سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی
داعش چۆن مه‌خمورى داگیركرد ؟
پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له رێككه‌وتى 7ى ئابى 2014، چه‌كدارانى داعش به دوورى نزیكه‌ى كه‌متر 65 كیلۆمه‌تر له هه‌ولێر نزیكبوونه‌وه‌و هه‌ولێر، وه‌ك پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان له هه‌رسێ میحوه‌رى ( گوێر، مه‌خمور، خازر) كه‌وته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى داگیركردن.
10 رۆژ به‌ر له داگیركردنى مه‌خموور له كۆتایى مانگى تهمووز، قاسم سلێمانى ناسراو به حاجى ئاغا، فه‌رمانده‌ى سوپاى قودس، سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كات و دواتریش به ئاگادارى بارزانى سه‌ردانى به‌ره‌كانى شه‌ڕده‌كات له قه‌زاى مه‌خموور.
سلێمانى داواده‌كات بارزانى ببینێت و ئه‌وكات به بارزانى راده‌گه‌یه‌نێت، ره‌نگه چه‌كدارانى داعش هێرش بكه‌نه سه‌ر شارى هه‌ولێرو ئه‌سته‌میشه بتوانرێ رێگه‌یان لێبگیرێت، چونكه هێزه‌كانى پێشمه‌رگه شاره‌زایان له‌م جۆره شه‌ڕه‌دا نییه كه ئه‌وان ده‌یكه‌ن.
دواتر‌و دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى قاسم سلێمانى بۆ ئێران له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له تاران و نوێنه‌رى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ئێران كۆده‌بێته‌وه‌و هه‌مان زانیاری‌یان پێ راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام نه بارزانى و نه نوێنه‌رانى حكومه‌ت و پارتى قسه‌كانى ئه‌و، وه‌ك خۆى به هه‌ند وه‌رناگرن پێیانوایه، شارى هه‌ولێر به‌و راده‌یه مه‌ترسى له‌سه‌ر نییه‌و ده‌توانرێ له رێگاى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و به‌رگرى لێبكرێت.
رۆژى 7 ئاب، چه‌كدارانى داعش له‌سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌كانى هه‌ولێر هێرشده‌كه‌ن و سه‌ره‌نجام ناحیه‌ى گوێرو قه‌زاى مه‌خموور داگیرده‌كه‌ن، چۆلكردنى ئه‌و ناوچانه له لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌وه، مسعود بارزانى توشى شۆك ده‌كات.
بارزانى له‌به‌رانبه‌ر نزكبوونهوهى داعش له هه‌ولێر نیگه‌رانییه‌كى زۆر دایده‌گرێت، بۆیه هه‌وڵده‌دات هه‌موو كه‌ناڵه‌كان بخاته‌گه‌ڕ، بۆئه‌وه‌ى هه‌ر چۆنێك بێت هه‌ولێر نه‌كه‌وێت.
شه‌وى 7ى ئاب، مه‌سعود بارزانى ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندى به به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا بكات له رێگاى هۆشیار زێبارى و ئه‌وه‌بوو هه‌مان شه‌و نێچیرڤان بارزانى له هه‌ولێره‌وه په‌یوه‌ندى به هۆشیار زێباریهوهكرد له به‌غدا، به‌مه‌به‌ستى ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌و مه‌ترسیه‌ى داعش له‌سه‌ر شارى هه‌ولێر دروستیكردبوو.
به پێى زانیارییه‌كان ئه‌و شه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى په‌یوه‌ندى ده‌كات، هۆشیار زێبارى له خه‌ودا ده‌بێت و دواتر نێچیرڤان بارزانى داواى له ستافهكهى ناوبراو له به‌غدا ده‌كات به زووترین كات ئاگاداریبكهنهوه، به‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ هۆشیار زێبارى قسه‌بكات بۆ ئه‌وه‌ى له رێگاى ئه‌وه‌وه په‌یوه‌ندى بكات به به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا، چونكه مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر گه‌وره‌ن.
هه‌مان شه‌و دواى چه‌ند خوله‌كێك له‌سه‌ر داواى بارزانى هۆشیار زێبارى په‌یوه‌ندى به جۆن كێرى، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا هه‌ولێر له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى بپارێزێت، ئه‌گه‌ر به لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیش بێت پێویسته ئیداره‌ى ئۆباما رایبگه‌یه‌نن هه‌ولێر ده‌پارێزن.
كێرى، داوا له‌هۆشیار زێبارى ده‌كات ته‌نها 15 خوله‌كى پێبدات بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ باراك ئۆباما، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا قسه بكات، دواى ئه‌وه ئه‌و په‌یوندییه ئیداره‌ى ئۆباما‌و ئه‌مه‌ریكا له رێگاى لێدوانى رۆژنامه‌وانى رایانگه‌یاند” هه‌ولێر ده‌پارێزن و ناهێلن بكه‌وێته ده‌ست داعش”.
دواى ئه‌وه به دوو رۆژ ئه‌مه‌ریكا له رێگاى ئاسمانه‌وه بۆردومانى چه‌كدارانى داعشى كرد، ئه‌مه‌ش لهوكاتهدابوو كه له رێككه‌وتى 9ى ئاب، ئه‌مریكا داواى له‌سه‌رجه‌م هێزه كوردییه‌كان كرد بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هێلى 36 كه له پێشووترو له راپه‌رینى ئازارى ساڵى 1991 دروستكرابوو.
به پێى زانیارییه‌كان به‌ر له‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ببێته سه‌رهێل، به 48 كاتژمێر پێشووتر هێزێكى ئێرانى به سه‌رۆكایه‌تى قاسم سلێمانى ده‌گه‌نه نزیك مه‌خموورو میحوه‌رى خازر، هاتنى ئه‌و هێزانه‌ش له‌سه‌ر داواى بارزانى و یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان بوو، جگه‌له‌وه‌ش هه‌ر ئه‌وكات نازم ده‌باغ، نوێنه‌رى حكومه‌ت له تاران په‌یوه‌ندى به به‌رپرسانى باڵاى ئه‌منى ئێران كردبوو ( دواى ئازاكردنى مه‌خموور گوێر بارزانى سوپاس نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى حه‌سه‌ن رۆحانى، سه‌رۆك كۆمارى ئێران كرد، بۆ ئه‌و هاوكارییه‌ى پێشكه‌شى هه‌ولێریان كرد، ئه‌وكات ده‌قى نامه‌كه‌ش له میدیاكان بڵاوبۆه).
هێزه ئێرانییه‌كان شانبه‌شانى پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانى په‌كه‌كه له‌مه‌خموور توانیان بۆ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له هاتنى چه‌كدارانى داعش بگرن بۆ شارى هه‌ولێر، تاوه‌كو له 9ى ئاب ئه‌مه‌ریكا هاته سه‌ر هێل.
بێ هیوایهكهى بارزانى لهمهڕهاتنى چه‌كدارانى داعش بۆ هه‌ولێر
به پێى زانیارییه‌كان له‌گه‌ڵ هاتنى چه‌كدارانى داعش له 7ى ئاب بۆ مه‌خموور و گوێرو نزیكبوونه‌وه‌یان له هه‌ولێر، بارزانى ئه‌وشه‌وه زۆر بێ ئومێد ده‌بێت بۆ ماوه‌ى 3 كاتژمێر هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك وهڵامناداتهوهو هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كى له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه ده‌پچرێنێت.
دواى ئه‌م بێئومدێیه فواد حسین، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم په‌یوه‌ندى به سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ده‌كات له باره‌ى نیگه‌رانییه‌كانى بارزانى و ئه‌و بارودۆخه‌ى كه دروستبووه، داواى لێده‌كات یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان هه‌وڵه‌كانى خۆیان بخهنهگهڕو بارزانى ببینن و رێگه له هاتنى چه‌كدارانى داعش بگرن.
دواى ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى فواد حسێن، وهفدێكى یه‌كێتى به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌لا بهختیارو سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره داواده‌كه‌ن چاویان به بارزانى بكه‌وێت، به‌رله بینینى بارزانیش چاویان به هه‌ریه‌ك له فازل میرانى و دكتۆر رۆژ نورى شاوه‌یس و چه‌ند ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى كه‌وتبوو.
دواى ئه‌وه‌ى وهفدهكهى یه‌كێتى لهرێگاى شیفا نیهاد بارزانى كه سكرتێرى بارزانییه ئاگاداركرانه‌وه ده‌توانن بارزانى ببینن، به پێى زانیارییه‌كان مه‌لا بهختیارو سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره، داوا له بارزانى ده‌كه‌ن كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رامبه‌ر داعش ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بن و ره‌زامه‌ندى بده‌ن له سهرهێنانى هێزێكى دژه تیرۆر‌و بۆ شارى هه‌ولێرو هه‌ردوو قه‌زاى مه‌خموور گوێڕ ، دواى ئه‌وه‌ى بارزانى ره‌زامه‌ندى ده‌دات عه‌سرى 8ى ئاب ئه‌و هێزه ده‌گه‌نه سنوورى مه‌خموور و گوێڕ.
سه‌ره‌تاى هاتنى داعش بۆ مهخمووروگوێڕو نزیكبوونه‌وه‌یان له هه‌ولێر
هێرشه‌كانی به‌ناو ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له عێراق‌و شام، بۆ ناوچه سونییه‌كانی عێراق، واى كرد هه‌رێمی كوردستان زوو بكهوێتهخۆى ، مه‌سعود بارزانی، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی كرد به دامه‌زراندنی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی باڵا. له‌و كاته‌دا ته‌نیا به‌دامه‌زراندنی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی باڵا‌و نه‌وه‌ستا و له‌رووی ئیدارییه‌وه هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی رانه‌گه‌یه‌نراو و ته‌واوی هه‌رێمی كوردستانی كرده چه‌ند میحوه‌رێك و میحوه‌ره‌كانیش ته‌نیا فه‌رمانیان له‌ئۆپراسیۆنی باڵاوه وه‌رده‌گرت.
هه‌یكه‌لی ئه‌م ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ش پێكهاتبوو له هه‌ر یه‌ك له (مسته‌فای سه‌ید قادر، وه‌زیری پێشمه‌رگه. شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، راوێژكاری جه‌نگی سه‌رۆكی هه‌رێم. عه‌زیز وه‌یسی، به‌رپرسی هێزی زێره‌ڤانی. فه‌ریق شێروان).
به‌فه‌رمانی بارزانی، هێزه‌كانی پێشه‌رگه له‌سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌كانه‌وه جوڵێنران و ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی به ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر داده‌نران له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه كۆنتڕۆڵكران.
چه‌كدارانی داعش دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی به‌ره‌و به‌غدای پایته‌خت پێشره‌وی بكه‌ن، ستراتیجیه‌تی خۆیان گۆڕی هێرشه‌كانیان به‌ئاراسته‌ی خاكی هه‌رێمی كوردستان گۆڕی و سه‌ره‌تا روویان له‌قه‌زای شه‌نگال كرد‌و هێزی پێشمه‌رگه به‌بێ به‌رگرییه‌كی ئه‌وتۆ شاره‌كه‌یان بۆ داعش جێهێشت و ئه‌م جێهێشتنه‌ش كاره‌ساتی گه‌وره‌یی مرۆیی به‌دوای خۆیدا هێنا.
له‌دوای گرتنی قه‌زای شه‌نگال چه‌كدارانی داعش به‌ئاراسته‌ی قه‌زای مه‌خمور ده‌ستیان بههێرشكردو توانییان قه‌زای مه‌خمووریش كۆنترۆڵ بكه‌ن. جگه له‌وه‌ی ناحیه‌ی گوێر، كه ته‌نیا نیو كاتژمێر له‌هه‌ولێره‌وه دووره له‌لایه‌ن ئه‌و چه‌كدارانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا.
كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچكه‌ی گوێر و مه‌خمور له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش، ترس و دڵه‌راوكێی لای خه‌ڵكی هه‌ولێر دروستكرد، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك به‌بیستنی هه‌واڵی پاشه‌كشه‌ی پێشمه‌رگه هه‌ولێری پایته‌ختیان جێهێشت.
میحوه‌ری هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌ید عه‌بدوڵڵای كهردزی بوو، به‌ڵام چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی دیكه‌ش له‌و میحوه‌ره هه‌بوون وه‌ك نه‌جات عه‌لی، عه‌لی حوسێن، كاكه‌مین نه‌جار، جه‌مال مورتكه، له‌گه‌ڵ بوونی لیوای پاسه‌وانه‌كانی نێچیرڤان بارزانی و به‌شێكی لیوای تایبه‌تی مه‌سعود بارزانی و سوپای بارزان.
چه‌كدارانی داعش به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ن به مه‌خموور و گوێر له‌نزیك گه‌یاره هێزێكی پێشمه‌رگه‌یان تێكشكاندبوو، كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه كاریگه‌ری خراپی كرده سه‌ر وره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.چه‌كدارانی داعش له‌دوو قۆڵی سه‌ره‌كییه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه پێشڕه‌ویان كرد، یه‌كه‌میان ناوچه‌ی گوێر بوو ئه‌وه‌ی تریشیان مه‌خمور.
چه‌كدارانی داعش له‌قۆڵی گوندی كوشافهوه هێرشیان كرده سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه، له‌و گونده‌ش ژماره‌یه‌كی كه‌می پێشمه‌رگه هه‌بوو، بۆیه پێشمه‌رگه به‌ناچاری له‌و قۆڵه پاشه‌كشه‌ی كرد. هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌دوو ئاراسته له‌گوێر پاشه‌كشه‌یان كرد‌و ئاراسته‌ى یه‌كه‌م تا گوندی مه‌لا قه‌ره‌و له‌و لاشه‌وه هه‌وێره له نزیك هه‌ولێر. جگه لاوه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه به‌بێ ته‌قه مه‌خموریان جێهێشت و به‌بێ فه‌رمانی سه‌رووی خۆیان پاشه‌كشه‌یان كرد.
كشانه‌وه‌ی هێز بێ هیچ به‌رگرییه‌ك كاریگه‌ری خراپی كرده سه‌ر ده‌رونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، بۆیه بارزانی به‌په‌له فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری هه‌ولێری گۆڕی و سیروان بارزانی كرده سه‌رپه‌رشتی ئه‌و میحوه‌ره ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌هێزی پاسه‌وانه‌كانی نێچیرڤان بارزانی و لیوای تایبه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم و سوپای بارزان، پابه‌ند نه‌ده‌بوون به‌سه‌رپه‌رشتیاری میحوه‌ر و ئه‌وان سه‌ید عه‌بدوڵڵای كهردزیان نه‌ده‌ناسی، بۆیه سه‌رۆكی هه‌رێم ناچار بوو به‌په‌له سیروان بارزانی بنێرێته ئه‌و میحوه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان فه‌رمان له‌سیروان بارزانی وه‌ربگرن.
به پێى زانیارییه‌كان سه‌ره‌كیترین هۆكاری شكستی میحوه‌ری هه‌ولێر ئه‌وه‌بوو كه له‌مه‌خموور هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌بێ به‌رگری كشانه‌وه‌و جگه له‌وه‌ش سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره هێنده‌ی سه‌رقاڵی لێدواندان بوون بۆ كه‌ناڵه‌كان هێنده سه‌رقاڵی پلانی سه‌ربازی نه‌بوون.
به پێى زانیارییه‌كانى فه‌رمانده‌كان، ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆرتر پێشمه‌رگه له‌قۆڵی گوندی كوشاف هه‌بوایه ئه‌وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چه‌كدارانی داعش نه‌یانده‌توانی به‌ره‌و گوێر پێشره‌وی بكه‌ن. چه‌كدارانی داعش ئامانجییان گوێر بوو زیاتر، چونكه پلانی ئه‌وان ئه‌وه بوو له‌رێگه‌ی گوێره‌وه به‌ره‌و هه‌ولێر پێشره‌وی بكه‌ن ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه گوێر له‌رووی جوگرافییه‌وه نزیكتره له‌هه‌ولێر.
كشانه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی پێشمه‌رگه له‌گوێر و لێدانی خه‌نده‌ق له‌هه‌ردوو قۆڵی ههوێرهو مه‌لا قه‌ره وایكرد پێشره‌وی چه‌كدارانی داعش به‌ره‌و هه‌ولێر بوه‌ستێ كه له قۆڵی هه‌وێره هه‌ر یه‌ك لهكاكهمین نه‌جارو جه‌مال مورتكه سه‌رپه‌رشتییان دهكردو له‌قۆڵی مه‌لا قهرهش فه‌رمانده‌ی كاوه‌و گه‌رمیان بوو.
چه‌كدارانی داعش به‌ژماره‌یه‌كی زۆرتر به‌ره‌و گوێڕ هاتن و ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌میان به‌ئاراسته‌ی مه‌خمور رۆیشتبوون. به پێى قسه‌ى ئه‌و فه‌رمانده سه‌ربازیانه داعش ته‌نیا به 60 چه‌كدار توانیویه‌تی مه‌خمور بگرێت. له‌و كاته‌دا ژماره‌یه‌كی یه‌كجار پێشمه‌رگه له‌و قۆڵه پاشه‌كشه‌ی پێكرابوو.
به پێى وته‌ى فه‌رمانده‌كان، یه‌كێكی دیكه له‌هۆكاره‌كان كشانه‌وه‌ی هێزی بارزان بوو له‌قۆڵی گه‌یاره، كه ئه‌وان چه‌كی قورسیان پێ‌بوو، چونكه ئه‌مه‌ش وایكرد ئه‌و سه‌ركرده سه‌ربازییانه‌ی له‌مه‌خمور بوون به‌بێ فه‌رمان پاشه‌كشه بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى له گوێڕه‌وه ئابلۆقه نه‌درێن.
ئازادكردنه‌وه‌ى مه‌خموورو گوێڕ
به‌پاڵپشتی فرۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا، هێزی پێشمه‌رگه هێرشێكی چری بۆ ئه‌و ناوچانه ده‌ست پێكرد كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیرابوو.
به‌پێی پلانی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنی باڵای هه‌رێم و هێزی ئاسمانی ئه‌مریكا، هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ بۆردومانێكی خه‌ستی ئه‌و ناوچانه‌ی كرد كه چه‌كدارانی داعشی لێ‌بوو، پاشان هێزی پێشمه‌رگه له‌رێگه‌ی زه‌مینیه‌وه ده‌ستیكرد به‌هێرشكردن.
به‌ر له‌وه‌ى هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ست بكه‌ن به‌هێرشكردن بۆ سه‌ر بنكه‌كانی چه‌كدارانی داعش‌و چه‌كدارانی داعش له‌دوو قۆڵه‌وه سه‌رقاڵی ئاماده‌كاری بوون بۆ تۆبارانكردنی شاری هه‌ولێر و تۆپه‌كانیش ئه‌و جۆره تۆپه پێشكه‌وتووانه بوون، كه چه‌كدارانی داعش له‌موسڵ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو.
چه‌كدارانی داعش سه‌رجه‌م تۆپه‌كانیان له‌سه‌ر دوو لۆری بارهه‌ڵگر جێگیركردبوو، یه‌كێك لهلۆرییهكانیش به‌ئاراسته‌ی وێستگه‌ی كاره‌بای پیرداود جولێنراوهو ویستیان سه‌رچاوه‌ی كاره‌بای شاری هه‌ولێر خاپور بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر هێزه ئاسمانییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی په‌له هێرشیان نه‌كردایه سه‌ر بنكه‌ی چه‌كدارانی داعش ئه‌وا كاره‌ساتی گه‌وره‌یی مرۆیی له‌هه‌ولێر دروست ده‌بوو. دواتر هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و تۆپانه‌یان تێك‌شكاند كه داعش بۆ هێرشكردنه سه‌ر هه‌ولێر ئاماده‌یكردبوون.
له‌دوای هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا، هێزی پێشمه‌رگه له دوو قۆڵه‌وه هێرشی ده‌ست پێكرد بۆ ناحیه‌ی گوێر، قۆڵی یه‌كه‌م به‌سه‌ر په‌رشتی ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان بوو كه له‌رێگه‌ی نێوان (مه‌خمور-گوێر) هێرشه‌كانی ده‌ست پێكرد. قۆڵی دووه‌میش له‌ڕێگه‌ی (هه‌ولێر-گوێر) بوو. به‌سه‌ر په‌رشتی كاكه‌مین نه‌جار و جه‌مال مورتكهو سه‌ید هه‌ژار.
له‌قۆڵی مه‌خموریشه‌وه به‌سێ ئاراسته هێرشكرایه سه‌ر مه‌خمور كه ئاراسته‌ی یه‌كه‌م هێزه‌كانی په‌كه‌كه بوون كه له‌كامپی ئاواره‌كانی مه‌خمور جێگیركرابوون.گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه توانیان ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كدارانی داعش بكوژن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه چه‌كدارانی داعش له‌كاتی پاشه‌كشه‌یاندا به به‌رده‌م گه‌ریلاكاندا تێپه‌ڕببوون و ئه‌وانیش هێرشییان بۆ كردبوون و ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌كداری داعشیان كوشت.
قۆڵی دووه‌میان هێزی دژه تیرۆری یه‌كێتی بوون كه له‌ناو بازارگهی مه‌خمور نزیكه‌ی 10 قهنناسییان به‌رامبه‌ر چه‌كدارانی داعش جێگیركردبوو، به‌هۆی جێگیركردنی ئه‌و قهنناسانهوه توانرا سایلۆی مه‌خموور ئازاد بكرێت. قۆڵی سێیه‌میان به‌سه‌رپه‌رشتی نه‌جات عه‌لی و هێزه‌كانى پارتى بوو.
هێزی دژه تیرۆر و گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و پێشمه‌رگه‌كانی نه‌جات عه‌لی و عه‌لی حوسێن، له 10هى ئاب خۆیان گه‌یانده ناوجه‌رگه‌ى مه‌خموورو به‌رده‌م قایمقامیه‌تی مهخمورو ئازادیان كرد، دواى چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م ناحیه‌ى گوێڕیش ئازادكرا.
بۆچوونى لایه‌نه‌كان له‌باره‌ى شه‌ڕى داعش
بۆچوونى لایه‌نه كوردییه‌كان له‌باره‌ى شه‌ڕى داعش، له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینى ناوچه سونییهكان وزاڵ بوونى داعش دوو ڕا هه‌بوو، یه‌كێتى وپه‌كه‌كه ڕایان وابوو ته‌ماشاكه‌ر نه‌بن و شه‌ڕكه‌ر له‌و شه‌ڕه‌دا ،هه‌رچى پارتیشه پێیوابوو ئه‌و شه‌ڕ هى كورد نیه.
به پێى سه‌رچاوه‌كان له دانیشتنیكى باڵاى شوراى چه‌كدارانى داعش گفتوگۆكراوه له‌باره‌ى شه‌رعیه‌ت وناشهرعیهتى هێرش بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانى داعش یه‌كڕا نه‌بوون، به‌شیكیان پێیانوابوو دواى به‌غداو كه‌ربه‌لا ئینجا فه‌تحى كوردستان بكریت، به‌ڵام ئهبوعلى ئه‌نبارى زۆر سووربوه، ووتویه‌تى سه‌ركه‌وتنمان مسۆگه‌ره‌و ده‌گه‌ینه قه‌ندیل كه له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به تۆرابۆرا هه‌ژمار ده‌كرێت ودۆستهكانیشمان ئه‌وه‌یان ده‌ویت (وا پێده‌چى مه‌به‌ستیان توركیا بیت)، به‌مه‌ش هه‌مولایه‌ك هاتنه سه‌ر ڕاى ئهبوعلى ئه‌نبارى و هێرش بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ستیپێكرد.
زانیارى و ئاماده‌یی كوردستان
سه‌رۆكى هه‌رێم كه سه‌ركرده‌ى گشتى هیزه چه‌كداره‌كان بوو چه‌ند جارێك ئه‌وه‌ى دووباره ده‌كرده‌وه كه به به‌غدایان ووتوه مه‌ترسی هه‌یه‌و ئه‌و ڕووخانهى سوپاى عێراقیان پێشبینیكردوه، لاوازى سیسته‌مى به‌رگرى هه‌رێمى كوردستان پێچه‌وانه‌ى پێشبینییه‌كانى بارزانى بوو، له ئاستى باڵاش وادیاره سه‌ركرده‌كانى په‌كه‌كه‌و یه‌كێتیش ئه‌و زانیاریه‌یان به سه‌رۆكى هه‌رێم دابوو، كه‌چى هه‌واڵگرى وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تى ناوحۆو ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كان به جۆرێكى دیكه زانیاریان دابوو.
بۆچوونى ئێرانییه‌كان له‌باره‌ى شه‌ڕى داعش
هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له هاتنى چه‌كدارانى داعش قاسمى سلیمانى سه‌ردانى به‌ره‌كانى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێرى كردبوو، دواجار كه سه‌ردانى مخمور ده‌كات زیاتر ئه‌و بۆچونه‌ى لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت، كه بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه قوڕس ده‌بێت به‌رگرى بكه‌ن، بۆیه ڕاسته‌وخۆ داوا ده‌كات سه‌رۆكى هه‌رێم ببینى، به‌ڵام سه‌رۆكى هه‌رێم به‌پێچه‌وانه‌وه متمانه‌یه‌كى زۆرى به‌و فه‌رماندانه هه‌بووه، بۆیه ئه‌و زانیاریانه‌ى ڕه‌تكردۆته‌وه.
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى قاسمى سلێمانى ڕاسته‌وخۆ، ئه‌نجومه‌نى باڵاى سه‌ربازى به‌سه‌ركردایه‌تى محسن ره‌زائى بانگهێشتى نوێنه‌رى حكومه‌ت ده‌كه‌ن وئه‌و مه‌ترسیه‌ى پێڕاده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمیش هه‌مان ڕاى سه‌رۆكى هه‌رێمى ده‌بێت و پێیان ده‌ڵێت شتى وا ڕوو نادات.
یه‌كێك له ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى باڵا پێشنیار ده‌كا كه ئه‌گه‌ر هێزه‌كانى داعش گه‌یشته گه‌لى على به‌گ، ئینجا هێزى ئێرانى ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه، وه‌ڵامى نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌ریم ئه‌وه‌بوه ئه‌گه‌ر هه‌ولێر چۆڵ بكرێت ده‌بێت ئێران ته‌وریز چۆل بكات.
ئه‌وانیش ووتبوویان بۆچى ؟ ووتى چونكه هه‌ولێر شوێنى له خانه‌و ورمێ نابێته‌وه هه‌موى دێنه ته‌ورێز، به‌و شێوه‌یه نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌ریم ئه‌و ڕایه‌ى پێگۆڕین وبڕیاڕیاندا، كه له پێش هه‌ولێر به‌رگرى له داعش بكه‌ن نه‌ك گه‌لى على به‌گ .
یه‌كه‌م جار به‌ره‌ى جه‌نگى لاى دهۆك وموسڵ ڕووخا، زۆربه‌ى فه‌رمانده‌كان هه‌ڵاتن، له‌رۆژى 7ى ئاب كشانه‌وه‌كه بووه سه‌رتاسه‌رى هێزى به‌رگرى، جگه له چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كى تایبه‌تى و دوایش هه‌ندێ هیزى ئاسایش و دژه تیرۆر له ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر جێگیر بوون، هه‌ندێ هێزى تر‌ى سوپاى بارزان وخزمهكانى سه‌رۆكى هه‌رێم مانه‌وه له به‌ره‌كان، هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى كه مه‌ترسیان دروست كرد له‌سه‌ر پایته‌ختى هه‌رێم ژماره‌یان له(180 هه‌تا 200)داعش تێپه‌ڕى نه‌ده‌كرد.
له‌و سه‌روبه‌ره‌دا سه‌رۆكى هه‌رێم به ئه‌مریكاى ووتبوو داعش 20 كم ماوه بگاته كونسڵخانه‌ى ئێوه ( وادیاره ئه‌مریكا نه‌یتوانیه ڕاسته‌وخۆ له‌و كاته‌دا له دژى ئه‌و هێرشه بووه‌ستێته‌وه‌و پێویستى به بڕیارى دامه‌زراوه‌كانى ئه‌و وڵاته بووه ).
توركیا هیچ ڕۆڵێكى نه‌بوو له ڕێگرى هاتنى داعش، په‌كه‌كه پیشمه‌رگه‌كانى كوردستانى ئیرانیش، به جۆرێك هیزه‌كانى په‌كه‌كه له دیبه‌گه مخمور گوێڕ، هه‌رچى پێشمه‌رگه‌كانى كوردستانى ئیرانه یه‌كسه‌ر به‌ره‌ى رۆژئاواى هه‌ولێریان زامن كرد‌و گه‌یشتنه میحوه‌رى غازر.
تێبینى /* له نوسینى ئه‌م تێكسته‌دا پشت به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ستراوه، كه خۆیان له ناو جه‌رگه‌ى ڕووداوه‌كان بوون، به‌شێك له زانیارییه‌كانیش له ده‌زگاى ستانده‌ر وه‌رگیراوه‌و له پاشكۆى ئه‌م نوسینه بڵاوكراونه‌ته‌وه، كه لهسهرچاوهى باوه‌ڕپێكراو وه‌رگیراون له‌وانه نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له تاران.