مەترسییەکانی دوای جەنگی” داعش”

لەلایەن ستاندار Posted on 336 جار بینراوە

پشتیوان جەمال

جەنگی دروستکراوی (داعش) تەواو بوو، بەڵام مەترسییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هێشتا تەواو نەبوونە و پێویستە بەرپرسانی حیزبە کوردیەکان تێڕوانینێکی فراوانتریان هەبێت بۆ مەترسییەکان. مەترسی بۆ سەر ئەمنیەتی کوردستان تەنها هێرشی هێزێکی سوپایی وەکو داعش یان هاوشێوەکەی نییە، بەڵکو هەندێک ڕەهەندی وردتر و ئاڵۆزتر هەیە،پێویستە بەگرنگیەوەلێیان بڕواندرێت:

یەکەم: مەترسی دۆخی سیاسی. مەبەست لە مەترسی سیاسی کێشەی سیاسی ناوخۆیییە لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا،بەتایبەت لەنێوان یەکێتی وپارتی دا کەدوو حیزبی دەسەڵاتداری خاوەن هێزی ئەم هەرێمەن، نزیک دەبینەوە لە نۆمانگ تائێستانەیان توانیوە ڕێکبکەون بۆدروستی کردنی کابینەی نوێ،بەڵکو زۆربەی کاتیش گەیشتونەتەبنبەستی ڕێککەوتن ولێکترازان، مەترسی لێکترازانی ئەم دوو هێزەش لەو ڕوانگەوە گرنگە کە دەتوانێت دواجار ببێتە هۆی تێکچوونی ئیداری هەرێمی کوردستان. هەمیشە یەکێک لەپیلانەکانی دوژمنانی کوردیش هەوڵدانبووە بۆدوو پارچەکردنی هەرێمی کوردستان کە دەتوانێت ببێتە هۆی لەبارچوونی تەواوی پێکهاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ڕێگەچارەی ڕووبەڕووبووەنەوەی ئەم مەترسییە، ڕێککەوتنی هەر چی زووتری حیزبەکانی هەرێم بۆ دەست بە کار بوونی پەڕلەمانی کوردستان و پاشان دەست بە کار بوونی کەسانی نوێ لە سەر پۆستە وەزارەتییەکان دایە. هەر شێوە قبووڵکردنێکی دوو ئیدارەیی، ئەگەر چی لەوانەیە هەندێک خاڵی ئەرێنیشی تێدا بێت بەڵام دواجار لاوازتربوونی هێزی کوردی و زاڵتربوونی هێزی دوژمنی لێ دەکەوێتەوە.

دووەم: مەترسی دۆخی ئابووری. پشت بەستنی تەواوی هەرێمی کوردستان بە داهاتی فرۆشتنی سامانە سروشتییەکان،ئەمەش بۆتە پشگۆی خستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و،ئاژەڵداری،…هتد ، ئەم خاڵە لاوازییە ئەوەند گەورە بووەتەوە کە تەنانەت کۆمەڵگای کوردی هیواکانی لەسەر دەرچەی بۆڕی نەوتەوە هەڵچنیوە ،پێویستەحکومەتی هەرێم لە ڕێگەی پەرەپێدانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و لە هەمان کاتدا پەرەپێدانی پیشەسازی پەیوەندیدار بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری هەوڵبدات بەرامبەر بەم مەترسییە بوەستێتەوە.

سێیەم: مەترسی لەسەر گۆڕینی دیموگرافی کوردستان.
گۆڕینی دیموگرافی کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم کارە کە بە درێژایی مێژوو ڕوویداوە لە سەردەمی مۆدێڕندا بە خێراییەکی زۆر ترسناک جێبەجێ دەبێت. بە تایبەت پاش جەنگی جیهانی یەکەم هەر جنگێک لە کە کوردستاندا ڕوویداوە، دەوڵەتانی داگیرکەر بە گواستنەوەی کەسانی جێی متمانەی خۆیان و پێشگیری لە گەڕانەوەی کورد بۆ سەر خاکی خۆی و هەروەها هەژاراندنی ناوچە کوردنشینەکان، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی کوردستانیان داوە. پاش سەرهەڵدانی داعش، ئەم گروپە دەمارگیرەش هەمان پلانی باپیران و دەوڵەتانی داگیرکەری خۆیان جێبەجی کرد و ئێستا بەشێک لەو شوێنانەی داعش هێرشی بۆ بردوون و وێرانی کردوون مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە دیموگرافییان بۆ هەمیشە بگۆڕدرێت. ئێراق لە باشووری کوردستان لە ناوچە کوردنشینەکان جێی کێشە لەگەل حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی سیستەماتیک خەریکی چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکانە ، پلانی نەرم و شاراوە هەیە بۆ گۆڕینی دیموگرافی کوردستان، ئەوەش بەو شێوەیەیە کە ئاوارە عەرەبەکان کە ئێستا لە کوردستان دا نیشتەجێن، لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە ئاسانکارییان بۆ ناکرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان. ئەو ئاوارانە، منداڵەکانیان چیدی خۆیان بە خەڵکی ناوچە عەرەبییەکان نازانن و بەڵکو دەبنە نیشتەجێی کوردستان. تەنانەت ئێستا چەمکی شەقلوجە کە پێکهاتووە لە وشەی شەقڵاوە و فەللوجە لە لایەن عەرەبەکانەوە بووەتە باو بۆ پیشاندانی ڕێژەی زۆری خەڵکی فەللوجە کە نیشتەجێی شەقڵاوە بوونە. ئەمە تەنها نمونەیەکە و هەمان سیناریۆ شارەکانی دیکەش وەکو دووز، کەلار، دهۆک و تەنانەت هەولێر سلێمانیش لە خۆ دەگرێت.

ئەم مەترسییانە، مەترسی ستراتیجین بۆ سەر ئاسایشی کورد لە درێژخایەندا دەتوانن ببنە هۆی کێشەی زۆر مەترسیدار بۆ سەر نەتەوەی کورد. کێشەی ناوخۆیی نێوان حیزبە کوردییەکان یارمەتیدەری ئەم پلانە مەترسیدارانەی دوژمنان دەبێت و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پلانانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.