خیانەت و ئەقڵی حیزب

لەلایەن ستاندار Posted on 388 جار بینراوە

ئومێد حەمەعەلی

بیرکردنەوە دەربارەی جەوهەر و واتای ئەم چەمکە پێویستی بە وریایی هزریی و قووڵبینی و ئەخلاقی دیموکراسییانە هەیە لەداوەریکردن دا, ئەمەش بۆ ئەوەیە لەلایەک تێگەیشتنمان بۆ خیانەت دووربخەینەوە لە حوکمی ئایدۆلۆژیی موتڵەق و میزاجی کەسی, یان دەستەجەمعیی, گروپی دیاریکراو و حیزبی, کە وادەکەن واتایەکی دیاریکراو و روون بۆ خیانەت نەمێنێتەوە. دۆخی خیانەت لەکوردستان بەو ئاستە گەیشتووە, کە خەریکە بەتەواوی مانای خۆی لەدەستدەدات و دەبێتە چەک و ئامڕازێکی لاستیکی بەدەست گروپ و حیزبەکانەوە و, هەرچۆن بەرژەوەندییان بیخوازێت بەو شێوەیە بەکاریی دەهێنن و لێکدانەوەی بۆ ئەکەن. بەرئەنجامی ئەم شێواندنەی مانای خیانەت دوو شت دروستبووە: یەک, خیانەت لە دیاردەیەکی بێزلێکراوە و قەدەغەکراوی مێژووییەوە گۆڕاوە بۆ ڕێگایەکی پەنابۆبراوی حیزبی, بەشێوەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ و مانەوە بێ سڵەمینەوە ئەنجامی دەدەن. دوو, حیزب و هێزە سیاسییەکان لەم ماناشێواندنەی چەمکی خیانەتدا, زۆر ئاسان و تەنانەت بە ئاشکرایی لەپرۆسەی خیانەتکردندا بەشداردەبن و خەریکی ماکیاژکردنی سیاسی خیانەتن و پاساو و ئەرگۆمێنتسازیی بۆ ئەکەن. لەڕاستیدا ئەم حاڵەتە لەروویەکەوە هێمایە بۆ داڕووخانی تەواوەتی ئەخلاقی و پرەنسیپی سیاسی و ئینسانیش لە هێزە سیاسییەکاندا, چونکە بوونی ئەخلاق و پرەنسیپ و هۆشیاریی دژ بە فۆرمە جیاوازەکانی خیانەت ڕێگە بە دەرکەوتنی دیاردەکە نادات. لەدۆخی سیاسەتی حیزبیدا لە کوردستان, ناڵێم بەگشتی و بە موتڵەقی, بەڵام لەئاستێکی فراواندا خیانەت تەنیا لەچەند ئاستێکدا وەک خیانەت ڕەخنەی لێدەگیرێ و وەک خیانەت تەماشدەکرێت: یەکەم, لەکاتێکدا حیزبە رکەبەرەکەت خیانەتی ئەنجام دابێت, یان ئەنجامی بدات, ئەوە خیانەتە و تۆ وەک نوسەریی دژی خیانەت, وەک سیاسی دژی خیانەت, تۆ وەک چالاکوانی دژی خیانەت خۆت نیشاندەدەیت, بە پێچەوانەوە خیانەت و هەڵەکوشندە سیاسیی و نیشتمانییەکانی حیزبەکەی خۆت وەک حیکمەت و پێویستی مێژوویی و هۆکاریی پێشکەوتن و نیشانەی بەهێزیی گروپ و حیزبەکەت دەبینیت. ئەمە جیا لەوەی ئاماژەیە بۆ دووڕوویی و دووپێوەریی هزریی و ئەخلاقی, ئاماژەشە بۆ ئەوەی حەقیقەت لەم نێوانەدا تێکشکێندراوە و ئەوەی لە گەڕەکی حیزبێکدا خیانەتە, لە گەڕەکی حیزبێکی تردا وەک شەرەفمەندی باسیدەکرێت. دووەم, یەکێک لە کێشە گەورەکانی حیزبی کوردی نادیموکراتیبوونەکەیەتی لەنێوان خۆیاندا و لەناو خودی خۆیاندا, بەئەندازەیەک زۆرجار جیاوازبوونیان لەیەکتر و بیروبۆچوونی جیاوازیی ناوخۆی خۆیان بە خیانەت پێناسەدەکەن. حیزبەکان لەئێستادا هێندە نوقمی بێ روئیایی سیاسی و نیشتمانی بوون زۆربەکەمی کێشەجەوهەرییەکان دەبێتە پرسی گفتوگۆ و دیالۆگی ناوخۆیییان و, گیرۆدەی ڕووبەڕووبونەوە و تەخوینکردنی ئەو ڕەخنە و بیروبۆچوونە جیاوازانەن کە لەهەناوی خۆیانەوە دەردەکەون. ئەقڵی حیزبی بەتەواوی دژی ئەقڵ و ئەخلاقی دیموکراتییە لەدەڤەریی ئێمەدا و ئەمەش بووەتە پەروەردەیەکی سیاسیی ڕووکەشی و فاشییانە, بەشێوەیەک دونیا بڕوخێت نابێتە پرسیاری جیددی بۆی, وڵات تەسلیمی شەیتان بکرێ ڕاناچڵەکێت, چون تەنیا خەریکی عیبادەتی بتە سیاسی و وەهمە سیاسییەکانێتی. بۆ ئەوەی کەمێک ئەم ئەقڵییەتە حیزبییە راچڵەکێنیت و پەلامارتبدات, ئەوەندە بەسە ڕەخنە لە سەرۆکە فشەڵ و وەهمە سیاسییە پوچەکانی بگریت. بۆ ئەم ئەقڵییەتە خیانەت ئەوەیە پێی بڵێیت سەرۆکەکانت و حیزبەکانت فشەڵ و بێناوەرۆکن, یان بێ ناوەرۆکبوون, وە ئەوەی تۆ وەک حەقیقەت دەیبینیت جگە لەوەهمێک هیچی ترنییە. رەنگە گرینگترین بیرکردنەوە ئەوەبێت چەمکی خیانەت لەم شێواندن و بەلاڕێدابردن و بینین و پێناسەکردنە ئایدۆلۆژی و حیزبییە ڕزگاربکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.