پەرلەمان و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەت

لەلایەن ستاندار Posted on 244 جار بینراوە

ھەردی ئەحمەد

دوابەدوای نزیکەی ١٠ مانگ لە کێشمەکێشم و ململانێی لایەنە سیاسیەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ دواجار بە تەوافقی نێوان بەشێکیان و ئۆپۆزیسیۆنبوونی بەشەکەی تریان ، کاندیدانی پۆستە وەزارییەکانی حکومەت یەکلاکرایەوە و ناوەکانیان ڕا دەستی سەرۆکی ڕاسپێردراوی کابینەی نۆی حکومەت کرا کە وا بڕیارە لە کۆتای ئەم ھەفتەیە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگیان لەسەر بدرێت

ئەوەی سەیر و مایەی تێڕامانە یەکلانەکردنەوە یان ناونەھێنان و جێنەکردنەوەی ھەندێک پۆستی تری وەک دەستەی ژینگە و ئەنجومەنی باڵای خانمانە کە تائێستا چارەنوسیان نادیارە و پێ دەچێت ھەر بە نادیاریش بمێنێتەوە ..!

ھاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا ئاوڕنەدانەوە و چارەسەرنەکردنی بۆشای یاسایی ھەندێک لە دامەزراوە سەربەخۆکانی دەرەوەی حکومەت لە نمونەی ”دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ، دەستەی نەزاھە ، دیوانی چاودێری دارایی” بێ دیاریکردنی ڕێوشوێن و کاری ئایندەی ئەم دامەزراوانە کە زۆربەیان نزیک بە ساڵێک زیاتر بەسەر ماوەی یاساییان تێپەڕێوە ، بە ھەڵپەسێراوی و بێ چارەسەر ھێڵراونەتەوە و پەرلەمانیش وەک دەسەڵاتی یەکەم بۆ یەکلاکردنەوەی ماوەی ئەو دامەزراوانە تا ئێستا قسەیەکیان نەبووە بۆ وتن کە دەبوو ھەیان بێت

لە ھەموو ئەمانەش سەیر تر ئەوی چاوەڕوان نەکراوبوو ئەنجامدانی کۆبونەوەی ژمارە ١٠ی پەرلەمانی کوردستان بوو بۆ ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ کە لەبری بڕیاردان لەسەر ھەڵبژاردنی ماوە بەسەرچووی ئەنجومەن ، ڕێژەی زیاتری ”سێ لەسەر چوار”ی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بۆ ”درێژکردنەوەی” وادەی ئەم ئەنجومەنانە بوو بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ، سەیرتر لەوەش تێپەڕاندن و سەرپشک کردنی حیزب بۆ دیاریکردنی پارێزگاری نوێ لە ئەنجومەن بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگی دەنگدەر و ھاوڵاتیان کە ئەوە لە واقعدا پشکی ئەندامانی ئەنجومەنە بۆ بوون بە پارێزگار چونکە ھاوڵاتی ھەڵیبژاردوون

ئەمە جگە لە کۆمەڵێک گرفت و کێشەی چارەسەرنەکراوی تر کە دەبوو پێش وادەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەت لەلایەن پەرلەمانی کوردستان چارەسەر بکرایە

بۆیە پەرلەمان تا ئێستا لە دوکانێکی سیاسی دەچێ بۆ ڕایکردنی کاروبارەکانی حیزب کە بەھیوام لە ئاڵوگۆڕ و دەستبەکاربوونی دەستەی سەرۆکایەتی نوێ کارەکانی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی پرسە چارەسەرنەکراوەکان بێت ، چاوەڕێی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتیش دەبین بۆ کاتی خۆی دوو قسەشمان لەو بارەیەوە دەبێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.