ئەمریکا پێویستی بەگۆڕینی حوکمی مەلاکان نیە.

لەلایەن ستاندار Posted on 254 جار بینراوە
ھێرش عبدولرەحمان
‏كێشمەكێشەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ماوەكانی ڕابردوودا پێی نایە قۆناغێكی هەستیار و تا رادەیەك مەترسیدارەوە. بەكارهێنانی هێزی زبر و زمانی توند و لێدوانی جاڕسكەر لەلایەن هەردوولاوە شرۆڤەكارانی خستەسەر ئەو قەناعەتەی كە پێكدادانی سەربازیی ئەگەرێكی دوور نەبێت.
‏بۆ نموونە، ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكەی ئەمریكا لەلایەن ئێرانەوە زیاتر نیشاندانی هێز بوو لەلایەن ئەم وڵاتەوە وەك لەهەر شتێكی دیكە. بەڵام ئەگەرێك هەیە كە لای ئەمریكییەكان ئەم ڕووداوە زیاتر بۆ تاقیكردنەوەی تواناكانی ئێران بووبێت، بۆئەوەی بزانن ئایا تاران توانا و لێوەشاوەیی سەربازیی ئەوەیە كە حسابی جددی بۆ بكرێت یان نا. واشنتۆن لە مێژە لە نزیكەوە سەیری دۆخی ناوخۆیی ئێران دەكات و وەك دەوترێت ئاگای لە هەموو شتێكی ئەو وڵاتە هەیە هەر لەبارەی حكومەت و كابەدەستانی ئێرانەوە بیگرە تا دۆخی ئابووریی و كایەكانی تر. لە ئێستادا ئیدارەی ترەمپ ڕەنگە زۆر كاری بە گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی مەلاكان نیە، بەڵكو تەنیا كێشەی ئەوەیە ئەم وڵاتە بەهێز نەبێت و نەتوانێت مەترسی بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دروست بكات.
‏لە كێشەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەندێك فاكتەر هەن كە دەكرێت یارمەتیمان بدات بۆ تێگەیشتن لە ئاستی ململانێكان. حەقیقەتی سەرەكی ئەوەیە سنووری ئەمریكا بە ئێرانەوە نیە، بەم پێیەش بێت واشنتۆن ترسی ئەوەی نیە ئێران بتوانێت ئاسایشی نیشتمانی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بخاتە مەترسیەوە. هەروەها لە ڕووی توانای سەربازییەوە سوپای ئێران وەك سوپای ئەمریكا بەهێز و لە ڕووی تەكنۆلۆژییەوە پێشكەوتوو نییە. بەڵكو پێداویستی و چەك و جبەخانەكانی ئێران هی سەردەمی شەڕی سارد و كۆن و بەسەرچوون. خۆ لە حاڵەتێكدا ئەگەر شەڕ رووبدات ئەوا ئەمریكا كێشەی ئابووریی یان بودجەی نییە وەك ئەوەی ئێران هەیەتی.
‏ئەم هۆكارانە بەسن بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونیەكمان بداتێ لەبارەی ئەوەی ڕووخانی حكومەتی تاران ئاسانە بەڵام دواییەكەی ئاسان نییە. چونكە ئێران لە ناوچەكەدا كۆمەڵێك لایەنگر و میلیشیا و هێزی هەیە كە لە نەتەوە و وڵاتانی دەوروپشتدا هەن. هۆكاری سەرەكی ئەوەش كە ئێران ئاوا كاریگەری هەیە لە ناوچەكەدا بەهۆی لاوازی ئەو حكومەتانەوەیە كە شیعە تیایاندا باڵادەستن.
‏ڕوون و ئاشكرایە تواناكانی ئەمریكاو ئێران بەراورد ناكرێن. ئێران هەر ڕێگایەك تاقی بكاتەوە بەرامبەر ئەمریكا ئەوا دەبێتە دۆڕاوی سەرەكی. دواجار هەر دەبێت تەسلیمی داواكارییەكانی ئەمریكا ببێت. خۆ ئەگەر ئەمەش ڕووی نەدا ئەوا ستراتیجی ئەمریكا ڕوونە كە لە ڕێگەی هێزە دەریاییەكانییەوە و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا تەواوی هێزە ئاسمانییەكانی و بنكەكانی و پێگەی ئەتومییەكانی ئێران لەناو دەبات. بەڵام ئەوەی ئێرانییەكانی دڵ خۆش كردووە ئەوەیە لە دەرەوەی سنوورەكانی كۆمەڵە هێزێكی پرۆكسی هەیە كە لە ڕوودانی شەڕدا پشتی پێ بەستوون تا زۆرترین زیان بە هێزەكانی ئەمریكا بگەیەنن لە ناوچەكەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.