حكومەت و چاوەڕوانیی

لەلایەن ستاندار Posted on 297 جار بینراوە

عەبدولحەكیم زرارى

چاوەڕوانى هاوڵاتیان لە ماوەى بیست و هەشت ساڵی حوكمڕانى كوردی لە میانەى ئەو كابینە یەك لە دواى یەكانەى پێكهاتوون، هەر درێژەى هەیە و نەپساوەتەوە،و بەردەوام بە ئومێدى ئەوەیە شتێك رووبدات كەچی هیچ شت روونادات، هەمیشە پرسیارى ئەوەى هەبووە ئایا گوزەران و بژێوى خەڵكى بەرەو چ ئاستێك دەچێت؟ پێشكەشكردنى خزمەتگوزارییەكان تا چەند بەرەوپێشەوە دەڕوات؟ مافەكانى هاوڵاتى و خەونەكانیان تا چ راددەیەك دێتەدى؟ هەموو ئەو پرسیارانە بەردەوام لەگەڵ پێكهێنانى هەر كابینەیەك دووبارە و چەندبارە بووەتەوە و هیچیشى وەڵامى پێویست نەدراوەتەوە كە خواست و چاوەڕوانەكانى خەڵكى تێر بكا و كۆتاییان پێ بهێنێت.
دواى دەستبەكاربوونى كابینەى نوێی حكومەتى هەرێم و دابەشكردنى كێكى دەسەڵات لەلایەن حزبەكانى بەشداربووى حوكمڕانى، لە ئێستادا چاوەكان لەسەر هەنگاوە كردارییەكانى ئەو كابینەیەیە، بۆ ئەوەى قەیرانەكان تێپەڕێنێ و ژێرخانى وڵات ببوژێنێتەوە و خزمەتگوزارى باشتر پێشكەش بكا و خۆشگوزەرانى شایستە بۆ هاوڵاتیان بێنێتەدى، بەڵام ئەفسوس هەموو چاوەڕوانییەكانى ئێستاى خەڵك لە دابینكردنى مافەكان و هاتنەدى خەونە گەورەكانى، تەنیا لە هاتن و نەهاتنى مووچەى مانگانە و زامنكردنى قووتى ژیانیان كورت بۆتەوە، كە ئەمەش نەك هەر گومان و دوودڵی و وەسوەسەیەكى زۆرى بۆ دروست كردوون و بەردەوام لە شەڕێكى دەروونى سەختگیردایە، بەڵكو كاریگەرییەكی نەرێنیشى بۆ سەر كەسێتى خودى ئەم كابینەیە دروست كردووە و تەنها لە مووچەدا بچووكى كردووەتەوە، كەواتە حكومەت ئەگەر بیەوێت ئیعتیبار بۆخۆى بگەڕێنێتەوە و ببێتە جێی متمانەى خەڵكى بە كارو پرۆژەكانى داهاتووى، یەكێك لە كارە هەر لە پێشەكانى هێنانەئاراى سەقامگیریی دارایی و بەرپاكردنى گۆڕانكاریی نەوعییە بەسەر ژیان و گوزەران، بەم هەنگاوە سەرەتاییەشی چاوەڕوانیی تاكەكانى كۆمەڵگە تەنیا لە چوارچێوەى دابینكردنى مووچە و چەند مافێكى سەرەتایی قەتیس نابێ، بەڵكو بازى گەورەتر دەدات بۆ هێنانەدى خەونە گەورەكانى لە چوار ساڵی ئایندەدا، بەمەش چیتر تاكى چاوەڕوانكراو دروست نابێ كە هیوا و خواستەكانى لە ناو فەزاى چاوەڕوانیدا وردوخاش بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.