گەڕانەوە لە کەلاوەکانی دەوروبەرەوە..

لەلایەن ستاندار Posted on 292 جار بینراوە

د. رێبوار کەریم مەحمود

لەچوارچێوەی راگەیاندنی پرۆژەکەی، بەڕێز مەلا بەختیار، ھێرشێکی ھەڵقوڵاو لە خەفەتەوە، بەرامبەر بە د.بەرھەم سالح ئەنجامدا. تەنھا بۆ بەرچاوڕوونی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەمە بەردەم خەڵکی ھۆشیاری ئەم وڵاتە:
یەکەم: تێناگەم بۆچی سەرکردەی حزبێک، ئەوەندە نارەحەتە بە سەرکەوتنی حزبەکەی لەپرۆسەیەکی دیموکراسیداو بەسەر حزبێکی مونافسیدا؟! یان تەنھا مەسەلەکە ئەوەیە کە بەڕێزی نەبوە کاندیدی یەکێتی و ئەو کەسەش کە کاندید کرا بەدڵی ئەو نەبو؟ ئایا بەڕاستی کوتلەگەری ئەوەنیە تۆ دژایەتی کاندیدێکی پەسەندکراوی زۆرینەی رەھای حزبەکەت بکەیت؟
دووەم: ئەم عەشقی پاشکۆیەتیە بۆ پارتی لەچیەوە ھاتوە؟ بۆ ھەر ئەبێ پرۆژەکانی پارتی موھیمترو پەسەندکراوتربن؟
بۆ مێژوو ئەیڵێم پرۆژەی پارتی بۆ رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی لەپرسی سەرۆککۆماردا، پرۆژەی تەسلیمبون بو. پارتی ئەیویست ئێسقانی یەکێتی بھاڕێ. چۆن دەبێ پرۆژەی ئێسقانھاڕین بۆ حزبەکەت لاپەسەندبێ؟! تەنھا لەبەرئەوەی د.بەرھەم نەبێ بە سەرۆککۆمار.
ئاخر لەدوای جیابونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەپارتی و لە شەستەکانی سەدەی رابردوەوە، تەنھا لە مەسەلەی ھەڵبژاردنی د. بەرھەم بە سەرۆککۆمار بە پارتی وتراوە ستۆپ. تۆ وەک یەکێتییەک! بۆ ئەبێ ئەم ستۆپەت پێناخۆش بێت؟!
لەمەشدا پارتی تەسلیمی واقع بوە، بەڵام بۆ ئەبێ سەرکردەیەکی خودی حزبەکە ھێشتا واز لەو بابەتە نەھێنێت!
سێیەم: سەبارەت بە دۆخی کەرکوک، ئەوەندە بەسە بپرسین ئایا لەسەردەمی فەرمانڕەوایی حزبی و حکومی د. بەرھەمدا وا بەسەر کەرکوک ھات؟ یان ئەوکاتەی بەڕێز مەلا بەختیار لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدا بو؟!
سەبارەت بە دانانی پارێزگاریش بۆ کەرکوک، دڵنیای بەڕێز مەلا بەختیار دەکەمەوە کە ئەوە د. بەرھەمە رێی لە چەندین بڕیاری پارێزگاری ئێستای کەرکوک گرتوە کە دژ بە پێکھاتەی کورد بوە لەو شارەدا، بەڵام پێشوتریش دۆستەکانی بەڕێز مەلا بەختیاربون کە ئەو دۆخەیان بەسەر شارەکەدا ھێناو دواتر رایانکرد بۆ ھەولێر.
ئێستاش کە پارێزگارێکی یەکێتی بۆ ئەو شارە دادەنرێت، بەدڵنیاییەوە بەپێداگری د.بەرھەم و بڕیاری موەحەدی یەکێتیە، کە لەسەردەمی بەڕێز مەلابەختیاردا نەتوانراوە بڕیاری موەحەدی لەو جۆرانە بدرێت.
چوارەم: لەپرۆسەی بڕیاردروستکردنی ئەم ماوەیەی یەکێتی، د.بەرھەم رۆڵی گەورەی ھەیەو شانبەشانی سەرکردەکانی یەکێتی دەیانەوێ سەربەخۆیی و ئازایی بۆ بڕیاری یەکێتی بگەڕیننەوە. ھەنگاوەکانی ئەوانەی ئێستا یەکێتی ئاراستە دەکەن، ئەگەرچی سەرەتایە، بەڵام رۆژبەڕۆژ ئومێد لەنێو خەڵکیدا دروست دەکات. بەتایبەت ئەوانەی چەندین ساڵ گیرۆدەی بێ بڕیاریی و پاشکۆیەتی و پەرشوبڵاوی یەکێتی بون. ئەوانەی ساڵانێکی زۆر بەناوی کۆدەنگی و یەکڕیزییەوە بونە قوربانی. لەو باوەڕەدا بوم بەڕێز مەلا بەختیار دوای ئەم چەند مانگە بەدەستخۆشییەوە ببوایەتە بەشێک لەو بڕیاردروستکردنە.

بەشێوەیەکی گشتی دۆست و دوژمن، شاھێدی ئەو راستیەن، کە رۆڵی د.بەرھەم سالح لەئێستادا باشترین رۆڵەو دەتوانێت لەداھاتوشدا، کاریگەرتر لەئێستا، ھەنگاوی گەورەی سیاسی بنێت، کە ھەمویان لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و عیراق و دوورە لە گەڕان بەشوێن بەرژەوەندی کەسیدا. لەمەشدا ئەرکی ھەمومانە پشتگیری ئەو ئاراستەیە بکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.