سەبارەت بە دروستکردنی حزبی تازە

لەلایەن ستاندار Posted on 256 جار بینراوە

ئاراس مەسیفی

شکستھێنانی دەسەڵات لەلایەک و شکستخواردنی ئەو حزبانەی کە لە رابورد و ئێستادا خۆیان وەکو ئوپۆزیسیۆن بەرجەستە کردوە لە گێڕانی ئەو رۆلەی بۆ خۆیان دیاری کردوە لەلایەکی ترەوە، بۆشایێکی گەوری لە کار و کایەی سیاسی دروست کردوە. ئەمەش پرسیارێکی گرنگی بە دوای خۆیدا ھێناوە کە ئەم بۆشاییە چۆن پڕبکرێتەوە؟

بە رەچاوکردنی ئەو راستیەی کە نەک تەنھا لە رابردو نزیکەی ٥٠٪ ھاوڵاتیان بەشداری ھەڵبژاردنەکانیان نەکردوە و خۆیان لە پرۆسەی سیاسی بە دورگرتوە، بەڵکو نەوەیەکی تازەش کە لە دوای روخانی رژێمی سەددام ھاتونەتە دونیاوە، لەساڵانی داھاتودا بەرەو تەمەنی ھۆشیاری و چالاکی سیاسی ھەڵدەکشێن، دەتوانین بەدڵنیایەوە بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بۆشایی و دابڕانی نێوان دەسەڵات و ھاوڵاتیان تا دێت فراوانتر دەبێت. جگە لەمەش چاوەڕوانی و ویستی ھاوڵاتیان بۆ ژیانێکی باشتر بەردەوام لە ھەڵکشان و بەرزبونەوە دایە.

لە لایەکی تردا بڕوا و گومانێکی رەوا ھەیە لەوەی کە دەسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات توانای ئەوەیان نەبێت لە ئاستەنگیەکان و پێداویستیەکانی داھاتو تێبگەن و نەتوانن وڵامی پێویست و شایستەیان بۆ داواکاری و چاوەڕوانیەکانی ھاوڵاتیان ھەبێت، چونکە ئەزمونی رابردویان سەلماندویەتی کە بەو سەرمایە فیکری و زانستی و مادی و مرۆیەی بەردەستیان تەنھا دەتوانن بەشیکی کەمی ھاوڵاتیان سودمەند و بێدەنگ بکەن. کەواتە ھەم ئەوانەی ئێستا خۆیان لە پرۆسەی سیاسی بە دورگرتوە، ھەم ئەوانەی لە حزبە ئوپۆزیسۆنەکان بێئومید بون و دەبن و ھەم ئەو نەوەیەیی لە ساڵانی داھاتودا پێدەگات، ئەو زۆرینەیەی کۆمەلگە پێک دەھێنن، کە سیستەم و دەسەلاتی سیاسیان بەو شێوە و جۆری ئێستا قبوڵ نیە و نابێت. لەگەڵ زۆربونی دەنگی نارازیش، بۆشاییەکەش فراوانتر دەبێت. لە دەرئەنجامدا ئەگەرەکانی پڕکردنەوە ئەو بۆشاییەش زیاتر و فرەلایەن تر دەبن. یەکێک لە ئەگەرەکان، پرسی دروست بونی حزبێک یان بزوتنەوەیەکی تازەیە.
پێشمەرجی باسکردن لە مەرجەکانی سەرکەوتنی ھەر حزبێکی تازە لە ھەرێمی کورستاندا کە نەیەوێت بەدەردی ئەوانی تر بچێت و نەبێتە ھۆی بێھیواکردن و بە فیرۆدانی رەنجی نەوەیەکی تر، تێگەیشتنە لە سروشتی دەسەڵات و خاڵە بەھێز و لاوازەکانی. تەنھا بە خوێندنەوە و پێناسەکردنێکی دروست و راستەقینەی سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان، دەتوانرێت ئەرک و ئامانجی راستەقینەی حزبی سیاسیش تیایدا دیاری بکرێت.

تێگەیشتن لە سروشتی دەسەڵاتی ھەرێمی کورستان

بونیاد و پێکھاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا تێکەڵەیەکی زۆر ئاڵۆزە. تێگەیشتن لێی کاری زانستی ورد و درێژی پێویستە. لێرەدا من تەنھا تیشک دەخەمە سەر ئەو خاڵانەی دەسەڵات کە ھەر حزبێکی سیاسی پێش دروست بونی، دەبێت بە وردیی لێیان تێبگات و قوڵببێتەوە، وڵام و بەرنامەی واقیعی و دروستی بۆیان ھەبێ.

گەرچی لە ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی نیشیمانی ناوەندی بەروکەش بونی ھەیە کە حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی ترن، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینە، دەسەڵاتی حزبیی پارتی و یەکێتیە کە ھەر یەکێکیان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەزگا و ئامرازی پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی تایبەت بە خۆیان ھەیە. پایەکانی دەسەڵاتی راستەقینەی پارتی و یەکێتی ھێزی چەکدار، دەزگاکانی ھەواڵگیریی و ئاسایش، کۆمپانیاکانی ئابوری و دەزگا میدیایەکان و رێخکراوە بەناو مەدەنی و خێرخوازیەکانن. دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کورستان تەنھا ئامرازێکن، لەلایەک بۆ ھەماھەنگی لە نێوان بەرژەوندیەکانیان و بەریەک نەکەوتنیان و لەلایەکی ترەوە بۆ بەدەستھێنانی رەوایەتی یاسایی ناوخۆیی و دەرەکیی لەرێگەی ھەلبژاردنەکانی پارێزگاکان و پەرڵەمان.

ھەردو دەسەڵاتە حزبیەکە رەوایەتی ئایدۆلۆژی خۆیان لە بزوتنەوەی کوردایەتی وەردەگرن. کوردایەتی بەشێکی دانەبڕاوی دونیابینی حزبیانە. پارتی و یەکێتی خۆیان بە میراتگری کوردایەتی دەزانن کە تا ئێستاش ئامادەیەکی قوڵ و رۆحیی لە ناخی بەشێکی زۆری تاکی کوردا ھەیە، بەتایبەتیش نەوەی شۆرش و راپەڕین و نەوەی پێش روخانی رژێمی بەعس. ھاوکێشە و پەیوەندیە ئێقلیمیەکان کۆلەکەیەکی تری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتین کە ھەریەکێکیان پەیوەندی و پەیوەستبونی تایبەتی حزبیان لەگەڵ ووڵاتانی ئێقلیمی و دەرەوەدا ھەی.

کەواتە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت دابەش بکرێت بۆ سەر چوار کۆلەکەی سەرەکی. کۆلەکەی یەکەم دەزگا و ئامرازە راستەقینەکانی چەسپاندن و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتن کە سەر بە ھەردو حزبەکەن لە دو جوگرافیای جیادان. کۆلەکەی دوەم ئایدۆلۆژیا یاخود دونیابینیە کە خۆی لە کوردایەتی وەکو بزوتنەوەیەکی نەتەوەی بەرجەستە دەکات و ھەردو حزبەکە بۆ رەوایەتی دان و پاساوی دەسەڵاتی خۆیان بە باش و خراپ سودی لێوەردەگرن. کۆلەکەی سێیەم دەزگا یەکگرتوەکانی حکۆمەتن کە تەنھا وەزیفەی ھەماھەنگی و کۆکردنەوەی نێوان ھەردو دەسەڵاتە حزبیەکەیە کە لە رێگەی پرۆسەی رۆکەشی ھەلبژارنی پەرلەمان رەوایەتی یاساییی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ دەسەڵاتەکانیان دەستەبەردەکەن. کۆلەکەی چوارەمیش پەیوەندی و پەیوەستە ئێقلیمی و نێودەوڵەتیەکانە.

ئەرک و ئامانجی حزبی تازە لە سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان

گرنگی و پێویستی ھەر حزبێکی تازەی سەنگین و جدی لەوەدایە کە لە حزبەکانی تر، بە تایبەتی پارتی و یەکێتی نەچێت و تەواو لێیان جیاواز بێت. خاڵێکی لاوازی حزبەکانی تری کۆن و تازەی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەبوە کە نەیانتوانی یاخود نەیانویست لە سروشتی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان بە تەواوی تێبگەن، ھەر لەبەر ئەمەش بە پێی کات یان بون بەشێک لە ئەجیندای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی یاخود کەوتونەتە پەراوێز. نمونەی یەکەم بزوتنەوەی گۆڕانە، نمونەی دوەم حزبە ئێسلامیەکانن.

ھەر حزبێکی تازە، ئەگەر بیەوێت سەرکەوتو بێت، دەبێت بەرنامە و وڵامێکی گشتگیری بۆ ھەر چوار پایەکانی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت. حزبی تازە دەبێت ئەوە راستیە رەچاو بکات کە دەسەڵاتی راستەقینە لە ھەرێمی کوردستان دەرئەنجامی ھەلبژارنی پەرلەمانی نیە، بەڵکو بنەما و پایەکانی ھێزی چەکدار و ئەمنی، ھێزی ئابوری و میدیای زەبەلاح و پەیوەندیە ناوخۆیی و ئێقلیمیەکانی حزبیە لە دو جوگرافیای جیادا، نەک دەسەڵاتێکی ناوەندی نیشتیمانی لە یەک جوگرافیادا کە لەرێگەی پرۆسەی ھەلبژاردنێکی نیشتیمانی دەسەڵات تیایدا دەستاودەست دەکرێت. ھەر حزبێکی دەرەوەی یەکێتی و پارتی ئەگەر لە ھەلبژارنەکانی پارێزگاکان یاخود پەرلەمان زۆرینەش بەدەست بھێنێت، ناتوانێت ببێتە خاوەن یاخود ھاوپشکی راستەقینەی دەسەڵات، بەڵکو لە باشترین دۆخدا دەتوانێت پارێزگارێک یاخود چەند وەزێرێکی ھەبێت کە ئەوانیش بە حوکمی واقیع دەبنەوە بەشێک لە ئەجیندای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی. لەبەرامبەریشدا شەرعیەتی یاسایی ناوخۆیی و دەرەکی دەدەنە دەسەڵاتێک کە خۆیان نە خاوەن نە ھاوپشکی راستەقینەن تیایدا. وەزیرەکانی گۆڕان و پارێزگاری ئێستای سلێمانی نمونەیەکی زیندوی ئەم راستیەن. کەواتە دروست کردنی حزب تەنھا بۆ قۆستنەوە و رێکخستنی نارەزایەکان بە مەبەستی بەشداریکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و بەشداری روکەشیانەی دەزگاکانی حکومەت جگە لە دەوڵەمەند کردن و پێگەیاندنی چەند کەس و بنەماڵەیەک، لە کات بەفیرۆدان و بێ ئومیدکردنی نەوەیەکی تر ھیچی تری بەدواوە نابێت.

کەواتە دەبێت حزبی تازە چۆن بێت و چی بکات؟

حزب یاخود ھەر جولانەوەیەکی تازە دەبێت وەکو مەرجی سەرەتا راستگۆیانە و چاونەترسانە لە رۆی ئایدۆلۆژیەوە کوردایەتی تێبپەرێنێت. دونیابینێک پێشبخات کە توانای ململانێی کوردایەتیەکەی پارتی و یەکێتی ھەبێت و خۆی وەکو جێگیرەوە پێش بخات. لە روی کرداریدا دەبێت بێمنەتانە نەک تەنھا بایکۆتی بنیاد و پرۆسەی سیاسی ئێستا بکات کە ژێرخان و سەرخانەکەی لە ژێر ھەژمون و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دایە، بەڵکو بە رەچاوکردنی تایبەتمەندیە ناوچەیەکان لە رێگەی خەباتی بنچینەی ھەرەوەزی مەدەنی و جەماوەری لەسەر ئاستی گوند، و شار و شارۆچکە، ویست و داواکاری ھاوڵاتیانی ناڕازی فۆرمەلە بکات، رێک بخات و ئاڕاستە بکات. لەم رێگەیەوە دەتوانێت بنیاد و پێکھاتەی لۆکالی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە ڕەگەوە لەق بکات و ناچاری گۆڕانکاری و چاکسازیان بکات. ئەم باسە ھەڵوەستە لەسەرکردن و دەوڵەمەندکردنی زیاتری پێویستە کە دەکرێت لە بابەتێکی تایبەتدا بە دور و درێژی رونبکرێتەوە.

لە روی یاساییەوە بایکۆتی پرۆسەی روکەش و درۆینەی ھەلبژاردنەکان بکات تا رەوایی یاسایی ناوخۆیی و دەرەکی دەسەڵاتی ئێستا بخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە. بە سود وەرگرتن لە چوارچێوەی دەستوریی و یاسایەکانی عێراق پەیوەندی ستراتێژی و تاکتیکی لەگەڵ ھێزە عێراقیە دۆستەکان دروست بکات بۆ ئەوەی کاریگەری پارتی و یەکێتی لە بەغدا و پەیوەندی و پەیوەستیە حزبیەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستاندا کەم و کاڵ بکاتەوە.

لێرەدا پرسێارێک دێتە ئاراوە کە ئایا تە چەند مەرج و زەمینەی سەرکەوتن بۆ ئەم جۆرە کاری حزبیە لەبار و بەردەستە؟ ووڵامەکەی ئاسان نییە، چونکە ھەمو کارێکی نوێ و تازە پێویستی بە دونیابینیی کامڵ و رەوان و پتەوە و میکانیزمی کرداریە کە بێگومان لە سەرەتادا روبەروی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە. بە بۆچونی من ئەگەر ئێستا مەرج و زەمینەی کارێکی وا لەباریش نەبێت، ئەوا دەکرێت کاری لە پێشینەی ئێستا دروست کردنی زەمینە و رێگەخۆشکردن بێت بەو ئاڕاستەیە، لە جیاتی دوبارکردنەوەی ھەڵەکانی رابوردو، چونکە بە ئاوردانەوەیەک بۆ رابردو بۆمان دەردەکەوێت کە رێگاکانی تر تاقیکراونەتەوە و نەک تەنھا ئامانجەکانیان نەپێکاوە، بەڵکو بە شێوەیەکی وا شکستیان خواردەوە کە لە دەرئەنجامدا نەوەیەکیان بێ ئومێد کردوە و پرۆسەی سیاسیان بۆ چەندین ساڵ گەڕاندۆتەوە دواوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.