خوێندکاری کورد و زمانی عەرەبی

لەلایەن ستاندار Posted on 361 جار بینراوە

مەلا فرمان

لە وڵاتی عێراقی فیدرالدا لە دەستوری هەمیشەیی وڵات زمانی عەرەبی و کوردی دو زمانی فەرمی وڵاتن. ئەم فەرمیبونە، خوێندکاری وڵات ناچار دەکات بە شارەزابون لە هەردو ئەم دو زمانە فەرمیە. لە هەندێ وڵاتی ئەوروپی کە هاوشێوەی عێراقن یان لە ناو یەکێتی ئەوروپان بۆ فێربون و شارەزابونی تەواو لە زمانی ئینگلیزی ئیجباریە. بۆ هەندێ بەشی وەک یاسا و زانستی سیاسی جگە لە ئنگلیزی و زمانی دایک پێویستە شارەزای فرەنسی یان ئەڵمانی بێت ( هۆڵەندا بە نمونە)، لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی گەشتوگوزارەوە خواستی فێربونی زمان لە زیادبوندایە. گاریگەری تەکنەلۆژیاش جێ پەنجەی دیارە.
لە هەرێمی کوردستان لە کەرکوک و لەو شوێنانەی بە زمانی کوردی دەخوێنن، لاوازی تەواو لە شارەزایی لە زمانی عەرەبی بە خوێندکارانەوە دیارە. تەنانەت بە خوێندکارانی ١٢ ئامادەییەوە، واتە قۆناغی چون بەرە و زانکۆ.
هۆکار چیە؟
پرۆسەی فێربونی زمانی بیانی لە سیستەمی پەروەردەی هەرێم لە لایەکەوە لە روی ناوەڕۆکەوە زۆر لاوازە، لە لایەکی ترەوە لە پێداویستیەکانی فێربونی زمان کەموکوڕی زۆر هەیە، بە نمونە:
1- وەک زمانی بیانی مامەڵە لە گەڵ زمانی عەرەبی ناکرێت، ئەگەر سەرنج بدەین بەرنامەی فێربونی زمانی عەرەبی لەگەڵ زمانی ئنگلیزی زۆر جیاوازە. هەڵەکە بەم شێوەیەیە: مناڵ فێری زمانی دایک دەبێت بەم هەنگاوانە: گوێگرتن.. گوێگرتن، گوێگرتن، گوێگرتن تا گوێچکەی دەکرێتەوە .. پاشان قسەکردن..قسەکردن ، قسەکردن تا زمانی دەکرێتەوە لە هەردو ئەم هەنگاوەشدا سەیرکردن و بینین و هەستکردن و بۆن بەردەوامە. دوا قۆناغیش خوێندنەوە و نوسینە. بەڵام لە فێربونی زمانی بیانی لە هەرێم رێک بە پێچەوانەوەیە. ( مناڵێک لە دەربەندیخان تەنها لە تەنەفزیۆنەوە بە باشی فێری زمانی ئەڵمانی بوە، زۆربەشمان تەنها لە رێگەی فیلمی میسری و گۆرانیەکانەوە فێری لەهجەی میسری بوینە).
2- کەرەستەکانی وەک تەسجیل و لاپتۆپ و سیدی و تەلەفزیۆن وەک پێویست دابین نەکراوە. دەبینین لەسەر پەرتوکە ئنگلیزیەکان وێنەی سیدی کێشراوە کەچی لە بەردەست نیە. بۆ ئەو وێنەیە هەنگاوێکی باشە بەڵام دەبێت تەواو بکرێت. ئەمە بۆ هەردو زمانی عەرەبی و ئنگلیزی وەک یەکە.
3- مامۆستاکان وەک پێویست لە ئاستی ئەو ئەرکە نین، خوێندکارێکی ٦ بنەڕەتی بۆی گێڕامەوە ( ئەم خوێندکارە لە یەکێ لە وڵاتە ئەوروپیەکانەوە گەڕابوەوە، لە سلێمانی لە یەکێ لە قوتابخانەکان وەردەگیرێت، لە وانەی ئنگلیزی مامۆستاکە بە فۆنەتیکی هەڵە ئنگلیزی دەخوێنێتە، خویندکارەکەش پێی دەڵێت مامۆستا بەهەڵە وشەکان دەخوێنیتە، ئێمە لەو وڵاتە وا قسە ناکەین، مامۆستاکە لەبری ئەوەی قەناعەتی پێبکات لە پۆلدا پێی دەڵێت ” تۆ درۆ دەکەیت، من راستی دەخوێنمەوە”. لەم کاردانەوەیە مناڵەکە دڵی شکا و گەڕایەوە بۆ ئەوروپا.
بۆ دایکان و باوکان، مامۆستایان
هەندێ لەوانەی کە نابێ بکرێت:
1- بە هیچ شێوەیەک لە داڕستنی بابەتیک نابێت هاوکاری واتابی بکرێت، وەک ئەوەی باوە بۆی دەنوسرێتەوە و خوێندکار لەبەری دەکات.
2- مامۆستا چەند داڕشتنیک بۆ خوێندکار دەنوسێتەوە تا لەبەری بکات بۆ تاقیکردنەوە. ئەمە رێگەیەکی زۆر هەڵەیە و پێویستە نەک هەر قەدەغە بکرێت بەڵکە سزادانی لەسەر بێت. چونکە ئەمە توانای بیرکدنەوە و داهینان لای خوێندکار دەکوژێت. لەبری ئەمە پێویستە لە ماڵ و لە قوتابخانە خوێندکار لەسەر داڕشتن پرۆڤە بکات و زیاتر چیرۆک بەو زمانە بخوێنێتەوە.
3- هاوشێوەی کاردانەوەی ئەو مامۆستایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.