دوبارە ڕێگای ئەردۆگان بە کوردستاندایە، ئنجا بە شەڕ بێت یان بە ئاشتی!

لەلایەن ستاندار Posted on 243 جار بینراوە

د. هیوا سه‌لام

 
بەگوێرەی واقیعی ئەمڕۆی کۆمەڵگای تورکیا، خۆری ئەردۆگان ئاوا بووە و ئەگەرێکی زۆر لاواز پاڵپشتە بە مانەوەی لەدەسەڵاتدا. بەمجۆرەش بێت، ئەمە دوا خولی دەسەڵاتی ئیخوانەکان دەبێت لە سەرۆکایەتی تورکیا. بێگومان ئەمەش پشتئەستورە بە دو هۆکار؛

یەکەم، دۆڕاندنی پارتەکەی ئەردۆگان لە هەر چوار شارە گەورەکەی تورکیا، ئەستەنبوڵ (١٦ ملیۆن دانیشتووان، ئەنکەرە ٥.٥ ملیۆن، ئیزمیر ٤.٢ میلیۆن، ئەنتاڵیا ٢.٣ ملیۆن). بە واتایەکی دیکە، پارتەکەی ئەردۆگان هەم پایتەختی ئیداری، هەم پایتەختی ئابوری و هەم شارە گەشتیارییەکانی لەبەردەست نەماوە، کە لەهەمان کاتدا تەنیا ئەم چوار شارە نزیکەی ٤٠٪ی دانیشتووانی تورکیا پێکدێنن و ئابوری نزیکەی ٧٠٪ی تورکیایان پێوە بەندە.
دووەم: ئینشیقاقی دوای دۆڕان. گەورەترین شانازی ئیخوانییەکانی تورکیا ئەو گۆڕانە ئابورییەیە، کە تورکیا لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەواندا بەخۆیەوە بینی. ئەوەش لەسەردەستی کەسێک بو بەناوی عەلی باباجان، کە لە ٢٠٠٢-٢٠٠٧ وەزیری دارایی تورکیا بو. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردو عەلی باباجان بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە لە دوای جەژنی قوربان حیزبە نوێکەی ڕادەگەیەنێت و ئاکەپەی دەسەڵاتدار بواری چاکسازی تێدانەماوە و دوچاری گەندەڵیی کوشندە بووە. بەمجۆرە و بەگوێرەی سەرچاوەکان، عەلی باباجان ٨٠ پەرلەمانتاری ئەکەپە لەگەڵ خۆی دەبات و شکستی چاوەڕوانکراوی ئاکەپە دەکاتە شکستێکی حەتمی. ئەمە جگە لەوەی پێشبینی دەکرێت هەریەک لە عەبدوڵا گول، سەرۆککۆماری پێشتری ئاکەپە و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆکوەزیرانی پێشتری ئاکەپەش حیزب ڕابگەیەنن یان بچنە پاڵ حیزبە نوێکە.

بە پشتبەستن بەم دو خاڵەی سەرەوە، دۆڕانی ئەردۆگان و پارتەکەی دۆڕانێکی مسۆگەر و بێپێچ و پەنایە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتو. هەر بۆیە لە ئێستادا ئاکەپە دەیەوێت ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ڕزگاربون. دوا پێشهاتەکانیش ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو ڕێگایە بە کوردستاندا تێدەپەڕێت، ئیتر لە ڕێگای شەڕ بێت یان ئاشتی. چۆن؟

یەکەم؛ شەڕ! کۆمەڵگای تورکی بە گشتی ڕقێکی قوڵی بەرامبەر کورد و کوردستان هەیە و بە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی تورکیای دەزانن. ئەوان پێیان وایە کە ئەگەر کورد تورکبونی قبوڵکردبایە، ئەو پارە زەبەلاحەی، کە لە شەڕ سەرفیان کردووە، لە خزمەتگوزاری سەرفیان دەکرد و تورکیا زۆر هەنگاوی دەبڕی. هەروەها، ئەوان تاڕادەی نزیکبونەوە لە پەرستن نەخشەی تورکیا دەپەرستن. ئیتر یاریکردن بە شعوری ئەو کۆمەڵگایە لە ڕێگای هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ کورد یارییەکی زۆر ئاسانە و خەڵکیش بە گشتی حەزی بەو بابەتە هەیە. ئەم دیاردەیە لە عێراق و ئێران و سوریاش چەند جارێک ڕویداوە. هەر کاتێک حکومەتی ناوەند لاواز دەبێت، ناوەند پەلاماری کورد دەدات و نەتەوەی داگیرکەریش چێژ لە کوشت و بڕی کورد دەبینێت. هەر بۆیە، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە ئەردۆگان شەڕی دژ بە کورد فراوانتر بکات و لەشکرکێشی بۆ قەندیل و ڕۆژئاوا ئەنجامبدات. بەڵام، ئەم شەڕە، شەڕێکی ئاسان نابێت. ئەوەی کە پەکەکە لە ئێستادا خۆی لە قەندیلدا قەتیسکردووە، پەیوەندیدارە بە ڕۆژئاواوە. بەڵام ئەگەر مەترسی لەدەستدانی ڕۆژئاوا دەربکەوێت، شەڕەکە بەجۆرێکی دیکە دەبێت. بۆ ئەردۆگانیش، هەڵگیرسانی شەڕی سەرتاسەریی دژی کورد لەوانەیە زۆر قازانجبەخش نەبێت و دەکرێت دەنگی تورکە نەتەوەپەرستەکان بۆ پارتی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بچێت، کە هاوپەیمانی ئەکەپەیە، نەک بۆ خودی ئەکەپە!

دووەم؛ ئاشتی! ئەو ڕاگەیاندنەی ئاپۆ سەبارەت بە پێدانی مافی زیاتر بە کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەشەڕ دەکرێت لەم چوارچێوەیەدا بێت. پرۆسەی ئاشتی ٢٠١٣-٢٠١٥ لە نێوان ئاکەپە و پەکەکە سەردەمی زێڕین بو بۆ هەردو نەتەوەی کورد و تورک. لەم پرۆسەیەدا ئەردۆگان زۆری دەستکەوت، هەروەها کوردیش هەنگاوی گەورەی نا. ئێستا ئەکەپە دەیەوێت یاری لەسەر ئەم پەتە دوبارە بکاتەوە، بەڵام کوردی تورکیا، جگە لەو کەمینەیەی سودمەندە یان خەیاڵی خەلافەت لە کەلەی داوە، متمانەیەکی ئەوتۆیان بە ئەردۆگان نییە. هەرچۆنێک بێت، دانوستاندن هەمیشە لە بەرژەوەندی کوردە. مێژوی کوردیش شایەدە کە کورد هەمیشە لە کاتی لاوازیی حیزبە دەسەڵاتدارەکان شتێکی بەدەستهێناوە. لە نمونەی ئۆتۆنۆمی ١٩٧٠ و ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە باشور. شۆڕشی گەلانی سوریا لە ٢٠١١. ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد ١٩٤٦. پرۆسەی ئاشتی ڕابردو لەگەڵ ئاکەپە. لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، کورد میللەتێکی پێچەوانەی عەقڵی دوژمنە. کورد بە گشتی میلەتێک نییە بە قسە باقوبریقەکانی ئەردۆگان و برایەتی گەلانی مسوڵمان بخەڵەتێ، کاتێک هەمان کەس چەندین شاری وەکو جەزیرە و سلۆپی و سور و سلیڤان و نسێبین و …هتد بە پێشکەوتوترین چەکی دنیا کاولکرد. ئەگەر پرۆسەی ئاشتیش دەستپێبکاتەوە، پێناچێت هەمان قازانجی جاری ڕابردوی بۆ ئەردۆگان و شوێنکەوتووانی هەبێت.

هەر وەک کوردەواری دەڵێ، ئێستا ئەردۆگان دارێکی بەدەستەوەیە هەردو سەری پیسە و ڕزگاربونی نزیکە لە مەحاڵەوە. بۆ ئەمەش هێشتا سێ ساڵی پڕ تەنگژەی هەتا هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ لەپێشە. پێشبینی دەکەم، ئەگەر بە کودەتایەک لەسەر دەسەڵات دوری نەخەنەوە یان ناچاری نەکەن بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆ ڕزگارکردنی پارتەکەی یان شەڕێکی سەرتاسەری لەگەڵ کورد هەڵدەگیرسێنێت، یان پرۆسەی ئاشتی زیندو دەکاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.