حکومەت ، دابەشکاری یان چارەسەری ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 306 جار بینراوە

كمال محمد

ئەم قۆناغەی لە دۆخی ئێستاماندا جێگای باسە پێکھێنان و رێکخستنی کابینەی نوێیە لەدوای زیاتر لە نۆ مانگ ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەت بەرەو کۆتایی پێ ئەنێت ،لەسەرەتای دروستبونی گفتوگۆکان چەندین کۆسپ و داواکاری جیا لەنێوان حیزبەکان دروست بوو ،تا ڕادەیەک کۆبونەوەکانیان درێژەی کێشا،ھەریەک لە حیزبەکانی بەشداربوی حکومەت لەھەوڵی ئەوەدا بون ڕۆڵێکی دیاریکەریان ھەبێت لە دابەشکردن و وەرگرتنی پۆستەکانی کابینەی نوێ ،لەبەرنامەی ھەریەک لەم حیزبانەدا ھاوسەنگی نێوان کۆمەڵگا بون تاکێکی ئازادی ماف دەستەبەرکراو ئامانجی سەرەکی بوو،بەڵام بەگوێرەی لێکدانەوەکان دەەکەوت کێشەی حیزبەکان ھەنگاوێک بەرەو پێشەوە بڕۆن لە میانەی پلاتفۆرمێکی خێراو بەپەلەوە چارەسەری کێشەکان و دەسەڵاتدارێتییەکی تەکنوکرات بکەن و رابردوی حکومڕانی قەرەبو بکەنەوە و چەمکی بەرنامەکانی خۆیان بخەنە ڕوو خاوەندارێتی لە حکومەتێک بکەن و سەرلەنوێ شێوە بە ناوەرۆکەکانیان بدەن و دابەشکاری پۆستەکان بکەنە چارەسەرییەک بۆ کێشەکان نەوەک سەرچاوەی کێشەکان ،

لەبەرێوەچونی میکانیزمی ھەڵبژاردنی کاندیدەکان دەرکەوت بە پێی ئەزمون و ئەندازەی لێھاتوییەوە کەسەکان بۆ پۆستەکان دیاری نەکراون بەجۆرێک کە وابەستەی ھێز و بەھرەمەندی خۆیان بن لەو بوارەدا توانای چارەسەری کێشەکان و خستنە روی پلاتفۆرمێکی نوێ بن لە کار و پرۆژەکان بە پێی قۆناغ و سەردەم و داواکارییەکانی رۆژەوە ،بۆ ئەوەی دەرفەتی بەکارخستن و پێشخستنی پلان و بەرنامەکانی ھەبێت و لەو رێگایەوە ھەموان لەناو گەشەکردن و خۆشگوزەرانیدا بن لە سایەی حکومەتێکی تەکنۆکراتی رەشیددا ،دیسان لەم خاڵەدا کارنەکردن بەگوێرەی توانستی کەسەکان جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنێت کەھەرلەسەرەتاوە سوربونێکی گەوھەری و راستی خۆیان نەبوە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ چارەسەری ،

لە کاتی تاوتوێکردن و ھەڵسەنگاندنی ھەر حکومەتێکدا کە سەرکەوتو بێت مسۆگەر لەرێگەی دیارکردن و بۆچۆنی داوەرییە بەگوێرەی بنەماگرتنی ھاوڵاتی و دابین کردنی ژیانێکی مانادارەوەیە نەوەک مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەیەک و چەن دەستەو گروپێک کە ھێندەی دیکە کائۆسی سیاسیان قوڵتر بکاتەوە ، بۆیە کاتێک دابەشکاری پۆستەکان لە نێوان حیزبەکان جیلوەی ٢٨ ساڵی حکومڕانی پڕ لە قەیران و گەندەڵی لەبیر نەکات و نەیشارێتەوە و ھاواری قەیرانەکانی ئەو سەردەمانەبکاتە بناغەیەک بۆ حکومەتێکی ھاوڵاتی سودبەخش و ویژدانیان ببزوێت و پێویستییەکانی بەرپرسیارێتی راستەقینە جێبەجێ بکەن ،

بەشی دواتری بڕیاردان لەسەر حکومەتی داھاتوو بەندە لەسەر چارەسەری ئەو قەیرانانەی کە ھەرێمی کوردستان لەماوەی سێ دەیە حکومڕانی تێیکەوتوە ،چونکە ھەمو کابینەکانی ڕابردوو بەرھەمی سازشکردنی حیزبەکان بوە لەسەربنەمای بەرژەوەندییەکانی حیزبیانەوە کە ھەمیشە ھۆکارێکی سەرەکی پێشنەخستنی سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ بوە و ڕۆڵی دیارکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نەبینیوە ،چونکە پلان و بناغەی ھەمو کابینەکانی ڕابردوو لەسەربنەمای دابەشکاری پۆستەکان بوە لەنێوانیاندا نەوەک ھەوڵ و تەقەلایەک بۆ بەبنەماگرتنی چارەسەری ،

ئۆپۆزسیۆن و چاکسازی

سەرباری ئەوەی کە لە کابینەکانی پێشو ئۆپۆزسیۆن و میدیایەکی ئازاد ھەبون کە چاودێر بون بەسەر حکومەتەوە ،بەڵام ھێشتا دابڕان لە پراکتیزەکردنی سیاسەت و دیموکراتی و ژیان لە ئارادا بوو تادەھات کاربەدەستان لە کۆمەڵگایەکی سیاسی دوردەکەوتنەوە و ناشەفافی لە داھاتی نەوت و بازار تەواوی سێکتەرەکانی دیکە بونی ھەبوو حکومەت سەرچاوەی خۆی لەو چەمکەی بڕیارانەوە وەردەگرت کە حیزب لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەریدەکرد ،دەرەنجام ئۆپۆزسیۆن و میدیاکەی نەبونە ھێزی چارەسەری و لە چەندین قۆناغ و لێکەوتدا نەیان توانی ھێزی خۆیان لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدا بھێننە سەر پێیان ،لەدنیای سیاسی و حکومڕانیدا ھەمیشە دەسەڵات ترسی ئۆپۆزسیۆنی لەسەربوە و ئەم ترسەش وایکردوە کە دەسەڵاتداران رەھەندێکی گرنگی کێشەکان چارەسەر بکەن ،مافی ھەریەک لە ئێمەیە بپرسین لەم چەن ساڵەی ڕابوردا کە ئۆپۆزسیۆن بونی ھەبوو دەسەڵات کام رەھەندی کێشەو قەیرانەکانی چارەسەر کردوە ،ئەی ئایا لە ھەلومەرجی ئەمڕۆی قەیرانی بونیادیدا چ ڕۆڵێکیان ئەبێت کاتێک تەواوی جومگە و مەلەفەکانی دەسەڵات و نەوت و ئاسایش و پەیوەندییەکانی دەرەوەو ھەرێم و بەغدا و دیبلۆماسییەکان دوی ٢٨ ساڵ لە شکستی حکومڕانی دیسانەوە ھەمان ئەو کارەکتەر و عەقڵییەتە سیاسیانە ئەیبەن بەرێوە ،بۆیە ئەم جارە قەیرانەکان و تەواوی گەندەڵییەکان ئەخرێتە ئەستۆی ئەو ھێزانەی بەشدارن لە حکومەتدا و ئەبنە مایەی پەراوێزبونی کومەڵگایەکی دیموکراتی یەکسان و چیدیکە ناتوانن لە ڕکابەرایەتی سیستەمدا دەنگی ھاوڵاتیان بەکاربھێننەوە چونکە لە بەرنامەکانیاندا لەگەڵ دەسەڵاتدا نەیانتوانی ببنە ھێزی چارەسەری لەبری ھێزێکی دابەشکاری .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.