ڕیشدارانی کورد و ڕیشدارانی دوژمنان

لەلایەن ستاندار Posted on 345 جار بینراوە

عزیز موستەفا

ئامانج لەو نوسینە ئەوەنیە شرۆڤەیەکی ورد لەسەر چەندێتی و چۆنیەتی و ھەلومەرجی زەمانی و مەکانی ھەڵگرتنی ڕیش بکەین ئەگینا بۆ ھەر یەکێک لەجۆرەکان زەرورەتێک فەرزی ھەڵگرتنی کردوە جا بۆ ناسینەوەو جیاکردنەوەی ئاینە جۆربەجۆرەکان لەیەکتری یان نەتەوە جیاوازەکان بێت یان بۆ جوانی و مۆدێرن بێت.
من مەبەستم ڕیشی ئەو کەسانەیە کەبەناوی دینداری و خواپەرستی و قوڵبوونەوەیان لەدادپەروەری خودا و ورد بوونەوەیان لەدەرخستنی زانایی و حیکمەتی خودای کاربەجێ و ناساندنی بەخشندەیی خودا لە بەخشین و لێخۆشبوون لە دروستکراوی خۆی لەھەموو حاڵەتێکدا گەورەترین بەڵگەو بانگەشە بۆ ھێشتنەوەی ڕیش و تاشینی سمێڵ و ڕەنگکردنی سونەتێکە لەسەردەمی پێغەمبەرمان (د.خ) بەتایبەت لەسەرەتاکانی تێکۆشان و بڵاوکردنەوەی پەیامی پیرۆزی ئیسلام لەدادپەروەری بۆ مرۆڤایەتی. دواتریش بۆ ناسینەوەو جیاکردنەوەی گروپی ئیسلام و گروپەکانی تر.
ئایا ئێمە و ئەوانەشی کەبەو نیەتەوە لە ڕیش ھەڵگرتن دەڕوانین پرسیارمان کردووە ئاخۆ ئێمە واجبەکانمان کە فەرزن و کەمتەرخەمی لەجێبەجێکردنیان سزای زۆر و سوکایەتی و ڕیسوای ھەردوو دنیامانی پێوەی پابەندە جێبەجێکردوە؟ جا نۆرەی سونەت بێت. بێ گومان نەخێر.
* ئایا ئێمەی کورد توانیومانە وەک ئینماندارێک ئەم دوو خەڵاتە پیرۆزەی کە خودا لەکوردو کوردستانی بوون پێی بەخشیوین لەھەڕەشە و لەناوچوون و چاوچنۆکی ئیسلامی شۆڤێنی بیانپارێزین؟
*ئایا خوداپەرستی و خودا خۆشویستی ڕیشدارانمان گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری خودا. زمان و دەستیان ، دڵوخوێنیان ، ماڵ و مانیان لەپێناو زوڵم لێکراوان ببەخشن. کەگەلەکەی خۆیان زوڵم لێکراوترین گەلی سەر زەمینە!!!
* ئایا حفز و ختمی قوڕئانی ڕیشدارانمان بۆتە مایەی زمان پاراویان لە دەنگ ھەڵبڕین و دەنگدانی دوژمنانمان کە ھیچ پاساوێک قبوڵ نیە بۆ سەر بڕینمان بۆردومان کردنمان خوێن ڕشتنمان؟
* ئایا لەسایەی (اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ) ڕیشدارانمان کیرفی وشیاریان بایی ئەوە ھەیە دز و جەردەکانی کە سەروەت و ماڵمان چ بە حۆشتر چ بە تەنکەر چ بە بۆڕی بار نەکەن و خۆیان توشی لە وەزیاتری حەرام و گوی سەگ نەکەن؟
* ئایا لەئایەتی (والتین و الزیتون) تەواو تەواو تێگەیشتون کەبە شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی بڵێن سروشتی کوردستان نەشێوێن و دار زەیتونی کورد لە عەفرین نەبڕن و قەڵاچۆی نەکەن لەئایەتە پیرۆزەکە دەری نەکەن؟
* ئایا ڕیشدارانمان لە ئاست گەورەیی و بەڕەحمی و میھرەبانی خودا حاڵی بوون کەبە برا زۆڵە ئایینەکەمان بڵێین چیتر ئەسپ و ھێستر و مایینی کاروانچیەکانی شەھید و شەیدای بژێوی ژیانی کوردان گوللەباران ناکەن؟
* ئایا ڕیشدارانمان لەروانگەی پیرۆزی خوشک و برای ئایینی ئامۆژگاری ولەبەری لوتی حێز و چەتە و ھەوەسباز و زیناکارە ڕیشنە دەمامکراوە کان نادەن کەچیتر دەست درێژ و بەسەپاگرتن و ناموس بردن و بەدوای ئەسپ و سەیارە خستنی ژن و کچەکانمان قبوڵناکەن؟
* ئایا ڕیشدارانمان لەسایەی ئەو فەرمودەیەی ئەوەی بۆخۆت پێت خۆشە بۆ براکەشت پێخۆش بێت داوای چۆڵکردنی کوردستانی لەداگیرکەران ناکەن؟
* ئایا ڕیشدارانمان لەڕوانگەی حەق بێژی و چاونەترسی ئەو ڕاستیە بۆ ئیسلامی شۆڤێنی بەیان ناکەن و جیھادیان لەدژن ناکەن، لەوەزیاتر بەفێڵ و بەتەڵەکەبازی نوێژ و ڕۆژی یان دینداری لەسەر خاکی داگیرکراوی کوردستان نەکەن.؟
ئەوی بینراوە و دەبینرێ و ڕەچاو دەکرێ ڕیشدارانی دوژمن لە ئاست ھەموو ڕاستیەک خۆیان گێل دەکەن و شێوەی گورگی ھار و ڕە وە کەمتیار پەلامار دەدەن و ئایەت و حەدیس بەئارەزوی خۆیان بەپێی بەرژەوەندیان تەفسیر و تەویل دەکەن. خۆیان بەاێحاب وفریادرە سوشەھید و ئێمەش لەسەر زێدی خۆمان بە تۆپیی و مولحید لەقەڵەم دەدەن.
بەڵام ھەزار ئاخ ھەزار ئەسەف ڕیشدارنی وڵاتی ئێمە ناڵێـم ھەمووان بەشی زۆریان باس دەکەم زۆر شەرمنانە سەرکزانە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەپیناوی ژیان و ژن پارەو پارو و ماڵ و مانیان خزمەت بەداگیرکاری و مەیلی نۆکەری و کاسە لێسی دەکەن.
بەڕاستی ڕۆژیەتی ڕیشدارانی ئێمە مامۆستا و پێشەوایانی کوردیش دەنگی حەق و ڕاستی لەسەر وڵاتی خۆیان لەدژی زوڵم و زۆری و داگیرکاری بە اللە اکبر ھەڵبڕی و فتوای جیھاد و شەھادەت دژی داگیرکەرانی کوردستان بە گوێ پێشمەرگە و گەریلا و کوڕ و کچەکانمان دائاوبدات و پەروەردەی سەرشۆڕن نەکردن و چۆک دانەدان لەگەڵ پێنج فەرزە ھاوتای خیرو خواپەرستبکات. ھەر بستە خاکێکی داگیرکراومان ھاوشانی قودس و کەعبەی پیرۆز بکات. دەمامکی سەرچاوی داگیرکەران بدڕێنێت و ڕوخساری ئیسلامی شۆڤێنی تەڵەکەباز ھاوشێوەی سۆشیالیزمی شۆڤێنی داگیرکاری ڕیسواو شەرمەزار بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.