سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 306 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

دژ بە نائومێدیی
سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستان

”ھیچ ڕێگایەک ھێندەی ڕێگای نائومێدبوون ئاسان و سوک نییە، ھیچ شتێکیش لەوە بێکێشەتر نییە لە ژوورەکەی خۆتدا دابنیشیت و بە ھەمووان بڵێیت ” نەمووت ھیچ ناکرێت و ھیچ ناگۆڕدرێت“. ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بگۆڕن ھەرگیز بە ڕاستەڕێیەکی بێگرێ وگۆڵ و بێمەترسیدا نەڕۆیشتوون و ناڕۆن، گۆڕینی دونیا دابەزینە بۆ ناو نشێو و زێراب و سەرنوێلکەکانی مێژوو، ئیشکردنە لەو شوێنانەدا کە پڕە لە ئەگەری کەوتن و نوشوستیی و ئازارچەشتن. ئەوانەش کە مێژووی خۆیان دەگۆڕن دەسکێشی سپیی و چاویلکەی شەمسیی لەچاو ناکەن، بەڵکو بە برینەکان و پەڵەکانی سەر ژیانیانەوە دەکەونە کار و لەوەش دڵنیانین کە پەڵەی تریش بەسەر ژیانیانەوە دروستنابێت.
ئەوانەی دەچنە ناو تونە داخراوەکانی مێژووەوە بۆئەوەی قوڕ و لیتەکەی دەربھێنن و ڕێگاکانی پاکبکەنەوە، ھەم ماندوو دەبن و ھەم ئارەق دەڕێژن و ھەم دەستیان بەر تاریکییەکان دەکەوێت. خۆ ئەگەر کوردیش بیت و بتەوێت دەسکاری ژیانی خۆت بکەیت، ئەوە دەشێت ئاسانتر نائومێدبیت و دەست لە ھەر کردە و دەستپێشخەرییەک بشۆریت، چونکە گۆڕینی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی لە کوردستاندا مانای دەگریربوون لەگەڵ یەکێک لە دزێوترین سیستمە سیاسییەکانی دونیا و لەگەڵ یەکێک لە نابەرپرسیارترین نوخبە حوکمڕانەکانی ناوچکەدا. مانای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیستمێکی مافیاییدا .
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا ڕووئەدات لوتکەی ھەوڵی دەسەڵاتدارانە بۆ لەناوبردنی ھەموو ئومێد و چاوەڕوانییەکی پۆزەتیڤ لای ئینسانی ئێمە، ترۆپکی کارکردنیانە بۆ گۆڕینی مرۆڤی کوردستان بۆ بوونەوەرێکی خەمۆک و داخراو بەسەر نائومێدیی و بێدەربەستییەکی گەورە و سەرتاسەریدا. ھەوڵدانێکی ھەمەلایەنە بۆ سڕینەوەی ڕەھەندە سیاسییەکانی کەسایەتی مرۆڤی ئەو دەڤەرە و ھێشتنەوەی وەک ڕەعیەتێکی بێماف و بێنرخ و بێبەھا. لەم پێناوەشدا بەدڕەوشتییەک نامێنێتەوە پەنای بۆ نەبەن.
بۆیە کردەی مێژوویی ژمارە یەک و ئاکتی ھەرە شۆڕشگێڕ ئەوەیە لێنەگەڕێیت خەمۆک و نائومێد و تێکشکاو ببیت. بەسەر تاریکییەکانی ناو خۆت و بەسەر تونە ناوەکییەکانی نائومێدیی ناو مێژوودا زاڵببیت، بیر لە پلانەکانی سبەینێ و دووسبەی و سێ سبەی بکەیتەوە و زمان و خەون و ئەخلاقیاتی بەرگرییکردن لەناوخۆتدا بچێنیتەوە و بەھێزتربکەیت.
ھەموو ئەوانەی لە خەمی خۆیان و لە خەمی کۆمەڵگاکەیاندان و بڕیاریانداوە وەک مرۆڤێکی بەرپرسایر بژین، دەبێت یەک شتیان لە بەردەمدا ئاشکرابێت: کۆڵنەدان و تەسلیمنەکردنی ئیرادەیان بەو ھێزە تاریکانە و ئینجا باوەڕبوون بە سبەینێ و دووسبەی، بەڵام سبەینێ و دووسبەیەک کە دەشێت دوور بێت، زۆر دووریش بێت.“

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.