ماسک و نواندن و سەرسامکردن

لەلایەن ستاندار Posted on 310 جار بینراوە

محەمەد ئەحمەد

* ماسک و پێگەی کۆمەڵایەتی

مرۆڤ مادام بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە ئەوا ناچارە بە ماسک پۆشین و نواندن . ناکرێت تۆ بەبێ ماسک و نواندن خاوەن ھیچ ئیعتبارێکی کۆمەڵایەتی بیت . وە ناکرێت بەبێ ماسک و نواندن ھیچ پێگەیەک یان ھیچ ڕۆلێکت پێ بدرێت لە کۆمەڵگادا چونکە ماسک و نواندن رێک رووە کۆمەڵایەتیەکەی مرۆڤە .

ھەر تاکێکیش بەپێی چاوەروانی و خۆ ئامادەکاری بۆ بە دەستھێنانی ئەو پێگەیەی کە دەیەوێت ماسک دەپۆشێت و خۆی دەنوێنێ تاکو بیسەلمێنێ کە من بۆ ئەو پێگەیە گونجاوم . وە ھەر کاتێک بە پێگەکەش گەیشت ئەوا نواندنەکەی لەسەر دەبێتە ماڵ و سیفەتێکی باپەندی وەردەگرێت .
بۆ نموونە کەسێک دەیەوێت ببێتە مەلا یان بانگخواز یا ھەر پێگەیەکی تری ئایینی ، ئەو کەسە ناچارە بەو شێوەیە نواندن بکات کە بۆ پێگەکەی دەست دەدات وەک پۆشینی جلو بەرگێکی ئایینانە و سیمایەیەکی ئایینانە و قسە و گوفتار و ھەلسوکەوت ئاینیانە . یان کەسێک دەیەوێت ببێتە ئەندام پەرلەمان ئەوا ھەمیشە ھەوڵدەدات جلو بەرگێکی فەرمی پاک و خاوێن و رێک و پێک لەبەر بکات ، وە خۆی رووخۆش و خاکی و کۆمەڵایەتی و خەمخۆر و زیرەک و لێھاتوو نیشاندەدات ، وە کاتێک دەبێتە ئەندام پەرلەمانیش ئەوا ھەوڵدەدات ئیتر وەک کەسێکی ئاسایی ھەلسوکەوت نەکات بەلکو وەک کەسێکی خاوەن پێگە ئەمەش بۆ ئەوەی لەو ئیعتبارەی کۆمەلایەتیەی بە دەستی ھێناوە کەم نەبێتەوە .

جا ئەمە بۆ ھەموو پێگە و بوارە جۆراوجۆرەکان دروستە . زۆر جاریش بە پێچەوانەوە دەبێت لەگەڵ بە دەستھێنانی پێگەکە نواندنەکەت دەگۆرێت بۆ وێنە تۆ ئێستا بێکاری گەر بۆ بەیانی لە رێکخراوێکی ژینگە پارێزی کارێکیان بۆ دۆزیەوە یەکسەر لە خۆتەوە دەگۆرێی بۆ کەسێکی ژینگە دۆست لە کاتێکدا پێشتر ھەرگیز بیریش لێ نەکردبۆوە .
ئیتر نموونە زۆر زۆرە ، کەوایە ئێمە بوونەوەرێکی نواندنکارین و نواندنەکەشمان یان بۆ بە دەستھێنانی پێگە و پۆست و شتێکی ماددیە یان بۆ بە دەستھێنانی سەرمایەیەکی رەمزی و رێز و ئیعتباراتی کۆمەڵایەیەتی و دانپێدانی ئەویترە .

جا فیگەر و کەسایەتی کۆمەلایەتی وا ھەیە وەک ھەندێک نوسەر و ھونەرمەند و سیاسی…… ھتد پێی شەرمە ئەکاونت دابنێ پەیج دا ئەنێ ! یا نەک ھەر لایک و کۆمێنێت بۆ کەس ناکات بەلکو وەلامی کۆمێنێت و نامەش ناداتەوە یا ھەرگیز ئاماژەی پێکەنین بەکارناھێنێ چونکە پێی وایە ئەو کردانە لە پێگەو ئیعتباراتی کۆمەلایەتی کەمدەکاتەوە و دایدەبەزێنێت بۆ ئاستی خەلکی سادە ، ئێ خۆ ھەموومان ھەر سادەین لە ئەسڵدا بەڵام مرۆڤ پیگەکەی ناچار بەنواندنی دەکات ، زۆر جاریش دەبینین ئەم کەسایەتیانە خۆیان سادە دەکەنەوە بەڵام خودی ئەم خۆسادەکردنەوەیان نواندنێکی ترە دژی سادەیی ..!!!

* نواندن و ئازادی

گومان لەوەدا نیە ئەم دوو چەمکە دژی یەکن، بۆنموونە کەسێک کە لە فیلمێک نواندن دەکات وەک ئەکتەر ئەو کەسە نابێت خۆی بێت بەلکو دەبێت خۆی بکاتە ئەو کەسایەتیەی کە رۆلەکەی پێ سپێردراوە وەک ئەو خۆی بنوێنێ نەک وەک خۆی واتە دەبێت سروشت و تایبەتمەندی خۆی لابدات و نەفی بکات .

بە ھەمان شێوە کەسێکیش کە دەیەوێت ڕۆڵ و پێگەیەک لە کۆمەڵگا بە دەستبێنێت دەبێت بە گوێرەی بنیادی کۆمەڵگا و خواستی خەلک یا ئەو توێژەی دەیانکاتە ئامانج خۆی بنوێنێت و نمایشبکات بەمەش دەبێت حەز و ئارەزوو و تایبەتمەندیە سروشتیەکانی وەلاوە بنێت و خۆی بچەپێنێت و حەزە سروشیەکانی خۆی دابمرکێنێتەوە و نەتوانێت بەو شێوەیە خۆی دەرخا کە ھەیە ئەمەش رێک خۆ سنوردارکردن و خەفەکردنی ئازادیەکەیەتی .
بەکورتی ھەرچەند بتەوێ پێگەو ئیعتباراتت لە کۆمەڵگە بەرز بێتەوە ئەوەندە ئازادیەکانت بەر تەسک دەبێتەوە.

* نواندن و سەرسامکردن

نواندن بۆ سەرنجراکێشان و سەرسامکردنی ئەویترە . تۆ لە رێگەی نواندن و ماسک پۆشین وێنەی خۆت بەو شێوەیە لە زیھنیەتی خەلک و بەرامبەرەکەت دەچەقێنی کە خۆت دەتەوێ .
ھەر کاتێکیش تۆ توانیت وابکەیت بەرامبەرەکەت پێت سەرسامبێت ئەوا تۆ سەردەکەوی بەسەریدا .

سەرسامکردن ھەر لە پەیوەندی نێوان دوو تاکەوە بگرە تا سیاسەت گرینگیەکی زۆری ھەیە . تاکەکان ھەمیشە لە ھەوڵی سەرسامکردنی یەکترن ، دەوڵەتان ، کۆمەلگا و کەلتورەکان، سیاسەتمەدارەکان، تەنانەت و بەتایبەت کەسانی ھەیبەتدار و سامدار و کارێزماکانیش لە رێگەی سەرسامکردن بەم پێگەیە گەیشتوون …. ھتد.
رەنگە جیاوازی کەسێکی ئاسایی لەگەڵ کەسێکی سامدار ئەوە بێت ، کەسە ئاساییەکە ئەو بەھرەییەی نەبێت کە وەکو ئەو نواندن بکات یان ھەیەتی بەڵام نایەوێت ژیانی خۆی ھەموو تەرخان بکات بۆ سەرسامکردنی ئەوانیتر بەلکو ئەو چێژ لە ژیانە ئاساییەکەی وەردەگرێت و تاقەتی ئەو نواندن و بەزم و رەزمەی نیە .

کۆشک و تەلارەکان و نەخشەسازی ھونەری ، جلو بەرگ و پۆشاک ، شێوازی پێشوازی کردن و ھەلسوکەوت و قسەکردن ، شێوازی نانخواردن ….. ھتد ئەمانە ھەمووی ئامرازەکانی سەرسامکردنن لە گشت پەیوەندیەکان و بەتایبەتی لە پەیوەندیە سیاسیەکاندا .

ئێستا ئەگەر لە لایەن سەرکردەیەکی وەک عەلی باپیر یان حەمەی حاجی محمود بانگھێشت بکرێیت ھیچ سەرسامیەکی وا داتناگرێ چونکە خانووەکەی ، ناوماڵەکەی ، مێز و قەنەفەکەی ، جل و بەرگەکەی ، شێوازی پێشوازی و نانخواردن و … ھتد جیاوازیەکی وای نیە لەگەڵ ھی تۆ . بۆیە زۆر سەرسام نابیت ، کە سەرسامیش نەبویت بیرکردنەوە و زمانت ناوەستێ و حالەتی ئاسایی خۆت لە دەست نادەیت بەمەش تۆ دەتوانی گفتوگۆیەکی ئازادانە و سەرکەوتوانەی لەگەڵ بکەیت . بەڵام گەر لای نێچیروان یان مەسعود بارزانی بانگھێشت بکرێت ئەوا ھەر لە پرسگە و شێوازی پێشوازی کردن و بینینی شوێن و نەخشەسازی کۆشک و تەلار و کەل و پەلی ناوماڵ و سێت و جل و بەرگ و ئەتەکیەت و … ھتد سەرسامیەک داتدەگرێ ، ئیتر رەنگە زۆر ھەوڵبدەی دەروونی خۆت زەفت بکەیت و بلێیت من ئاساییم بەڵام ھەر کاریگەری سەرسامبوونت پێوە دیارە ، وە مرۆڤ کاتێک سەرسامیش دەبێت بیرکردنەوەی دەوەستێت و باش کار ناکات بەمەش کەسی سەرسامکەر بە ئاسانی دەتوانی بەسەر کەسی سەرسامکراو سەرکەوێ، رەنگە ئەمە ھۆکاربێت کە ھەرچی چوبێتە سەری رەش بە بەزیوی ھاتۆتەوە . جا چیای ئەوەی بچیتە کۆشکی سپی و کرملین و یان لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور دابنیشی … ھتد .

ھەر بۆیەشە ھەر لە کۆنەوە تا وەکو ئێستا سەرکردەی دەوڵەتەکان زۆر گرنگی بە کۆشک و تەلارەکانیان دەدەن تا لەلایەک خەلکی ژێر دەستەی خۆیان پێ سەرسام بکەن و لە زھنیەتیان بچەسپێنن کە ئێمە سەروترین لە ئێوە ، لە لایەکیتریش تاوەکو میوانان و سەرکردە دەرەکیەکان پێ سەرسام بکەن چونکە ئەمە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دانوستاندنەکان .
وە ئێستاشی لەگەڵ دابێت لە ھەموو وڵاتانی دونیا گرنگیەکی تایبەت دەدرێت بە پایتەختەکان لەرووی خزمەتگوزاری و نەخشەسازی بیناکاری و جادە و بان چونکە شوێنی پێشوازیکردنی مێوان و کەسایەتیە سیاسی و سەرکردە بیانیەکانە .

جا دووریش مەبینن زۆرێک لەو سەرکردە سامدار و کارێزماتیکانەی بە ھەزاران و بگرە ملیۆنان خەلک لێی دەترسن رەنگە لە ژنەکانی خۆیان بترسن یان کور و کچەکانی خۆیان بە گوێی نەکەن چونکە ئەو پێویستی بە کۆمەلێک کردەی سێکسی و دەستگەمەی زۆر منداڵانە ھەیە لەگەڵ خێزانەکەی بۆیە بە نواندن بۆی ناچێتە سەر و ناچارە خۆی دابەزێنێتە نزمترین ئاستی سروشتی خۆی .

بە کورتی دەمەوێ ئەوەش بڵێم لەسەرسامکردن و پەیوەندیکاری و بەریەککەوتنی کۆمەلگا و کەلتور و شارستانیەکان سینەما گەورەترین ڕۆڵ دەبینێت . ئەمریکا لەرێگای سینەماوە جیھان بە ھێز و توانا زانستی و چەکی تەکنەلۆژی سەرسام دەکات . تورکیا لە رێگای دراماوە بە ووڵات و کەلتور و ستایلی ژیانی خۆیانت سەرسام دەکات …. ھتد تەنانەت لە رێگای ھەڵبژاردنی ئەکتەری کور و کچی جوانیش بە جنسی خۆیان سەرسامت دەکەن ئەمە بە تایبەتی لە فیلمی ھیندی و تورکی ھەر زۆر بەرچاوە .

سەرسامکردن راستە ماسکە و موبالەغەی زۆر تێدایە بەلام لەگەل ئەوەشدا تۆ دەبێت شتێکت تێدا ھەبێت ئینجا نواندن و نمایش بکەیت بۆ نموونە ناکرێت تۆ سروشتێکی کۆمێدیت ھەبێت و ھەوڵبدەیت ببتە کەسێکی ھەیبەتدار چونکە بەمە ھەم سروشتە کۆمێدیەکەت دەچەپێنی و خۆت ئازار دەدەی ھەم سەرکەوتوو نابیت لە خۆ بە ھەیبەتکردنەکە ئەمەش دیسان ئازارێکی تری بە دواوەیە لەلایەن کۆمەڵگا و دەوروبەرت .

لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا نواندن و سەرسامکردن یان کارکردن لەسەر دروستکردنی وێنەی خۆت لە زھنەیەتی ئەوانیتر زەروورەتێکی کۆمەڵایەتیە . چونکە تاوەکو مرۆڤ پێویستی بە ھێز و دەسەڵات و پێگەو و رێزگرتنی دەوروبەر و کەرامەت و سەنگەخود و ئەخلاق و ئیعتباراتی کۆمەڵایەتی ھەبێت ئەوا نیازمەند دەبێت بە نواندن و ماسک پۆشین ، مرۆڤیش ھەمیشە نیازمەندی ئەم شتانەیە چونکە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و ئەم شتانەش پایەکانی کۆمەڵگان . کەواتە گەر ماسکەکانمان لابدەین ئەوا ژیان و کۆمەڵگا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان تێکدەدەین بۆیە جاروبار دەبێت لە ستایشی ماسککردندابین .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.