ئازادیی سنوری هەیە، کاتێک سنورەکەی شکێنرا، دەبێتە…!

لەلایەن ستاندار Posted on 395 جار بینراوە

ئەمیری مام والی

کاتێک دوو کەس یان دوو وڵات یان دوو دەستەو گروپ لەسەر کۆمەڵێک بیروڕا جیاوازن و ململانێی یەکتری ئەکەن تا ئێرە شتێکی ئاساییەو شایەنی دەستخۆشیە، چونکە لە دروست بونی مرۆڤەوە لەسەر زەوی ململانێ بونی ھەیە کاتێک قابیل کوڕی پێغەمبەر ئادەم(ر.خ) توشی جۆرێک لە ئیرەیی ئەبێت بەرامبەر هابیلی برای و دەیکوژێت ئەمە دەبێتە سەرەتای دروست بونی ململانێیەکی ناتەندروست.

ئەگەر کۆمەڵگایەک بیروڕای جیاوازی تیادا نەبێت و باس خواسەکان بەجیاوازی لێکدانەوەی بۆ نەکرێت ڕەنگە ئەو کۆمەڵگایە بەزووی تووشی داڕمان و لەناوچوون بچێت،
ئەوەی گرنگە بۆمان جۆر و شێوازی ململانێیە لەنێوان مرۆڤەکاندا کە ئەگەر وریا نەبین لەچۆنیەتی شێوازەکەی ڕەنگە بەهەمان شێوە کۆمەڵگایەکی نەخۆش و داڕماو بەرهەم بێنێت و زیانێکی زۆرمان پێ بگەیەنێت.

کاتێک زانایەکی ئیسلامی بەرامبەر قەشەیەکی مەسیحی دیبەیتێک ئەنجام ئەدەن و بەو پەڕی ڕێزەوە هەوڵ ئەدەن بیرو ڕای خۆیان بخەنە بەرباس و خواس بۆ گوێگران ئەمە دەشێت تەبایی و نزیک بونەوەو ئاسودەی بۆ کۆمەڵگا بێنێت. بەڵام کاتێک تۆ دەبینی زانای ئیسلامی بەهەموو جۆرێک و بەزمانێکی توند و شەڕانی سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی بەرامبەرەکەی ئەکات و بە پێچەوانەشەوە هەمان شت ڕوو دەدات، ئا لێرەدا نەگەبەتی و خراپەکاری دەبێتە باو و وردە وردە ئەو نشینگەیە خاپوور ئەکات.

ناکرێت و نابێت بەناوی ڕەخنە یان ڕای جیاوازەوە سوکایەتی بە کەسانی چواردەورمان بکەین و شعوریان بشکێنین، کاتێک بەوپەڕی توندی و خراپەوە هێرش دەبەیتە سەر بەرامبەرەکەت، بێگومان ئەبێ چاوەڕێی هەمان هەڵوێست لە لایەنی بەرامبەرت بکەیت، کاتێک ڕقێکت لەبەرامبەرەکەت هەیە کە لەتۆ باشترە، تۆش دێیت و سەدەها قسەی ناشیاوی پێ دەڵێیت دەی ئەمە لەهیچ جێیەکدا پێی ناوترێ ڕای ئازاد و بیروڕای جیاواز، بگرە دەچێتە حاڵەتی سوکایەتی کردنەوە.

بەداخەوە، ئێستا لەکوردستاندا بەناوی بیروڕای جیاوازەوە جۆری دووهەمی ململانێ بەشێوەیەکی زۆر خراپ پەرەی سەندوە کە بریتیە لە شکاندنی یەکتری و تۆمەت بارکردنی خراپ و تەخوینی بێ بنەمای لایەنی بەرامبەر، هەر بۆیەش کۆمەڵگاکەمان ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دواوەئەچێت و پێکەوە بوون و ئاشتی و تەبایی لەناوماندا ون بوە و بەزەحمەت بەدی ئەکرێت.

ئەوەی جێی داخە کەسانێکی بێ ئاگاو خۆشباوەڕیش دوای دەهۆڵی ئەو پێڕە مرۆڤە ئەکەون کە هیچ شتێک لەسەر گفتووگۆ و شێوازی ململانێ نازانن، ئێمەی خوێنەر و گوێگر دەبێ زۆر بەوریایی ڕەفتار بکەین و خۆمان لەداوی کەسانی پۆپۆلیست و هەڵەشە بپارێزین ، دەنا بەبێ ئەگا دەبینە سوتەمەنی شەڕێکی خراپ کە لەبەرگی ئازادی بیرو ڕادا حەشاردراوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.