پارتی، بۆ بردیەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 215 جار بینراوە

ڕابون مه‌عروف

ئێستا ئیتر بۆ ھەموان ئاشکرایە کە لە ململانێی سیاسی دەیان ساڵی رابردو، پارتی براوەی یەکەمە. پارتی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان دەکات. پارتی ئیدارەی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم دەکات و بە کردەوە ھەمو دەزگا و دامەزراوە نیشتیمانیەکانی ھەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لە ھەولێری پایتەخت لەژێر ھەژمونی پارتیدان. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە؛ پارتی چۆن ململانێکەی بردەوە؟

سەرکەوتنی پارتی، پێشئەوەی لە ھەژمونی سەربازی و ئیداری و جوگرافی خۆی بنوێنێت، سەرکەوتنی ریباز و شێوازە سیاسییەکەی پارتییە، سەرکەوتنی ئەو فۆرمەیە لە حیزب و سیاسەت کە پارتی پێدەناسرێتەوە. پارتی، وەك جەمسەرێکی سەرەکی لە ململانێی سیاسی دەیان ساڵی رابردو، تەنھا کاتێك تەنگیپێھەڵچنراوە، کە روبەڕوی ھێزێکی جیاواز بوبێتەوە. ئێستا، لە کوردستانی عێراق، ھیچ حیزب و جوڵانەوەیەکی سیاسی کاریگەر ئامادە نیە کە جیاوازی ریشەیی ھەبێت لە پارتی. بۆیە پارتی ناکەوێتە بەردەم تەحەدییەکی راستەقینەی سیاسی جیاواز لە خۆی. زۆربەی حیزب و جوڵانەوە سیاسییەکان بە ھەمان ئەو میکانیزم و دید و رێبازە بەڕیوەدەبرێن، کە پارتی بەردی بناغەکەی داناوە.

ئەگەر، نەبونی دیموکراسی لە ژیانی حیزبی، وەستانی خێزانێك لەسەر ھەرەم و پەیکەری حیزب، گۆڕانی حیزب بۆ فۆرمێك لە کۆمپانیای سیاسی، وەك سێ بنەڕەتی شوناسی سیاسی پارتی دیاریبکەین، دواتر بەراوردی بکەین بە حیزب و جوڵانەوە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق، بەسەر ئەو راستیەدا دەکەوین کە زۆربەی ھەرە زۆری حیزبەکان لە ئێستادا فۆرمی دوبارەی پارتین. پارتی بۆیە ئەجێنداکانی، بێبەربەست و لەمپەری ئەوتۆ بۆ دەچێتەسەر، چونکە ھێزێکی سەرەکیی جیاواز لە بەرامبەر پارتی ئامادە و چالاك نییە. بۆ چاوی روناك ئاشکرایە کە، یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ، سێ کۆپی شێواوی پارتین. وەك پارتی، ئەو سێ ھێزە؛ نادیموکراتن، حیزبی خێزانن، کۆمپانیای سیاسین.

ھیچ گومانی تێدانیە کە ھێزێك ناتوانێت پاشەکشە بە ھەژمونی پارتی بکات کە خۆی کۆپی پارتی و شێواز و رێبازە سیاسییەکەی پارتی بێت. خەڵك ژیان و ئایندەی خۆیان ناخەنە مەترسییەوە بۆ کۆمەڵێك ھێز، کە پاشکۆی سیاسی و فیکری و دیوی دوەمی پارتی بن.

ھێز و رێبازێکی سیاسی دەتوانێت پاشەکشە بە پێگە و ھەژمونی پارتی بکات، کە خۆی سەرتاپا لە پارتی جیاواز بێت. ھێزێك، دیموكرات بێت و حیزبی خێزان نەبێت و رۆڵی کۆمپانیای سیاسی نەگێڕێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.