لە یادی نەوەد ساڵەی لەدایکبوونی ھابرماز دا

لەلایەن ستاندار Posted on 232 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

مانگی ڕابردوو، ڕۆژی ١٨-٦-٢٠١٩، یورگن ھابرماز، گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانیی و نەوەی دووھەمی قوتابخانەی فرانکفۆرت، تەمەنی بوو بە نەوەد ساڵ. ئەم بۆنەیەش وایکرد جارێکی تر لە زیاد لە شوێنێکی دونیادا کارە فیکریی و تیورییەکانی ھابرماز جارێکی دیکە باس بکرێنەوە و ڕا و بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دەرببڕدرێت. ئەوەندی من ئاگادار بم شتێکی ئەوتۆ بە زمانی کوردیی و تەنانەت بە عەرەبیی لەسەر ئەم بۆنەیە نەنوسرا. ئەوەی من لێرەدا دەینووسم ڕاوەستانێکی خێرایە لەسەر تێزەی سەرەکیی ناو بیرکردنەوەی ھابرماز کە ”تیورەی پەیوەندییکردن و گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێی عەقڵانی“یە. من تا ئێستا سێ جار لەسەر ھەندێک ڕەھەندی فیکری ھابرماز ڕاوەستاوم. یەکەمجار لە کتێبی ”دەربارەی فەلسەفە و ئیسلام و ڕۆشنگەریی“ دا کە ساڵی ٢٠٠٢ و دووھەمیان لە کتێبی ”دین و عەلمانیەت“ و ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی“ دا کە ساڵی ٢٠١٨، بڵاوکرانەوە.
بەبۆچونی من ھابرماز بە پلەی یەکەم فەیلەسوفێکی سیاسییە و پرۆژە سیاسییەکەشی بەرگریکردنێکی گەورەیە لە دیموکراسیەت بەگشتیی و لە لیبرال دیموکراسیی و دەوڵەتی یاسا و دەوڵەتی ھاوڵاتیی و مافەکانە، بە تایبەتیی. یەکێک لە چەمکە سەرەکیی و گرنگەکانی ناو فیکری سیاسیی ھابرماز چەمکی ”نیشتیمانپەروەرێتی دەستوریە“ Constitutional patriotism, کە تیایدا بەرگرییەکی سەرسەختانە ھەم لە دەوڵەتی یاسای لیرال دیموکراسیی و ھەم لە پرۆژەی ئەوروپای یەکگرتوو دەکات. بەم مانایە ئەوەی ھابرماز بەرگریی لێدەکات تەواو ناکۆکە بەو شەپۆلە پۆپۆلیستی و ڕاسیستی و ناسیۆنالیستیە گەورەیەی ئەمڕۆکە لە ئەوروپا و ئەمریکادا، ئامادەیە.
بیرۆکەیەک کە دەشێت بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی فیکری ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانییە بزانین، بریتییە لە بیرۆکەی ”گفتوگۆ“ و ”دیبات“ و ”ڕاگۆڕکێ“ لەنێوان مرۆڤ و گروپ و ھێزە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەمانەش نەک تەنھا وەک ئامرازیی لێکنزیکبوونەوەی ئەوانە لەیەکتریی و کۆبوونەوەیان لەدەوری یەکتری، بەڵکو وەک ئامرازێکی سەرەکییش بۆ ”بەرھەمھێنانی ھەقیقەت“. لای ھابرماز ڕاستیی، بەتایبەتیی ڕاستیی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی، بوونێکی بابەتیی و سیستماتیکیانەی نییە، بەڵکو لە میانەی پەیوەندیی و کاری پێکەوەیی و ھاوکاریی و ململانێێ و ڕاگۆڕکێی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدا دروستدەبێت. ئەمە وادەکات چەمکی سەرەکیی لە فیکری ھابرمازدا چەمکی ”عەقڵانیەتیی پەیوەندخواز“بێت، ”communicative rationality.“ بەبۆچونی ھابرماز نۆرم و بەھا سەرەکییەکانی عەقڵانیەت خۆی لەناو پەیوەندیی و گفتوگۆدا ئامادەیە، پەیوەندیکردن خۆی ئاکت و کردەیەکی عەقڵانییە، بۆیە گەیشتن بە دەرەنجامی عەقڵانیش بەشێکە لە کردەی ھەموو پەیوەندیکردنێکی سەرکەوتوو.
ھابرماز ئەو دۆخەی کە دەشێت بەردەوام پەیوەندیی عەقڵانیی بەرھەمھێنان و کراوەی بەڕووی گۆڕانکاریدا، تیادا لەدایکببێت ناو دەنێت ”دۆخی قسەکردنی ئایدیالی“ ideal speech situation. ئەم فۆرمە ئایدیالیە لە پەیوەندیکردن و ڕاگۆڕکێ و گفتوگۆ فۆرمێکی تەواو ئازادە و ئەوەی تیایدا سەروەرە ئەرگومێنت ھێنانەوەی عەقڵییە، ئەوەی کە ھێزە لەم دۆخە ئایدیالیەدا ھێزی ئەرگومێنتە، ھێزی ئەرگومێنت و ھیچیتر. واتە لەم دۆخەدا ھیچ کەسێک ھیچ پێش مەرج و زمان و دید و پێشداوەرییەکی پێنییە بیەوێت بەزۆر بەسەر ئەوانیتردا بیسەپێنێت، بە پێچەوانەوە ئەوەی کە لۆژیکی پەیوەندیکردنەکە دستنیشاندەکات، ھێزی بریکردنەوە و بەھانەھێنانەوەی عەقڵانییە، ھێزی ئەرگومێنت و پاسادانە. لەم دۆخە ئایدیالیەدا بەھانە و پاسادان و ئەرگومێنتی باش، بەسەر بەھانە و ئەرگومێنتی ناباشدا سەردەکەوێت. یاسا ئەخلاقییە سەرەکییەکەی ئەودیوی ئەم دۆخە ڕێزگرتنی کەسەکانە لەیەکتریی و مامەڵەکردنی مرۆڤە وەک مرۆڤ، وەک مرۆڤی یەکسان و خاوەن ڕا و خاوەن توانای گفتوگۆکردن و پاسادانکردن. لەپشتی ئەم دۆخەوە مۆراڵێکی ئینسانیی ئیشدەکات کە لەسەر نرخاندنێکی پۆزەتیڤی ئینسانبوونی ئینسان کاردەکات.
ھەموو ئەمانەش تەواو جیاوازە لەو فۆرمانەی پەیوەندیی کە لەسەر دۆر و فێڵ و تەڵەکەبازی و لەسەر بەھەڵەدابردن و ھەڵخەڵەتاندن بنیادنراون. یان ئەو فۆرمانە لە پەیوەندیی کە نەزانیی یان بێئاگایی ئەوانیتر بەکاردەھێنێت بۆ بەلاڕێدابردن و سەرلێشێوانن، تا بە مل شکاندنی تەواوەتی دەگات. ھاوکات تەواو دژ بەو فۆرمانەی تری پەیوەندییە کە لەسەر ریتۆریک و زمانێکی بەلاغیی و ئیشنایی نادیار و تەماویی دامەزراوە، کە دەشێت دەیان تەماح و ئارەزووی نھێنیی نادروست لە پشتیانەوە پەنھانبێت. بەم مانایە ئەو عەقڵانیەتیی پەیوەندییخوازەی ھابرماز بەرگریی لێدەکات، ئەو فۆرمانەی پەیوەندیی نییە کە تیایدا تەماحی سەپاندنی دەسەڵات و پەیوەندییەکی ناپەیوەندیخواز ئامادەیە.
لای ھابرماز بیرۆکەی سەرەکیی لە ”عەقڵانیەتی پەیوەندخواز“دا ڕێگرتنە لە ”ستەمگەریی“ لە ھەموو فۆرمەکانیدا. ڕێگرتنە لەوەی کەسێک یان گروپێک یان نوخبەیەک یان دیکاتۆرێک لەباتی ھەمووان و بۆ ھەمووان بدوێت و بیربکاتەوە و بڕیاربدات. بەبێ ئامادەگییەکی ڕاستەقینە بۆ گفتوگۆی کراوە و ڕاگۆڕکێ و بەھانە و ئەرگومێنت ھێنانەوەی بەردەوام، ھیچ مانایەک بۆ ڕەخنەگرتن و جیاوازیی و دەنگ و سەدای کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تر، لە کۆمەڵگادا نامێنێتەوە. ھیچ مانایەک بۆ ڕەخنەکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتداران نامێنێتەوە، ھیچ مانایەکیش بۆ پاراستنی پلورالیزم نامێنێتەوە. غیابی دیالۆگ بە مانا ھابرمازییەکەی، یان وێرانبوونی دیالۆگ و ڕاگۆڕکێ و دابەزینین بۆ ئاستی درۆ و دەجەل و خەڵەتاندنێکی بەردەوام، جگە لە سەروەرکردنی ستەمگەریی، شتێکی تری لێ چاوەڕێ ناکرێت. بەشێکی گەورەی وێرانەکانی ئەمڕۆ، پەیوەندییەکی پتەویان بە وێرانکردنی ئەم دیدە ھابرمازییەوە بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و ئەرگومێنت ھێنانەوەی عەقڵانیی و ڕاستگۆیانەوە، ھەیە. ڕێکەوت نییە ”فەیک نیوس“، واتە ”ھەواڵی ساختە“ ئەمڕۆ یەکێکە لە کێشە گەورەکانی دونیای پەیوەندیکردنی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدا.
لە پەیوەندیدا بە دونیای ئێمەوە ئەوەی لە فیکری ئەم فەیلەسوفەدا گرنگە پاککردنەوەی ڕووبەری گشتیی ئەو کۆمەڵگایەیە لەو ھەموو درۆ و دەجەل و دەمامکانەی کە ھەن، لەو ستراتیژیەتی یەکتر خەڵەتاندن و لەخشتەبردن و بێدەنگکردنەی کە ھەیە، لەو ھەیمەنە گەورەیەی ریتۆریک و بەلاغەی بەتاڵ. ڕێگرتن لە درێژەدان بە قرتاندی ئەو پەیوەندییەی کە ڕووبەری گشتیی و دەزگاکانی حوکمڕانیی، یان قسەکردن و عەقڵیەتی حوکمڕانیی لەیەکتری، دادەبڕێت و دابڕیوە. دەشێت لەم ڕووانەوە شتێکی زۆر لە چەند ڕەھەندێکی گرنگی فیکری ئەم فەیلەسوفەوە فێرببین. بێگومان زۆر ڕەھەندی تری فیکری ئەم پیاوە گرنگن و دەتوانن ھاریکارمان بن بۆ دەسکاریکردنی دونیای خۆمان، بەڵام باسکردنی ئەمانە دەکەونە دەرەوەی مەبەستی ئەم نووسینە کورتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.