غەدرێکی تر لە جەلالییەت

لەلایەن ستاندار Posted on 380 جار بینراوە

دەشتی عبدالرحمن

دوای ئەوەی بەڕێز کاک مەلا بەختیار، لە یادی شەھیدبوونی کاک ئازاد ھەورامیدا، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک وتارێکی بە ناوی(سی و یەکی ئاب ڕۆژێکی شووم)نوسیوە،زۆرێک لە کادرو جەماوەری یەکێتی، کە دەمێکە تینوی گوتارو وەڵامێکی بێ منەتانەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتین بەرامبەر پارتی، کە بە مناسەبەو بێ مناسەبە لە سەرۆکی حزبەکەیانەوە ھەتا سادەترین ئەندامیان، بە زمانێکی زبری پڕ لە تەشھیرو تەخوین، ھێرش دەکەنە سەر یەکێتی و سەرکردەو ڕەمزەکانی، خوێنەران زۆر بە تەمەزرۆییەوەو بە تموحی ئەوەی کە ناوەڕۆکی وتارەکەی کاک مەلا بەختیار باسکردن وبەبیرھێنانەوەی خیانەتی گەورەی(سی و یەکی ئابی)پارتی بێت، بە دیقەتەوە بە خوێندنەوەی وتارەکەدا چووبوونە خوارێ!

بەڵام کاتێک کە دەبینن کاک بەختیار وتارەکەی لە ساڵ ڕۆژی شەھیدبوونی کاک ئازاد ھەورامی نوسیوەو بە یەک وشەش توخنی یادکردنەوەی خیانەتی سی و یەکی ئابی پارتی نەکەوتووە، نا ئومێد دەبن و یەکسەر بە کۆمێنتی ڕەخنەیی و تا ڕادەیەکیش زبر کاردانەوەیان دەبێ، بە جۆرێک ڕەخنەکان دەبنە مایەی نیگەرانی کاک بەختیار و ناچاری دەکەن ڕونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بنوسێ!

لە ڕاستیدا ڕونکردنەوەکەی کاک بەختیار تا ئەو شوێنە ئاساییە کە دەیەوێت بە جەماوەرو کادری یەکێتی بڵێت؛ ئەوە ھەر من نیم لە ناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیدا، بێ دەنگ و بێ ھەڵوێستم لە بەرامبەر یادکردنەوەو وروژاندنی غەدرو خیانەتەکانی پارتی، وەک وەڵامێک بۆ ھێرش و غەدرو غروریەکانیان لە بەرامبەر یەکێتی، بەڵکو ئەم ترس و شەرمە سیاسیە لە بەرامبەر پارتی، زۆربەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی گرتۆتەوەو ھەر من نیم و ئەوانیش قیروسیا لە یەکێتی دەستیان بە کڵاوەکەی سەریانەوە گرتووە تا بای غەزەبی پارتی نەیبات!
بەڵام ئەوەی ئاسایی نیەو غەدرێکی گەورەیە لە یەکێتی و خەبات و ڕەنج و ماندوونی ڕێبەرەکەی(مام جەلال)، ھاوتاکردن و گۆڕینەوەی وەرچەرخانێکی مێژوویی خەباتی سەرۆک مام جەلال و ھاوخەباتەکانیەتی بە ناوی ڕەوتی(جەلالیەت)، لەگەڵ خیانەتێکی گەورەی مێژوویی پارتی دیموراتی کوردستان لە (سی و یەکی ئاب).کاتێک لە ڕونکردنەوەکەیدا وەک پاساو بۆ باس نەکردنی (سی و یەکی ئاب)ی پارتی دەڵێت؛(ئێمە لەگەڵ پارتیدا ڕێککەوتووین،کە نە ئێمە باسی سی و یەکی ئابی ئەوان و نە ئەوانیش باسی سەردەمی جەلالی ئێمە بکەن!).

ئەوە لە کاتێکدا ھەمووان دەزانین کە باڵی جەلالی، باڵێکی کاریگەرو خوێندەواری نێو شۆڕشی ئەیلول‌و پارتی دیموکراتی کوردستان بوونەو لەو سەردەمەداو لە ژێر ڕۆشنایی دیتن و درک کردن بە داھاتوویەکی ترسناک لە سایەی بە بنەماڵەبوونی شۆڕشەکەوە،بێ دەنگی دەشکێنن و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و تاک ڕەوی لە بڕیاردان ڕەت دەکەنەوە،وە ھەر ئەم مەبدەئەش دەبێتە ھۆی ئەزیەتتدان و ڕاوەدونان و تیرۆرو تۆقاندیان!
بەڵێ جەلالیەتێک کە بووبێت بە ھەوێنی لە دایکبوونی شۆڕشێکی نوێ خوازو سەرتاسەری لە کوردستان و ئازادکردنی تەواوی کوردستان لە چنگی داگیرکەرانی کورد و زامنکردنی بەشێکی گەورەو گرینگی مافە ڕەوا نەتەوەییەکانی میللەتەکەمان،چۆن دەبێت قایل بین بە ھاوتاکردنی لەگەڵ گەورەترین خیانەتی مێژوویی کە تیاییدا پێش لەشکری کراوە بۆ دڕەندەترین دوژمنی کورد!

پاشان بەکارھێنانی ووشەی(جەلالی)لەبری دەستەواژەی(باڵی مەکتەبی سیاسی)بەڕاستی غەدرێکی ئاشکرایە لە مام جەلال و لاساییکردنەوی قەڵەمبازە جنێو فرۆشەکانی پارتیە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.