با ئێمەش ببین بە کۆمەڵگایەکی تەواو

لەلایەن ستاندار Posted on 276 جار بینراوە

پێشڕه‌و بابه‌ شێخ

دوای چاوەڕوانیەکی زۆر و دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بەراورد بە چەندین کابینەی پێشوتر هاوڵاتیان تێڕوانینێکی تریان بۆ ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم هەیە کە هەر کۆمەڵێک بە هۆکارو باوەڕو شێوازی جیاواز ئومێدەکانیان هەڵچنیوە کە پڕیەتی لە هیوا و ئومێد بۆ چاکسازی و کەم کردنەوە و بنەبڕکردنی گەندەڵی و پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری و گێڕانەوەی موچە بۆ باری ئاسایی و دابینکردنی ژیانێکی شایستەو پڕ لە هێمنی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و سەروەربونی یاسا و بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی . کە هەر یەک لەمانە ئاسایترین و سادەترین مافی هاوڵاتین لە حوکمڕانیەکی دروست دا وەک چۆن جێبەجێکردن و پەیڕەوکردنی هەریەک لەمانە دەبێت بچوکترین ئەرکی دەسەڵات و ئاسایی ترین و یاسایی ترین ئەرکی حوکمڕانی بێت نەک وەک کارێکی قورس و گەورە و گران وێنا بکرێ .

ئەگەر ئاوڕێک لە حوکمڕانی چەند ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتدارانی هەرێم بدەینەوە بەشێوەیەکی زۆر سادەو ساکار هەڵسەنگاندنێک بکەین ئەنجامێک دەردەچێت کە هیچ تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە بەدڵی نابێت و ئەنجامێکی خراپ و دوور لە حوکمڕانی دروست دەدات بەدەستەوە . ئەم ئەنجامە جگە لە کەمینەیەکی موستەفید و سود وەرگر لە دۆخێکی وادا تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی هەرێمیش ناڕازین لەم دەرەنجامەی ئەم شێوازەی حوکمڕانیەی حزبەکانیان . کە چەندین هۆکار هەن هاوڵاتی لەو پەڕی بێ ئومێدی بەئومێدەوە بڕوانێتە کاری داهاتوی ئەم کابینەو ئەم حکومەتە .

٭ بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت بە پڕۆژەیەکی چاکسازی تێروتەسەل و پێشمەرجی بەشداریکردنی لە حکومەت قبوڵکردن و کارلەسەرکردنی پڕۆژە چاکسازیەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە بری پێشمەرجی بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست و شوێن بۆ دۆزینەوە و داتاشین، هۆکارێکی گرنگ و کاریگەرە خەڵک بە چاوی ئومێدەوە بڕوانێتە کاری داهاتوی ئەم کابینەی حکومەتی هەرێم و ببێ بە چاودێرێکی ورد بۆ کاروکردەوە و جێبەجێکردنی زۆرترین بەڵێنەکان کە بە خەڵک دراوە .

٭ گۆڕین و ئاڵوگۆڕی کەسیی دوای ماوەیەکی دورودرێژ لە حوکمڕانی و دەرکەوتنی کاراکتەری تر بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی کابینە و بەشێکی زۆر لە وەزیرەکانی ئەم کابینەیە و ڕاسپاردەو کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەولەویەت دان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و وەستانەوە دژ بە گەندەڵی و هەوڵی بنبڕکردن و نەهێشتنی کاری تاک حزبی و تاکە کەسی لەناو پڕۆژە و کارنامەی کاری داهاتوی حکومەت هۆکارێکی تر بوە کە خەڵک بە ئومێدەوە لە داهاتوو بڕوانێ . کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەک نوێ بونەوە و کارێک کە لە دواجاردا جێگە دەست دیاربوون لە چاکسازی و خزمەتگوزاری لە داهاتودا وێنا دەکرێ و ئەمەش بوە بە بنیادنانی ئومێد بە داهاتوو .

٭ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی کە هاوکاتە لەگەڵ پێکهێنانی ئەم کابینەیە لە سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیەکی شەرعی و یاسایی و لە پەرلەمان هەڵبژێردراو بە پێچەوانەی سەرۆکایەتیەکی پڕ کێشمە کێشی نێوان لایەنەکان و کێشە لەسەری کابینەی ڕابردوو، بۆ ئێستا بوە بە بەشێک لە ئومێد و هیوای خەڵکی لەسەر بنیادنراوە کە ئەگەر بەراوردێک بە ڕابردوو بکەین هۆکارێک بوە بۆ ململانێ و تێکچونی پەیوەندیەکانی بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و بەریەک کەوتن و دژبەیەکی لە گوتار و هەڵوێستی لایەنەکان بەرامبەر بە یەکدی . ئەم هۆکارە ئەگەر لە ڕابردوو بوبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی پێکهێنانی کابینەی وزاری لە نێوان دوو لایەنی بەشداربوی حکومەت بۆ لەمەودوا و بۆ ئەم کابینەیە نابێت بەهۆکارێک بۆ لێکترازان و هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتننامەی نێوان لایەنەکان .

٭ ڕوو لە بەغداد و گەڕانەوە بۆ عێراق هۆکارێکی گرنگ و کاریگەر تر و جێگای ئومێدی زیاتر و زۆرتری خەڵکە و بە کارێکی ئەرێنی و ئیجابی ئەم کابینەی حکومەتی لە قەڵەم دەدەن کە سەرەتاکانی وا دەرکەوتوون و چاوەڕوانی زیاتری خەڵکە، بەتایبەت کە ئەوەی پەیوەندی بە نەوت و بودجە و موچە و دارایی هەرێمەوە هەیە . دەرکەوتنی سەرەتایی باشبونی پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغداد جۆرێک لە نیگەرانیەکانی بەشێک لە لایەنە بەشدارەکانی حکومەت دەڕەوێنێتەوە کە ئەمیش هۆکارێک بوە لە ئاڵۆزی پەیوەندیەکان لە ڕابردوودا و شێوازی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد . تەنانەت لە خودی پێکهاتەی وەفدەکان بۆ بەغداد و شێوازی بەشداری کە لە ڕابردوو دا وەفدێکی حزبی بەناوی حکومەتەوە لەهەوڵی دانوستاندا بوە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا . وەک چۆن نادیدە نەگرتنی ڕۆڵی تورکیا و ئیران وەک دوو وڵاتی دراوسێ بۆ ئێستا و هەموو هێلکە خستنە سەبەتەی تورکیا لە ڕابردوو هۆکار گەلێک بوون بۆ ئاڵۆزی پەیوەندیەکان نەک چارەسەر و هێنانی ئارامی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی هەرێم .

٭ دواهەمین هەڵبژاردن لە هەرێم و هەڵبژاردنەکان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕێژەی زۆری بایکۆتکردنی دەنگدەر و بەشداریەکی ئێجگار کەمی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکان دەکرێت ببێ بە هۆکارێک بۆ بەخۆدا چونەوە و ئاشتکردنەوەی هاوڵاتی و حکومەت و دوبارە بنیادنانەوە و گێڕانەوە و دروستکردنەوەی متمانە لە نێوان حکومەت و هاوڵاتی . کە هۆکار گەلێک هەبوون بۆ بەشدارینەکردن و بایکۆتکردنی دەنگدەر کە جگە لە تەزویر و ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، خراپ بوونی باری دارایی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم و داتەپینی باری ئابوری تاک بەتاکی کۆمەڵگا و ئەوپەڕی گوزەران خراپی خەڵک و بێ موچەیی و ساردی بازاڕ و هەموو ئەو دۆخە سیاسی و ئابوریەی هەرێمی گرتەوە هۆکارێکی کاریگەر بوون، جگە لە کارلەسەرکردنی لێرەو لەوێی بەشێک لە لایەنەکان بۆ ساردکردنەوەی بەشداریکردنی خەڵک لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆیان، هەموو ئەمانەی هۆکار بوون بۆ ئەم ڕێژە زۆرەی بایکۆت . کە بە باوەڕی من ئەمە دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بە ئاگا هاتنەوەو بە ئاگا هێنانەوەی دەسەڵات بۆ کارکردن و دوبارە هەوڵدان و کۆشش لە پێناوی گێڕانەوەی متمانە.

فاکتەری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش هاوشانی هۆکارەکانی تر ڕۆڵیان دەبێت لە گەیشتن بە وەدیهێنانی ئامانجەکان وەک چۆن نابێت هۆکاری ئیقلیمی نادیدە بگرین لە قوڵکردنەوەی کێشەکان و کۆسپ دانان بۆ کارکردن .
ئەم کابینەیەی ئێستای حکومەت لەنێوان هەموو ئەمانەدا بەڵام بە بونی نیازێکی باش بۆ چاکسازی و بە ئیرادەیەکی بەهێز بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی دەتوانێت ببێ بە حکومەتێکی خزمەتگوزار و دابینکەری خۆشگوزەرانی و ئارامی و بە نەبونی ئیرادەیەکی بەهێز بۆ چاکسازی ئەم کابینەیەش دەبێت بە ژمارەیەکی ترو تەنها ژمارەی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی زیادکردوە نەک جیاوازتر لە کابینەکانی تر .
بردنەسەری بەڵێنەکان و جێبەجێ کردنی کارنامەی چاکسازی حکومەت لە داهاتوودا ئەوەمان پێدەڵێت کە حکومەت لە کام پۆلێنکاری کۆمەڵناس و بیرمەند ( فارابیە ). وە لە دواجاریشدا ئەوە دەردەکەوێت کۆمەڵگای ئێمە لە کامە کۆمەڵگایە کۆمەڵگای تەواو یا کۆمەڵگای ناتەواو ؟

بە پێی پۆڵێنکردنەکەی ( فارابی ) بۆ کۆمەڵگا بە ئەنجامدانی ئەمانە دەبین بە کۆمەڵگایەکی تەواو و بەنەبونی ئەمانەش لە کۆمەڵگایەکی ناتەواو دەمێنینەوە چونکە بەپێی پۆڵێنی ( فارابی ) کۆمەڵگای تەواو کۆمەڵگایەکە دەسەڵات و حوکمڕانیەکەی بتوانێت بەختەوەری و ئاسودەیی و بەختیاری بۆ ئەندامانی دابین بکات و بەدی بهێنێ، بە پێچەوانەشەوە کۆمەڵگایەکی ناتەواوە . ئێستا بەم پێیە بێت ئێمە لە کۆمەڵگایەکی ناتەواوین نەک کۆمەڵگایەکی تەواو، کە بەداخەوە نەمانتوانیوە تەنانەت لە کۆمەڵگایەکی ناتەواو هەنگاو بنێین بەرەو کۆمەڵگایەکی تەواوی پڕ لە بەختەوەری و بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی مافە مەدەنی و سیاسی و تەنانەت سروشتیەکانیش . چونکە کۆمەڵگای تەواو لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ئەندامەکانی پێکدێت کە بەداخەوە تا ئێستا ئێمە پێی نەگەیشتوین .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.