شکست و سەرکەوتن،ھەر سەرکەوتنە بۆ پارتی!

لەلایەن ستاندار Posted on 406 جار بینراوە

دەشتی عبدالرحمن

سیاسەتی سەربەخۆیی نەوت و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان،دوو پڕۆژەی فاشل و سەرنەکەوتووی پارتی بوون و حزبەکانی تریش وێڕای ھەست کردن بە مەترسی ھەر یەکێک لەو پڕۆژانە لەسەر کوردستان،لە بری ڕێگربوون و تۆمارکردنی سەروەریەک بۆ خۆیان،بە لاوازی پاڵپشتی کردنی پارتی و پڕۆژەکانیان ھەڵبژارد.کە لە سایەیاندا کوردستان دووچاری دوو قەیرانی گەورەی ئابوری و سیاسی بۆوەو ھەر یەک لەو دوو قەیرانەش بوون بە دوو گورزی کوشندەو کاریگەر بەسەر جەستەی پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی ھەرێم!

لە ئێستادا،کە ھێشتا خەڵکانێک تای شانازی و پیاھەڵدان بە ھەردوو پڕۆژەکە بەری نەداون،ھەرێمی کوردستان و حزبی ئەندازیاری سەربەخۆیی نەوت و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی،وەک چۆن سەرکردایەتی ئەو سەرکێشیانەیان کرد،ئێستاش بە ھەمان شێوە سەرکردایەتی پاشگەزبوونەوەکەش ھەر خۆی دەیکاو ڕێک پێچەوانەی ئەو دوو پڕۆژەیە ھەنگاو دەنێت و لە مەر ھەر یەکێکیان بە کردەوە پەشیمانی دەردەبڕێ بۆ حکومەتی عێراق.بە جۆرێک ھەر لەگەڵ باس و خواسی ڕادەستکردنەوەی نەوت بە حکومەتی عێراق،بەبێ ئەوەی کەس زۆریان لێ بکا،بۆ دڵنیایی ئاماژە بە ھەردوو دەستەواژەی (عێراقی یەکگرتوو)و (سەروەری خاک و دەستورەکەی دەکەن)!

لێرەدا ئەوەی مایەی نیگەرانیە،نەبوونی ڕوئیاو ڕۆڵ و کاریگەری حزبە کوردستانیەکانی دەرەوەی پارتی،لە دروست کردنی بڕیاری ھاوبەش و ھاوبەشی کردن لە بڕیار لەسەر مەسەلە ستڕاتیژی و چارەنوسسازەکانی ھەرێم،پارتی توانیویەتی شکستەکانیش بە سەرکەوتن تۆمار بکا بۆ خۆیی و بەرھەمەکەشی بچنێتەوە، وەک ئەوەی لە دواین ھەڵبژاردندا بینیمان،کە پارتی چۆن توانی سەرکردایەتیکردنی ڕیفراندۆمێکی ئافات ھێنەر بکاتە کەرەستەیەکی باشی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکەیان و دەنگێکی زۆری پێ کۆ بکاتەوە،کە دڵنیاشم لە غیابی جورئەتی سیاسی حزبەکانی تر،ھەڵوەشەندنەوەی سیاسەتی سەربەخۆیی نەوت و نەھێشتنی ئاسەواری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و چوونەوە باوەشی بەغدا،وەک سەروەریەکی گەورە دەکاتە کەرەستەو دروشمی بانگەشەی ھەڵبژادنی داھاتوو و ئەسپی خۆی پێ تاودەداتەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.