حزبی دەعوە؛ عەبادی لە دەرەوەی سەرکردایەتی و مالیکی لە لوتکە

لەلایەن ستاندار Posted on 221 جار بینراوە

یاسین تەھا

حیزبی دەعوەی ئیسلامی کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو یەکەم کۆنگرەی حیزبیی پاش دوورکەوتنەوەی لە لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراق گرێدا. ئەم کۆنگرەیە کە لە شاری کەربەلا بەڕێوەچوو بۆ ژیانی سیاسی کۆنترین حیزبی سیاسی شیعەی عێراق گرنگی زۆری ھەیە، یەکەمجارە باڵەکانی مالیکی و عەبادی لەکۆنگرەدا بەرامبەری یەکتر ببنەوە و یەکەمجاریشە لەدوای دوورکەوتنەوە لە دەسەڵات و لە سایەی یاسای حیزبەکانی (٢٠١٥) کادیرانی ئەم حیزبە پێداچوونەوە بە ڕەوشی رێکخستنەکان بکەن، لە کۆتایشدا سەرکردایەتییەک ھەڵبژێردرا کە ناوی حەیدەر عەبادی و عەلی عەلاق و حەلیم زوھێری و وەلید حلی تێدا نەبوو کە لە ڕکابەرانی ئەمینداری گشتی نوری مالیکی پێکدێن و ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، تەنھا عەبادی بە خواستنی خۆی لە سەرکردایەتی دوور کەوتووەتەوە.

مالیکی کە بەھێزترین کارەکتەری دەعوەیە و جارێکیتر پۆستەکەی خۆی وەرگرتەوە کە ئەمینداری گشتییە، شایەتحاڵەکانی ناو کۆنگرەش باس لەوە دەکەن زیاتر باڵ باڵێن و تەکەتول بەسەر کەشی کۆنگرەکەدا زاڵبووە، تا پڕۆژە و بەرنامەی حیزبی و ھەندێک لەوانەشی نەیاری سەرسەختی مالیکی بوون لە کۆنگرە دوورخرانەونەتەوە، ئەمەش بەھێزی پێگەی حزبیانەی نوری مالیکی دەسەلمێنێت سەرباری دۆڕانی لە کایەی حکومی کە پاش دوو خول سەرۆکایەتی وەزیران و ھەوڵی چەسپاندنی مەرکەزییەت، ئێستا تەنھا یەک وەزارەتی بەدەستەوەیە کە خوێندنی باڵایە و وەزیرەکەشی قوسەی سوھەیل پێشتر سەدری بوو.

سەرباری ڕەخنەکانی ناو کۆنگرەش، ھەندێک ستایشی ئەوەی دەکەن کە توانیویەتی ھیڵە گشتییەکانی حزب بپارێزێت، جگە لەوەش دوو لیستی رکابەری تێدا بووە، ئامادەکاریی باشی بۆ کراوە، گروپەکانی واتساپ رۆڵی زۆریان دیوە لە ئاسانکاریی گفتوگۆکان ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئەم دۆخەی ئێستای عێراق کە زۆربەی حیزبەکان کێشەی ترس لە کۆنگرەیان ھەیە و بە و ھۆیەوە دووچاری ئاگادارکردنەوەی کۆمسیۆن بوونەتەوە.

لەپاش ھاتنی عەبدولمەھدی زۆرێک وەک شکستخواردوو تەماشای حیزبی دەعوە دەکەن، چونکە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ _ ٢٠١٨ لەرێگەی سەرۆکایەتی وەزیرانەوە “دەوڵەتێکی قووڵ” یان بنیاتناوە لەرێگەی پۆستە باڵاکانی وڵاتەوە، لەکاتێکدا ئەم حیزبە دژی روخاندنی رژێمی بەعس بوو لەڕێی پشتبەستن بە دەستێوەردانی دەرەکی و بەشداریی زۆربەی کۆبونەوەکانی ھێزە بەرھەڵستکارەکانی رژێمی بەعسی نەکردوە کە بەشی زۆری کۆبونەوەکان لە تاراوگە و لە ھاوینەھەواری پیرمام بۆ ئامادەکاریی جێگرتنەوەی رژێمی بەعس گرێدەدران.

بەگەڕانەوەش بۆ مێژووی دەعوە، جیاوازی زۆر لەگەڵ ئەم ستایڵەی ئێستای حیزب دەردەکەوێت. ئەم حیزبە پاش زنجیرەیەکی چڕوپڕ لە ئامادەکاریی و گفتوگۆ، لە یادەوەریی لەدایکبونی پێغەمبەری ئیسلامدا، لە ساڵی ١٩٥٧ لە شوێنی حەوانەوەی مەرجەعی باڵای شیعە ئایەتوڵڵا موحسین ئەلحەکیم، لە شاری کەربەلا و بە لاساییکردنەوەی شێوازی کاری ئیخوان موسلیمین، لەسەر دەستی ھەشت کەس راگەیەندراوە کە ناودارترینیان ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدرە. ئەم حیزبە سەرەتا ھەڵگری بیرێکی پان ـ عێڕاقی و نێونەتەوەیی ئیسلامیی بوە. دەستەی دامەزرێنەرەکەی پیاوانی ئاینیی و چالاکی سیاسیی بون. لەناو ئەندام و دامەزرێنەرە یەکەمەکانی دەعوەشدا چەند کەسایەتییەکی لوبنانیی و بەحرەینیی و پاکستانی ھەبوون، لەڕوی تەمەنیشەوە کۆنترین حیزبی سیاسیی شیعەیە لە عێراق و بە دایکی زۆربەی ئەو ھێزە مەزھەبییانەی ئێستا دادەندرێت کە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق چالاکن چونکە سەرجەمیان یان لەم حیزبە جیابونەتەوە، یان ئیلھامیان لە شێوازی کاریەوە وەرگرتوە کە ئاوێتەکردنی دین و مەزھەبە لەگەڵ سیاسەت و حوکمڕانییدا.

بەپێی گێڕانەوەی دامەزرێنەران و زۆرێک لە شیکارە مێژوییەکان، دامەزراندنی حیزبی دەعوە لەبن عیبای مەرجەعییەتدا زیاتر پەرچەکرداری تەوژمی مارکسیزم و وەڵامدانەوەی پەرەسەندنی چالاکییەکانی بزوتنەوەی چەپ بوە لە عێراق لە ساڵانی پەنجاکان، بەتایبەت دوای ئەوەی شیوعییەکان کەوتنە جموجوڵ و پەلھاویشتن لە شاری نەجەف کە گڵکۆی ئیمام عەلی لەخۆدەگرێت و پایتەختی رۆحی تایفەی شیعە و بنکەی سەرەکیی حەوزە مەزھەبیەکانە. لە تەمەنی سیاسی خۆشیدا، حیزبی دەعوە بە چەندین قۆناغی فیکریی و پەیکەری سیاسیی جۆراوجۆردا گوزەریکردوە، بەڵام لە سەرجەم قۆناغەکاندا کرۆکی ئامانجە سەرەکییەکانی بریتی بوە لە؛ “گۆڕینی واقیعی کۆمەڵایەتیی بۆ واقیعێکی ئیسلامی و جێگرتنەوەی یاسا دەستکردەکان بە شەریعەت” لەگەڵ ئامادەکردنی ئوممەت و بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسلامیی (بەپێی نەھجی ئالوبەیت). بۆ یەکەمجاریش لەپاش ٢٠٠٣ زاراوەی دیموکراسیی شان ـ بە ـ شانی چەمکی شوڕا خزێندرایە ناو ئەدەبیاتی ئەم حیزبە کە پێدەچێت ھەروەکو مۆدی سەردەم و لەپێناو ھەڵکردن و ئاشتبونەوە بێت لەگەڵ جیھانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمەریکا کە لەنێوان ١٩٨٥-١٩٩٥ دا حیزبی دەعوەی خستبووە ناو لیستی تیرۆری خۆیەوە.

ھەرچەندە لە ساڵانی ھەشتاکاندا حیزبی دەعوە بە ھۆی قبوڵنەکردنی رەھای ویلایەتی فەقیھـ و دیدگا عەڕەبی و عێڕاقییەکانی لای رژێمی خومەینی بێزراو بوە و جارجارەش باجی ئەم ھەڵوێستانەی داوە، بەڵام ئەمانە نەبونەتە رێگر لەوەی ئێران وەکو کارتێکی فشار لەدژی بەعس لەسەر خاکی خۆی داڵدەی بدات و کۆمەکی بکات. باڵە سیاسیی و سەربازییەکانی حیزبی دەعوە کە لە ئێران و سوریا و ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستان بڵاوەیانکردبو لە پێشەنگی ھێزە بەرھەڵستکارەکانی رژێمی بەعس بون. چەند جارێکیش ھەوڵی تیرۆرکردنی راستەوخۆی سەدام حسێنیان داوە کە بەناوبانگترینیان ھەوڵی تیرۆرکردنی سەدام بو لەشارۆچکەی دوجەیل لە ٧/٧/١٩٨٢دا. ئەو یەکە چەکدارەشی ئەم ئەرکەی بەجێھێنا بەسەلامەتی لە بەغدادەوە گەیشتونەتە چیاکانی کوردستان. جگە لەم ھەوڵەش حیزبی دەعوە لە ٩/٤/١٩٨٧دا لەڕێی شانە نھێنییەکانییەوە ھەوڵی تیرۆرکردنی سەدامیان لە موسڵ دوبارەکردەوە. لە ئەنجامی ئەمەشدا رژێمی بەعس بە ھاوکاریی فەوجە خەفیفەکانی کورد “جاش” بەربڵاوترین ھێرشی سەربازیی کردە سەر بنکە و بارەگاکانیان لە ناوچەی زێبار، بەڵام چەکدارەکانی دەعوە توانیان بەرگریی بکەن و بمێننەوە. نەک ھەر ئەوە بەڵکو بە ھاوکاری پێشمەرگەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان ھەوڵی تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی عێڕاق ـ تورکیاش بدەن. لە ئەنجامدا، پاش پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاباران لە ١٩٨٨ ناچاربون بکشێنەوە بۆ ناو خاکی ئێران.

حیزبی دەعوە خۆی بە خاوەن مێژویەکی دورودرێژی پڕ لە خەبات و سەروەری و قوربانیدان دەزانێت. ھەمیشە ئەوە بە بیر خەڵک دێنێتەوە کە لە سەرەتای ھەشتاکاندا مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس بە بڕیاری ژمارە ٤٦١ سزای لەسێدارەدانی دەستبەجێی بڕییەوە بۆ ھەرکەسێک کە ئینتیمای بۆ دەعوە بەسەردا ساغببێتەوە. ھەروەھا شانازیش بەوەوە دەکات لە مێژوی خۆیدا ھەرگیز لەگەڵ رژێمی بەعس نەچوەتە ناو ھیچ پڕۆسەیەکی گفتوگۆ و دانوستان، بە پێچەوانەی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کورد و حیزبی شیوعییەوە کە ھاوتەمەنی ئەم حیزبەن. لەمەش گرنگتر لای ئەوان، دامەزرێنەری سەرەکیی حیزب کە ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدرە و بە مامۆستای بیرمەندانی شیعە دەناسرێت و خاوەن چەندین نوسراو و بەرھەمی فیکرییە ـ کە ناودارترینیان (فلسفتنا، اقتێادنا) یە ـ لە ٩/٤/١٩٨٠ بە فەرمانی سەدام حوسێن لەگەڵ بنت الھدی ـ ی خوشکیدا لە سێدارە دران.

ھەرچەندە حیزبی دەعوە میراتی چەندین کەسایەتیی ئایینیی گەورە و ناوداری تایفەی شیعەیە، خاوەن خەبات و قوربانیدانێکی زۆرە، بەڵام لە قۆناغی گەیشتنیدا بە دەستەڵات لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٥-٢٠١٨ وەک گەورەترین حیزبی ناو ھاوپەیمانێتیی شیعە، لەبەر چاوی زۆرێک لە خەڵکی ئاگاداریی عێڕاق ناوەکەی لەگەڵ تاوانەکانی گەندەڵیی و شکست و درۆ و گەوجاندندا ھاوتا بوە. بە جۆرێک کە دەکرێت بگوترێت ئەو ناوبانگ و ھاوسۆزییەی ئەم حیزبە لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە خەبات و قوربانیداندا بەدەستیھێنابو لەسەر دەستی کۆمەڵێک بەرپرسی حوکمڕان لەپێش ھەمویانەوە سەرۆک وەزیرانی پێشو نوری مالیکی پرسیارو گومانی زۆری خرایەسەر. لەکاتێکدا بە قسەی ھەندێ لە مێژوونووسەکانی دەعوە، مالیکی پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەناو حیزبدا ھەمیشە شایەتی کارامەیی، لێبڕان، پابەندیی، وردیی، دەستپاکی، گوێگرتن لە بەرانبەر و ئازایەتی بۆ دەدرا.

گرێی مالیکی و عەبادی

شارەزایانی کاروانی حیزبی دەعوە ئاماژە بەوە دەکەن، قۆناغی مالیکی لە حیزبی دەعوەدا دەیەم وێستگەی ژیانی سیاسیی و بانگخوازیی ئەم حیزبەیە، کە بەشێوەیەکی سەرەکیی لە ساڵی ٢٠٠٧ و لە رۆژی ھەڵبژاردنی ناوبراوەوە بە ئەمینداری گشتیی و جیابوونەوەی ئیبراھیم جەعفەری، لە حیزب دەستپێدەکات، چونکە پێشتر پۆستی ئەمینداری گشتیی بە ھیچ جۆرێک لەناو حیزبی دەعوەدا نەبوە و ھەمیشە ئەم حیزبە بە پێچەوانەی رەوتی سەدر و مەجلیسی بنەماڵەی حەکیمەوە بە شێوەی سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ بەڕێوەبراوە. مالیکی کە ھەردو پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران و ئەمینداریی حزبی لە دەستی خۆیدا کۆکردەوە، سەرکردایەتیی حیزبی لە کاری دەستەجەمعییەوە گۆڕی بۆ جۆرێک لە تاکڕەوی و سەردەمی دەسەڵاتی ئەم حیزبەی وەھا لێکرد کە خودی خۆی تێیدا سەنتەر بێت و ئەحمەدی کوڕی و زاوا و ئامۆزاکان و راوێژکارە تایبەتەکانی کە ھەندێکیان لە دەعوەدا پلەیان نەبوو، بازنەی یەکەمی بڕیار بن لە عێڕاق. زۆربەی ھەرە زۆری سەرکردەکانی حیزبیشی لە رێگای پۆستی چەوری حکومی و پارە و ئیمتیازاتی زۆر و زەوەندی مفتی عێڕاقەوە لەسەر ئەم شێوازە حوکمڕانییەی دەعوە رازیکرد.
پاش دو خول لە حوکمڕانیی ئەمینداری دەعوە نوری مالیکی، دروست لە کۆتاییەکانی ساڵی (٢٠١٤) ئەم حیزبە کەوتە بەردەم ئەگەری ئینشیقاقێکی نوێ. سەرەتای ئەم لێکترازانەی دەعوەش لەوەوە دەستیپێکرد کە حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیران کە ھاوکات ئەندامی مەکتەب سیاسیی دەعوەیە، پێشنیازی ھێزە شیعیی و کوردیی و سوننەکانی بە رەزامەندیی ئەمریکا و ئێران قبوڵکرد بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەبێ رەزامەندیی ئەمینداری گشتیی، نوری مالیکی. ئەمە لەکاتێکدا کە لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ دا مالیکی بەزۆر بێت یان ئارەزو زیاتر لە ٧٢٠ ھەزار دەنگی کۆکردەوە کەچی دەنگەکانی عەبادی لە پێنج ھەزار تێپەڕی نەکردبوو، ئەمەش لەلایەن مالیکییەوە بوو بە مەراق و تانەیەکی گەورە و بەخیانەت لێکیدایەوە.

عەبادی لەماوەی دەستبەکاربوونیشیدا لە پۆستەکەی ناکۆکی زۆری لەگەڵ مالیکیدا ھەبوو، ھەندێکجار بە “قائد الپرورە” تانەی لێدەداو ھێرشی دەکردە سەری، ئەویش چ خۆی و چ دارودەستەکەی وەڵامیان دەدایەوەو سەرەنجام لەھەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەدوو لیستی جیا دابەزین بۆ ھەڵبژاردن و بەفەرمی دەعوەییەکان دابەش بوون بەسەر دووبەرە (دەوڵەتی یاسا)ی مالیکی و (النێر) ی حەیدەر عەبادی.
چەکی مالیکی بۆ ھێرشکردنە سەر حەیدەر عەبادی و لێدانی ھەنگاوەکانی پشتیوانیی ئێران و ناڕەزاییەکانی چەکدارەکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێرانیی و نزیک لەخۆی بوون، (بەدر و عەسائیب) کە تا ڕادەیەک ئەجێندای حەیدەر عەبادی بە پلانی ئەمریکا و رۆژئاوا دەزانن، بەتایبەت کە ناوبراو ھەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە و ھەمیشە جێگەی گومانە.

ھەرچی حەیدەر عەبادیشە پشتیوان بە سیستانیی و خۆپیشاندەران و گوشاری دەرەکی ویستی بەرەنگاری مالیکی، بەڵام زۆرینەی ھەوادارو لایەنگرانی حیزبی دەعوە ناچار نەبن و لەبەر ئیحراجی نەبێت زۆر کەیفیان بە مەرجەعییەتی سیستانی نایەت و پاش ئەوەی ئۆرگانەکانی حیزبی دەعوە بەسەر ئەم جەمسەرگیرییەی مالیکی و عەبادییدا دابەشبون لە کۆنگرەی دواییدا حیزب بۆ مالیکی یەکلایی بووییەوەو عەبادی پێداگربوو لەسەر کشانەوەی لە پۆستە باڵا حیزبییەکانی دەعوە بەھیوای ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران کە ئێستا زیاتر باوی تەکنۆکراتی نا حیزبییە. عەبادی دەڵێت خۆم نەمویستوە لە سەرکردایەتی بم و “سەربازێک دەبم لەجەنگی چاکسازی و پرۆژەی نیشتمانی”، ئەمەشی لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی گەڕانەوەیدایە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران کە دیارە بۆ کادری دەعوە سەخت بووەو وا ئاسان نییە بەتایبەت پاش لە ئەزموونی ١٢ ساڵە کە ھەندێ لە ھێزە سیاسییە شیعەکان پێی دەڵێن ” ساڵانی وشکیی – السنوات العجاف”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.