سنورەکانی نەتەوەوە بدات و بە گوێرەی مەزەندەکانی ناوچەکە و نێو خۆی وڵات چەندین پڕۆژەی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سیاسەت و حکومڕانی بھێنێتە ئاراوە کەلەگەڵ سیستەمێکی دیموکراتی نیشتمانی فرە نەتەوەییدا بگونجێت و بەردەوام ئەو توانستە لە خۆ بگرێت کە لە ناوەڕۆکەوە گرێدراوی دیموکراتیزەبون و ئازادییەو مۆدێلێکی نوێی چارەسەری دور لە میلیگەرایی و نەتەوە پەرەستییە ،لەبەر ئەوەی ئەم شێوازە ھەم زیاتر توانستەکانی ریفۆرم بەدەست ئەھێنێت ھەمیش لەگەڵ راستینەیی ئێستای ھەرێم و عێراق کۆک و گونجاوترە ،

گونجاوترین مۆدێلی سیاسی کە پێ ھەڵگرتنێک نیشان بدات تپەڕاندنی سیاسەتی نەتەوەییە بۆ ئەوەی رەوشی قەیران بەلاوە بنێت ،چونکە ئەزمونی ساڵانی ڕابردو ئەوەی نیشانداوە کە ناتوانرێت دەست بۆ بابەتی سەرەکی ریفۆرم ببرێت ھەتا موحافەزەکاری راستەقینەی دەسەڵات نەبێتە ھێزێکی شۆڕشگێڕی رێفۆرمیستخواز بۆ ئەوەی خزمە گشتییەکانی بۆ توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بێت ،کە ئەمەش بۆ ڕیفۆرمێکی ریشەیی مەرجە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.