کابینەی نوێ بە عەقڵی کۆن

لەلایەن ستاندار Posted on 219 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

هیچ وەزیرێک، تەنانەت سەرۆک وەزیران و جێگرەکەیشی، هەروەها سەرۆک و جێگر و سکرتێری پارلەمانیش، هیچیان نە بە لێهاتویی خۆیان دانراون، نە لەڕێی میکانیزمی دیموکراتیکانەوە هەڵبژێردراون. کەسیشیان خاوەنی روئیایەک نین لەو بوارەی پۆستەکانیان وەرگرتوە. تەنها دو-سێ کەسی پاڵێوراویش بۆ پۆستەکان لە بوارەکەی خۆیاندا پسپۆڕییان هەیە، یان لەو بوارەدا کاریان کردوە و باکگراوندێکیی مەعریفیی و ئەزمونییان هەیە.
لە چوار ساڵی رابردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سەختی ئابوریی و داراییدا رەتبو، کەچی کابینەی نوێی حکومەت هیچ وەزیرێکی نییە پسپۆڕی ئابوریی و دارایی بێت و ئەزمونێکی کردەیی قوڵ و وردی لەو بوارە هەبێت.
هەر بۆیە، چاوەڕێکردن لە کابینەیەکی وا کە بتوانێت؛
-سیاسەتی نەوت بخاتە خزمەتی نیشتیمان نەک بنەماڵە و حیزبەکان،
– پێشمەرگەی میلیشیا و ئاساییشی چەوسێنەر بەنیشتیمانیی و پرۆفێشناڵ بکا،
– بازاڕ لە دەستی چەتەکان بهێنێتە دەرەوە و بازرگان و بزنسمانە نیشتیمانییەکان رۆڵی تێدا ببینن،
– باج بخرێتە سەر کۆمپانیاکان و دەوڵەمەندەکان،
– دیموکراسیی پێشبخرێت و میدیای گەوجێنەری حیزب و کەسەکان و سێبەر بکرێتە میدیای پرۆفێشناڵ و نیشتیمانیی،
– سنورێک بۆ بەتایبەتکردنی خوێندن و تەندروستیی دابنێت،
– پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ وڵاتییان فەراهەمبکات،
– زەویی داگیرکراوی نیشتیمان بگێڕێتەوە بۆ حکومەت و گەل،
– پەیوەندییە عێڕاقیی، هەرێمیی و جیهانییەکان بەنیشتیمانیی بکات،
– دەرفەتی کار بۆ دەیان هەزار بێکار دروستبکات و دەرفەتی یەکسان بۆ وڵاتییان دابینبکا،
– عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی دابینبکات،
– کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی گەشەپێبدا،
– گواستنەوەی گشتیی ناو شارەکان و نێوان شارەکان دابینبکا،
– کێشەی نیشتەجێبون چارەسەربکات،
– باڵانسی جێندەریی دروستبکات،
– کێشەی رێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ چارەسەربکات -نامەوی دەیان کێشەی تر ریزبکەم-
چاوەڕوانییەکی بێهودەیە. چاوەڕوانییکردن لەو کابینەیە کە نە خودی کابینەکە و نە خودی بەرپرسانی کابینەکە روئیایەکی رونیان نییە بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی دیموکراتیک، شەفاف، خزمەتگوزار، پێشکەوتو و بەرپرسیار لەبەردەم وڵاتییان و پارلەماندا، چاوەڕوانییەکە جگە لە رەشبینیی هیچیتری بەدوادا نایەت.
لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا، ئەو کابینەیە بە هەمو پێوەرێک لە کابینەکەی پێشوتر باشتر دەبێت، نەک لەبەرئەوەی کابینەیەکی باش دەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی خراپترین کابینە لە مێژوی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا، تەنانەت لە مێژوی ناوچەکەشدا، کابینەی هەشتەمی نێچیرڤان بارزانیی بوە.
ئەو کابینەیە ئەگەر بتوانێت بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کێشەی بودجە و نەوت لەگەڵ بەغداد بەتەواوی چارەسەربکات، ئەوا هەنگاوێکی باش دەنێت بۆ ئەوەی وڵاتییان کەمێک متمانەیان بە بازاڕ و داهاتوی هەرێمی کوردستان بۆ بگەڕێتەوە.
ئەو کابینەیە بەتەواوی لەبن دەستی مەسڕوڕ بارزانیی دەبێت. گۆڕانێکی بەهێز و میدیایەکی ئازادی چاونەترس و کۆمەڵگایەکی مەدەنیی چالاکیش نەماوە تا سنورێک بۆ سەرۆکی حکومەت دابنێت. بارزانییش نە بڕوای بە دیموکراسیی هەیە، نە بڕواشی بە میدیای ئازاد و ئازادییەکان هەیە، هەر بۆیە؛ مەترسییەکی گەورە لەسەر بەرتەسکترکردنەوەی زیاتری فەزای ئازادیی هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەو کابینەیە نوێیە لەسەر بنەمای ئەو عەقڵییەتەیە کە نزیکەی سێ دەیەیە حکومڕانیی هەرێمی کوردستان وێران دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.