کێ بۆشایی ئۆپۆزیسیۆن پڕ دەکاتەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 344 جار بینراوە

عەبدوڵڵا رێشاوی

وەک بڵێی کەس تاقەتی لێدان لە ھەورازی ئۆپۆزسیۆنی نەماوە، لە سێ حیزبەکەی ئۆپۆزسیۆنی جاران تەنیا یەکگرتووی ئیسلامی، لەسەر داوای ئەمیندارەکەی ھەر لە سەرەتاوە خۆویستانە رێگای ئۆپۆزسیۆنیی ھەڵبژارد، ئەویش ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابی کە بۆ ئیسلامییەکان ئەم ستایلە لە ئۆپۆزسیۆن پاساوی خۆی ھەیە و دەکرێت لە وتارێکی دیکەدا باسی بکەین.

لەپاڵ ئەمەشدا وادیارە نەوەی نوێش کێشەی لیدەری ھەیە و پێناچێت شاسوار عەبدولواحید توانای ئەوەی ھەبێت حیزبێکی راستەقینەی بەرفراوان بەڕێوەبەرێت و ئەم کارە بۆ ئەو گەنجە بزنسمانە، بێ ئەزموونی سیاسی و مێژوو، سەخت کەوتەوە، وەک بینیمان ئەوەی لە ماوەی چەند مانگێکدا بەدەستی ھێنا، لەماوەی چەند ھەفتەیەکدا دۆڕاندی و تۆپی تیپەکەی زۆر زوو تەقی.

ئەزموونی زۆربەی گەنجەکانی تریش لە نەوەی دووەمی سیاسەت لە کوردستاندا ھەروا کەوتەوە و وەک دەبینین زۆربەیان دووچاری شکستی جەماوەری و سیاسیی گەورە بوون و تەنیا چەند ساڵێک توانییان شۆی سیاسی بکەن و ھەر زوو خانەنشین بوون.

ئەم راکردنەی ھێزە تەقلیدییەکان لە ئۆپۆزسیۆنبوون ھەر پاساوێکی واقیعیشی ھەبێت – کە ھەیەتی- بەڵام دواجار بێ مەرام و پاڵنەری کەسی نییە و تێکەڵەیەکە لە بژارەی ناچاری و بەرژەوەندیی شەخسی و دەستکەوتی دارایی و دواجار “بە ئیسراحەت سیاسەتکردن” لە پەنای خێروبێری حکومەتدا.

رێکنەخستنی دۆخی ئۆپۆزسیۆن بە یاسا و لە چوارچێوەی دەستوور یان عورفی سیاسیی کوردستاندا، یەکێک لەو ھۆکارانەیە کە رێگای ئۆپۆزسیۆنی سەخت کردووە و کەس ناتوانێ تاسەر ئەو رێگایە تەواو بکات، ئەمەش وای کردووە ھەمیشە ھەمووان پەنا بۆ بەشداری لە حکومەتدا بەرن کە ئەمە لە ھیچ کوێی دنیای دیموکراسیدا نەبووە و ھەمیشە دەبێت بازنەیەک بۆ کاری ئۆپۆزسیۆن دروستبکرێت تا ھێزەکان بتوانن لەوێدا کاری سیاسیی خۆیان وەک ھێزگەلێکی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە ئەنجام بدەن.

رێکخستنی دۆخی سیاسی و یاسایی ئۆپۆزسیۆن کاری حکومەتیش ئاسان دەکات، بەوپێیەی داخوازیی حیزبەکان بۆ بەشداری لە حکومەت کەمتر دەبێتەوە کاتێک زەمانەتی ئەوەیان وەرگرت کە لە دەرەوەی حکومەت ژیانی سیاسییان پارێزراو دەبێت.

کاتێک ھەرچی شیرینی و خەستاوی ھەنگوینەکەیە لەناو حکومەتدا بێت و لە دەرەوەی حکومەت ھێزەکان توانای ھەناسەدانیان نەبێت و بە ھەموو شێوەیەک دووچاری ئیقسا ببنەوە، ئەوکات ھەمیشە ئەو حیزبانە یان دەبێت لە دۆخێکی شۆڕشگێڕانەدا بن –کە پێیان ناکرێت- یان دەبێت تا ئەوپەڕی ھەوڵدان ھەوڵی خۆخزاندنە ناو حکومەت بدەن، ئەمەش وادەکات ھەمیشە ناڕِەزایەتی بکەوێتە ناو جەماوەر، بەمەش ھێزی نوێ لەدایک ببێت، ئەمە ئەگەر بێت و تەقینەوەی جەماوەریی حساب بۆنەکراو روونەدات.

ئێستا بۆشاییەکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن لە دنیای سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، پارتی و یەکێتی و گۆڕان بە ئاسانی دەسەڵات بەڕێوەدەبەن بێ ھیچ سەرئێشەیەکی جددی.

ئەوکاتەی لە ٢٠١٤ بزووتنەوەی گۆڕان چووە حکومەتەوە، لە مەجلیسێکی کاک نەوشیرواندا بووم گوتی ئێمە کە لە دەرەوەی حکومەت بووین، ئۆپۆزسیۆنێکی جددی بووین، ھەرکەس پێی خوار دابنایە لێمان دەکردە ھەڵا، دەبا ئێستەش کە ئێمە دەچینە حکومەتەوە خەڵکی تر ببنە ئۆپۆزسیۆنی جددی و کەی ئێمە پێمان خوار دانا لە ئێمەی بکەنە ھەڵا.

بەڵام ئەوەتا ئێستا دۆخی دەسەڵات تەواو ئارامە، ئەو بەدیلە جددیە ھێشتا بەتەواوی دروست نەبووە، بەڵام ھێشتاش گریمانەی ئەوە دەکرێت کە کۆمەڵگای کوردستان ھێزی نوێی ئۆپۆزسیۆن بخاتەوە.

ئێستا وا دەردەکەوێت ئیسلامییەکان خۆیان بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابیی نەرم ئامادە دەکەن، بەڵام تائێستا ئەم ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییەش سست و لاوازە، چ لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکانیان لە بەغدا و فراکسیۆنەکانیان لە ھەرێمی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، ھەروەھا لەسەر ئاستی میدیایی و کاری جەماوەریش.

یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکان لەم ماوەیەدا دوورخرایەوە بۆ کاتێکی نادیار بێ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن قسەیەکی جددی بکات و وەک جاری جاران لە میدیاوە تەنگ بە دەسەڵات ھەڵبچنێ، دۆخی کەرکووک بەدەست پارتی و یەکێتییەوە گیرۆدەیە و ئەم ئۆپۆزسیۆنە ھیچی بۆ ناکرێت، چونکە ستراتیژی نییە.
بۆیە لەگەڵ بوونی ئیسلامییەکانیش لە دەرەوەی حکومەت و دەستھەڵبڕینیان وەک ھێزی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ھێشتاش بۆشایی ئۆپۆزسیۆن پڕنەبووەتەوە و ئەگەری ئەوە ھەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ھێزی سیاسی و جەماوەریی دیکە لەدایک ببێت.

بێگومان دەسەڵاتیش پێی خۆش نییە ئەو گۆڕەپانە ھەستیارە بە تەنھا لەلایەن ئیسلامییەکانەوە قۆرخ بکرێت.

ئەم ھێزە نوێیە ئەگەر لەدایک ببێت، پێموایە ماسییە چکۆلە پەرش و بڵاوەکانی نەوەی نوێ قووتدەدا، لەھەمانکاتیشدا دەبێت بە تەحەددایەک لەبەردەم تیۆریای “ئۆپۆزسیۆنی ئیجابی”ی سەڵاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی.

بۆ قسەکردن دەربارەی ئۆپۆزسیۆنی ئیجابیی ئیسلامییەکان پێویستمان بە وتارێکی دیکەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.