فەرهادو زیاد

لەلایەن ستاندار Posted on 289 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

وابزانم فەرهاد جنسییەی فەرەنسی هەیە، جا لەبەرئەوەی دەسەڵات و کۆمەڵگای ئێمە لەو حاڵەتەی فەرهاد تێناگەن، هیوادارم قونسوڵخانەی فەرەنسا بیبەنەوەو ئەوان خەمێکی لێبخۆن!

کە ئەڵێم ئێمە لێ ی تێناگەین، مەبەستم ئەوەنیە کە فەرهاد پەیامێکی هەبێت و تێینەگەین (وەك هەنێك وا ئەڵێن)! ئەسڵەن لەم دۆخەیدا، فەرهاد هیچ پەیامێکی نیەو ئەگەر هەشیبێ، پەیامەکەی تا خواحەزکا هیچە، ئەسڵەن هیچیش نیە، چونکە هیچ لەنێوان باش و خراپدا بێلایەنە، بەڵام پەیام و ئەتوارەکانی ئێستای فەرهاد، تابڵێ ی نزم و ناشرین و سلبییەو ئەگەر لە گۆشەی لایەنداری خۆشیەوە سەیریبکەیت و خاتریشی بگریت، هێشتا جوانیی تیانادۆزیتەوە!

بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە لە (دۆخی) ئەو تێناگەین نەك لە (پەیامی) ئەو.
بەو مانایەی کە ئەو، ئەگەر بەدەست فەرەنسییەکانەوەبێت، بیگومان بە پلەی یەکەم ئەوەی بۆئەکەن کە بۆ حاڵی ئەو باشبێ و یارمەتی بدات، بە پلەی دووەمیش ئەوە ئەکەن کە بۆ ئەوانیتر باشبێ و لە زەرەری ئەم حاڵەتەی فەرهاد بیانپارێزێت.
دەی ئێمە چونکە تێناگەین، ڕێك عەکسەکەیمان کردوە، ڕێك ئەوەمان کردوە کە بۆ فەرهادو بۆ ئەوانیتریش خراپە، ڕێك ئەومان بەرداوەتە گیانی خۆی و گیانی ئەوانیتریش!

ئێمە تێناگەین لەبەر ئەوەی خۆمان لە دۆخێکی هاوشێوەی فەرهادداین، یەعنی ئەگەر دەسەڵات و گۆمەڵگای ئێمە بکەیت بە ئینسانێك، ئیسانێکی وەکو ئێستای فەرهاد دەرئەچێ، ڕەنگە شێواوتریش، دەی ئەم کەسە ناتوانێ ئاگای لەو کەسەبێ چونکە خۆی حاڵی باش نیە!

لەڕاستیدا فەرهاد پێویستی بە دوو شتە، گرنگیپێدانێك و گرنگیپێنەدانێك!
وەکو کەسایەتییەکی گشتی و پەبڵیك فیگەر، ڕێك پێویستی بە ئیهمالکردنە، وەکو کەسێکی ئاسایی و ئینسانێك، زۆر پێویستی بە چارەسەرو گرنگیپێدانە.
ڕێك بەعەکسی ئەمەوە، ئێمە ئێستا لە هەرکات زیاتر، کردومانە بەبابەتی ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی و شۆی سەر جادەکان، وەکو کەسێکی ئاساییش کە پیویستی بە هاوکاری وچارەسەرە، هیچی بۆ ناکەین!!
(هەر بۆ نمونە ئەم نوسینەی منیش لەبارەی فەرهادەوە گرنگیپێدانێکی زیادەو ناپێویستە)

ئینسانی ئێمە خۆی لە دۆخی داکشاندایەو ئێمەش پێویستمان بە وەستاندنی ئەم داکشانەو جارێکی تر هەڵکشانەوەیەتی!
کەسانێکی وەکو (هەڵکەوت زاهیرو مەلا عەلی کەڵەك و فەرهاد پیرباڵی ئێستا) ئەم دۆخی داکشانەکەیان ئیستغلالکردوە بۆ زیاتر داکشان و نزمکردنەوەی ئینسانی ئێمە!
جا بە هەر ڕێگایەكی جگە لە ڕێگای توندوتیژو نائینسانی، گرنگە ئەم نەوعانە بوەستێنرێن!
کە ئەڵێم بوەستێنرێن مەبەستم ئەوەنیە زوڵمیان لێبکرێ، مەبەستم ئەوەیە چاوی کامێرایان لەسەر لابرێ و گرنگیپێدانیان و مارکێتینیان بوەستێنرێ!

کە ئەلێم فەرهادی ئێستا، مەبەستم ئەوەیە فەرهادەکەی جاران زێڕەو ڕەمزێکە لە ڕەمزەکانی هەڵکشانی عەقڵ و ئینسانی ئێمە لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە.
بەڵام ئەمەی ئێستا زبڵێکە کە ئینسانی ئێمە دائەبەزێنێتە ناو زەلکاوی ڕق، ڕۆژێك ڕقی حیزبایەتی، ڕۆژێك ڕقی شارچێتی، ڕۆژێك ڕقی قەومچێتی، ڕۆژێك بێحورمەتیکردن بەم، ڕۆژێك بێحورمەتیکرد بەو، ڕۆژێك بێحورمەتیکردن بەخۆی، کە ئەمانە هەمووی بێحورمەتکردنی ئینسانەو ئێمەش ئەبێ ئەم بێحورمەتکردنە بوەستێنین!

ئاخر ئێمە بۆیە دژی ئەو دەسەڵاتەین لەبەر ئەوەی حورمەتی ئینسانی شکاندوە، دەی فەرهادیش چ ئەوکاتەی کە بێحورمەتی بە کەسێك ئەکاو چ ئەوکاتەی کە بێحورمەتی پێئەکرێت، لە هەردو حاڵەتەکەدا ئەو خەریکی بحورمەتکردنی ئینسانەو ئێمە لەبەردەم بێحورمەتکردنی ئینسانداین، بۆیە پێویستە بوەستێنرێت!

ئێمە لە داکشانێکی عەقڵییداین و دوخی عەقڵیی کۆمەڵگاش بە عیلم و مەعریفەت و هونەر ئەپێورێ، جا نە ئەمەی ئێستای فەرهاد ماریفەتە، نە ئەوەی هەڵکەوت هونەری باڵایە، نە ئەوەی مەلا عەلی عیلمە. بەڵکو هەرسێکیان و هاوشێوەکانیان لە پاڵەوانەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی؍ نوێنەرایەتی قۆناغی داکشانی عەقڵیی ئێمە ئەکەن!

ئینجا ڵایك بۆ زیاد ئەسعەد ئەگەر ساغە ئەگەر نەخۆشە، چونکە ئەو کەنارێکی گرتووەو کێشەی تایبەتی خۆی لە کۆمەڵگا بارناکات، ئەگەرچی هەوڵیش ئەدرێ بهێنرێتە ئەو مەیدانە!
ئەنڵایك بۆ فەرهاد پیرباڵ ئەگەر ساغە ئەگەر نەخۆشە، چونکە ئەو چەن ساڵێکە، ڕێك خەریکی بارکردنی کێشە تایبەتییەکانی خۆیەتی لە کۆمەڵگایەك، کە خۆی باری گرانەو دنیایەك کێشەی هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.