بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ ئێران

لەلایەن ستاندار Posted on 241 جار بینراوە

بورھان شێخ ڕەئووف

ئەوەی دواجار بڕیاری کۆتایی دەدات لە سەر ھەموو پرسە چارەنووسسازەکان لە ئەمریکا دا بە گوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە ئەوە سەرۆک کۆمارە بە گوێرەی سیستمی ئەمریکا سەرۆک خاوەنی بڕیاری کۆتایی و یەکلا کەرەوەیە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەش ھەبێت ، جگە لەوەش سەرۆک خۆی فەرماندەی گشتی ھێزی چەکدارە و بۆیە ترەمپ ھیچ سڵ ناکەتەوە لەوەی ڕاوێژو پێشنیاری تیمی ڕاوێژکاران و یاریدەدەرکانی بۆ سیاسەتی دەرەوە بەلاوە بنێت ، ھەروەکو ئەوەی ڕویدا لە کاتی کشانەوەی لە ڕێککەوتننامەی ( ٥+١) لە گەڵ ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ و یان ئەوەی لەم دواییانەدا ڕوویدا کاتێک لە چرکەساتەکانی دوایی بڕیاری پەلاماری ئێران پاشگەزبووە و کاتێک فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە خرایە خوارەوە ، چونکە لە ھەردوو بارەکەدا بڕیاری خۆی بوو پێچەوانەی بڕیاری تیمی ڕاوێژکاران و یاریدەدەرانی سیاسەتی دەرەوە یەکلایی کردەوە .

ھەموو ئەو بڕیارانەش لە بۆچوونێکی سەرۆک ترەمپەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەمریکا دەتوانێت بە سزاو ئابڵووقەی ئابووری و فشاری توند و تۆڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بکات ڕێککەوتنێکی نوێ لە جێی ڕێککەوتننامەی (٥+١) لە گەڵدا واژۆ بکات کە زیاتر جێی ڕەزامەندی ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش بێت .

بەڵام بۆ بەد بەختی سەرۆک ترەمپ تا ئێستا دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ھەموو جۆرێک پێشنیارو داخوازییەکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ دانوستان و دایەلۆگ بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ ڕەت دەکەنەوە سەرباری زیان و لێکەوتە قورس و ئازاربەخشەکانی سزاو فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چونکە وەکو ترەمپ دەڵێت تا ئێستا سزای وا بە سەرھیچ دەوڵەت و لایەنێکدا نەسەپێنراوە و بێ نەزیرە .

بۆ ترەمپ حەزی لە وتوێژە ؟ بۆ ئێرانیش قایل نابێت ؟

سەرۆک ترەمپ ناخوازێت ئەمریکا بگلێنێتە ناو شەڕێکی ترەوە ھەروەکو بەڵێنی بە دەنگدەرەکانیشی داوە کە ئەمریکا بەرەو شەڕی نوێ بە تایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین نەبات واتە بنکەی جەماوەری سەرۆک و تەنانەت خۆیشی پێیان خۆش نیە بچنە شەڕێکی تازەوە لە ناوچەکە و لە گەڵ ئێران دا، ئێرانیش دەزانێت ئەمریکا وا بە ئاسانی پەلاماری نادات لە بەرئەوە تا بۆی بکرێت ئارام دەگرێت و مل بە داخوازییەکانی ئیدارەی ترەمپ نادات سەرەڕای قورسی بارەکەی و لێکەوتە کاریگەرەکانی سزا توندەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا نابێت ئێرانییەکان ئەوەندەش بێ خەم بن کە ئەو بۆچوونەی ترەمپ دەیانپارێزێت و شەڕ ڕوونادات و پەلامار نادرێن بەڵکو ڕوودانی ھەر ھەڵەیەکی تەنانەت بچووکیش بێت بەرامبەر بەرژەوندییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بۆی ھەیە ئاگرێکی وای لێ بکەوێتەوە کە تەڕو و وشک بە یەکەوە بسووتێنێت .

ئەوەی تا ئێستا ڕوون و ئاشکرا نیە لە سیاسەتی ئەمریکادا لە مەڕ ئێران نەبوونی دیدێکی دیاری کراوە بۆ ھەڵسووکەوت لە گەڵ ئێراندا ھەر ئەوەشە وای کردووە کە جۆرێک لە شڵەژان و لێڵی بە وتەو کردەکانی ئەو وڵاتەوە دیار بێت لە پاش کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتننامەی (٥+١) لە ٨ مایۆی ٢٠١٨ ئەویش ئەو داخوازییانەیە ھێشتا پێناچێت ئیدارەی ترەمپ یەکلایی بووبێتەوە لە سەر جێگیرکردنیان چونکە تا ئێستا ھەر ڕۆژەی لێدوانێک و توێتێکی ترەمپ و ستافەکەی دەبیستین ئایا دەخوازن :

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بگۆڕن یان سزای بدەن ؟

یان ڕێککەوتنامەی (٥+١) بە شێوەیەکی نوێ دابڕێژنەوە یان ھەمواری بکەنەوە؟

یان دەخوازن ئێران لە ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دابڕن و جیابکەنەوە؟

یان دەخوازن سوود لەم ھەڕەشانەی ئێران وەربگرن بۆ ئەوەی ھاوپەیمانێتییەکی نوێ لە نێوان ئیسرائیل و ڕژێمە میانڕەوە عەرەبیە سوونیەکانی ناوچەکە پێک بھێنن ؟

تا ئێستا ئامانجی واشنتۆن جێگیر نیە چ دەخوازێت لە ئێران ڕۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت ھەرچەندە ئەگەر جارجار جۆرێک لە خاوی و شل بوونەوە بە ھەڵوێستەکانیاندا دیارە بەڵام لە کۆتاییدا ھەر پێداگری لە سەر ١٢ خاڵەکەی بۆمبیۆ دەکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.