چین .. ئەو ورچەى كەهەموان لەبەخەبەرهاتنەوەى دەترسن !

لەلایەن ستاندار Posted on 279 جار بینراوە

نەوزادى موهەندیس

• پێشەكى :
لە مێژە گوتراوە وڵاتى چین و ماچین وڵاتێكى گەورە و فراوانە و خاوەن سروشت و ڕووبەرێكى فراوانى خاك و گەورەترین وڵاتى گۆى زەویە لە ڕووى چڕى دانیشتوان و ئاشكراشە ئەم وڵاتە پانو بەرینە خاوەنى گەلێك تایبەتمەندى و دەوڵەمەندى زۆر وزەوەندى سروشتى و مرۆییە كە گەر بەهەموو تواناكانى خۆى بكەوێتە سەر پێیەكانى و هەنگاوبنێت و دەستبەجوڵە بكات و لەو ماتى و سستى و بێدەنگى و دۆخى سڕبونەوەى دەربچێت ئەوە بەدڵنیاییەوە پێش هەموان دەكەوێت و دەبێتە مەترسى بۆ سەر هەموان، چونكە پێگە و جێگە و تواناى لەبن نەهاتووى بەهێزى هەیە كە وادەكەن ببێتە زلهێزێكى زەبەلاحى دونیا،كە وەك ئەو ورچە وایە كە هێشتا خەو بەرینەداوە و بێ جوڵەیە بەڵام ئاشكرایە كە گیانەوەرێكى وەكو ورچ لە ڕووى گەورەیى جەستە و لاشە و بەهێزى تواناكانیەوە هەركات بیەوێت بوەستێتە سەر پێیەكانى و بەرەنگارى بكات و بەرەو پێشیشەوە هەنگاو بنێت كەم گیانەوەرى تر بتوانێت ڕێگەى پێبگرێت. بۆیە چینیش وەكو ئەو ورچە وایە كە لە ئێستادا هێواش هێواش خەریكى دەستكردنە بەجوڵە و وەخەبەرهاتنەوە و ئەم جوڵە و بەئاگاهاتنەوەشى هەر لەئێستاوە بۆتە جێگەى نیگەرانى و ترسى زۆرێك و لەناویشیاندا زلهێزەكانى دونیا لە ڕوسیا و تەنانەت ئەمریكا و ئەوروپیەكانیش.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،ئەم هەموو ترسە لە چین بۆچى؟
بۆ ئەم پرسیارە كورتە پێویست بەوەڵامێكى دوور و درێژ دەكات بۆ ئەوەى لە نزیكەوە لەتوانا مادى و مرۆیى و پلان و بەرنامە و ودونیابینى چین تێبگەین و بەرچاومان ڕوونبێت لەكاتى بەراووردكردنى چین بە زلهێزەكانى تر و ئەوسا بڕیار بدەین و وەڵامى پرسیارەكەشمان چنگ بكەوێت كە چین چ مەترسیەك دروست دەكات بۆ هەموان و تەواوى دونیاش.
• ناسینى كۆمارى میللى چین كە لە 1/10/1949 وە دامەزراوە
• لەڕووى جوگرافیا و پێگەى جیۆپۆلەتیكیەوە:
1. وڵاتى چین دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتى كیشوەرى ئاسیاوە
2. پایتەختەكەى شارى پەكینە
3. ڕووبەرى زەویەكەى بە گشتى 6ر9 ملیۆن كیلۆمەتر دووجایە كە سێیەم یان چوراهەم وڵاتە لەڕووى فراوانیەوە لە دونیادا.
4. لە 22 هەرێم و 5 ناوچەى ئۆتۆنۆمى و 4 شارەوانى كە ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەبرێن و 2 ناوچەى بەرزتر لە ئۆتۆنۆمى كە هۆنگ كۆنگ و مەكاوە پێك دێت.
5. یەكەم وڵاتى جیهانە لە ڕووى ژمارەى دانیشتوانەوە كە 1 ملیار و 388 ملیۆن كەسە.
6. چین 17 هەمین وڵاتى جیهانە لەڕووى بونى جۆرەها گیانەوەرەوە.
• لەڕووى سیاسیەوە
7. سیستەمى حوكمڕانى تاك حیزبە كە بریتیە لە حیزبى شیوعى چینى.ئایدۆلۆژیاى و فكرى ماوى و سۆسیالیستى پیادە دەكات.
8. چین ئەندامى هەمیشەیى ئەنجومەنى ئاسایشى سەر بەنەتەوە یەكگرتوەكانە.
9. چین ئەندامە لە ژمارەیەك ڕێكخراوى گەورە و گرنگى جیهانیدا وەك : (( ڕێكخراوى بازرگانى جیهانى و دووەم وڵاتە لەدواى ئەمریكاوە ،ڕێكخراوى ئاپیك،ڕێكخراوى بریك، ڕێكخراوى شانگهاى،ڕێكخراوى كۆمەڵەى 20 ، و گەلێكى تریش)).
• لەڕووى ئابوریەوە:
چین لەماوەى نێوان ساڵانى 1949 تا 1978 سیستەمى ئابورى هاوشێوەى یەكێتى سۆڤیەتى جاران داڕشتبوو كە بەشێوەى سەنتڕالیزم بوو بەشێوەیەك كۆمپانیا و بازاڕى تایبەت و ئازاد نەبوون و سەرمایەى تایبەتیش بوونى نەبووە.دواتر سیستەمى ئابورى تێكەڵاو ((حكومى و تایبەت)) و تایبەتكردنى زەوى كشتوكاڵى پیادەكرد،بەم هۆیەوە 70جار لە پێشتر گەشەى زیاترى كرد و هانى وەبەرهێنانى دەرەكى درا،چاودێر دەوڵەت كەمبۆوە،گرنگى زیاتر درا بە بازرگانى دەرەكى،گرنگى زیاتر درا بەخوێندن لە ئەمریكا و ئەوروپادا، بەم شێوەیوەى ئابورىە چین گەشەى كردو.
10. ئابورى چین بەدووەم ئابورى بەهێز دادەنرێت لە جیهاندا.
11. گەورەترین وڵاتى هەناردەكارى كاڵاو كەلوپەلە.
12. دووەم وڵاتى گەورەى هاوردەكارى كەلوپەلە.
13. داهاتى تاك 18119 دۆلارە.
14. كۆى داهاتى ساڵانە 23350230198209 تریلیۆن دۆلارە.
15. ڕێژەى بێكارى زۆر كەمە و دەگاتە 5% لەساڵى 2014دا.
16. ڕێژەى هەڵاوسان دەگاتە 1ر2% لەساڵى 2016دا.
17. لەڕووى گەشتیاریەوە چوارەم وڵاتى جیهانە كە لەساڵى 2009دا 9ر50 ملیۆن گەشتیار ڕووى تێكردوە.
18. چین گەورەترین وڵاتى بێگانەیە كە گەورەترین قەرزى داوەتە ئەمریكا.بەبڕى 5ر801 ملیار دۆلار بەشێوەى سەنەداتى گەنجینەیى.
19. 3 هەم وڵاتە كە وەبەرهێنانى دەرەكى تیادایە. و بەهەمان شێوەش وەەبەرهێنان لەدەرەوەى چینیش دەكات.و بۆتە 6 مین وەبەرهێن لە دونیادا.
20. خاوەنى بیرۆكەى ژیاندنەوە و بوژاندنەوە و گەشەپێدانى ((ڕێگاى ئاوریشمە))كە كیشوەرى ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە و بەزۆرێك لە وڵاتانى ناوچەكەدا تێپەڕ دەبێت و بەمەش لەڕووى بازرگانى و كەلتورى و فەرهەنگیەوە چین هێندەى تر خۆى بەدونیا دەناسێنێت و لەڕێگەشیەوە هەژموونى خۆى دەسەپێنێت.
• لەڕووى سەربازیەوە:
21. چین خاوەن جبەخانەیەكى ئەتۆمى دانپیادانراوە.ویەكەم تاقیكردنەوەى ئەتۆمى لەساڵى 1964دا ئەنجامداوە،و یەكەم مانگى دەستكردیشى لەساڵى 1970دا هەڵداوە بۆ ئاسمان،چین لەساڵى 2003وە بوە سێهەم وڵات كە مرۆڤى ڕەوانەى بۆشایى ئاسمان كردوە.
22. سوپاى ڕزگارى میللى چین یەكەمە لەڕووى خزمەتەوە و گەورەترینە لەسەر ئاستى جیهان.و ژمارەى 5ر2 ملیۆن سەربازە كە لەخزمەتدان.كە لەهێزى وشكانى و ئاسمانى و دەریایى و ئەتۆمى ستراتیژى پێكهاتوە.
23. چین دووەم وڵاتە لە ڕووى گەورەیى بودجەى بەرگریەوە.ساڵى 2009 بڕى 8ر77 ملیار دۆلار بوە ،بەڵام ئەمریكا دەڵێن چین بڕى بودجەى ڕاستەقینەى بەرگرى ئاشكرا ناكات ئەگینا لە ساڵى 2008دا لەنێوان 105 بۆ 150 ملیار دۆلاردایە.
• لەڕووى وزەوە
24. چین لەڕووى بەكارهێنانى وزەوە گەورەترین وڵاتە.و بەڕێژەى 70% پشتدەبەستێتە سەر بەكارهێنانى خەڵوز لە وەدەستهێنانى وزەدا. ئەمەش بۆتە هۆى پیسبوونى ژینگە لە ئاو و هەوادا.چین 20-30 شارى هەیە كە پیسترین ژینگەیان هەیە لەسەر ئاستى دونیادا.
• لەڕووى تەكنەلۆجیاو زانستەوە
25. چین دووەم گەورەترین بودجەى هەیە بۆ توێژینەوە و گەشەكردن لە جیهاندا كە 136 ملیار دۆلارە.بەشێوەیەك 926000 توێژەر هەن و لەمەدا تەنها ئەمریكا لەپێشەوەیەتى بە بونى 3ر1 ملیۆن توێژەر.
26. چین گەورەترین بەكارهێنەرى مۆبایل و ئەنتەنێتە لە جیهاندا و 700ملیۆن كەس بەكاریان هێناوە لەساڵى 2009دا.
27. چین گەورەترین بازاڕى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلە لە جیهاندا.
28. 17 زانكۆى بەناوبانگى چین لە لیستى زانكۆ بەناوبانگەكانى جیهاندان.
• بەم شێوەیە دەبینین توانا ئابورى و سەربازى و سروشتى و مرۆییەكانى چین گەلێك گەورەن و بەهێزن و هەر ئەمەش وایكردوە كە زۆرێك لە ئەكادیمیەكان و چاودێرە سیاسى و ئابورى و سەربازیەكان چین وەك زلهێزێكى ئایندە ببینن.چونكەچین لەساڵى 1978وە دەستیداوەتە بەرنامە و پلانێكى چاكسازى و سیستەمى بازاڕى تاڕادەیەك ئازادى گرتۆتە بەر و بەم هەنگاوەشى چین بۆتە ئەو وڵاتەى كە خێراترین هەنگاوى گەشەكردنى لە جیهاندا هەڵهێناوە.چین تا ئێستا و لەگەڵ ئەوەى كە ڕێوشوێنە توندە ئابورى و كۆمەڵایەتیەكانى خاوكردۆتەوە،بەڵام هێشتاش ئازادیە سیاسیەكانى بەپێى یاسا ڕێكخستوە كە توندن و بوارى پیادەكردنیان هێشتا زۆر تەسك و تەنگەبەرن.بەڵام تاڕادەیەكى زۆر باش جێگیرى سیاسى و ئابورى و ئەمنى تیادا بەرجەستە كراوە لە سایەى سیاسەتە دیپلۆماتیە هێواش و لەسەرخۆ و بێدەنگەكەیەوە كە ڕێگرى كردوە لە خراپبوونى پەیوەندى ناوچەیى و نێودەوڵەتیەكانى و ئەمەش بۆخۆى وایكردوە كە چین بەهێواشى هەنگاو بنێت بەرەو زلهێزبون و بەهێزبوونى لەسەر گۆڕەپانى دونیادا لەهەموو بوارەكانى سیاسى و ئابورى و سەربازى و فەرهەنگى و وەرزش و كەلتور و زمان و …هتد.
• بەڵام سەرەڕاى ئەم هەموو دەسكەوت و گەشەكردن و بەهێزبونەش،چینیش وەكو هەموو وڵاتێكى ترى فرە نەتەوە و ئاین و مەزهەب و،جیاوازى كەشوهەوا و خاك و دیاردە سروشتیەكانى ترەوە ،بێكێشە و سەرئێشە نیە،كە بونەتە هۆى زیانگەیاندنى گەورە بەتوانا و هێزى چین و بونەتە هۆى دروستكردنى مەترسى گەورە بۆ ئایندەى چین و پلان و بەرنامەكانى بۆ ئایندە و بۆ بوون بە زلهێزێكى زەبەلاح،لەو كێشانەش بریتین لە:
1.كەمى ئاو
2. وشكبونەوەى خاك
3.پیسبوونى ژینگە
4.توانەوەى ڕووبارە بەستەڵەكەكان
5.گێژەڵوكەى خۆڵاوى
6.زیادبوونى دیاردەى بە بیابان بوون كە ساڵانە پانتایى 1 ملیۆن فەدان كە یەكسانە بە 4000 كیلۆمەتر دووجا زەوى لەدەست دەدات.
بۆیە هەموو ئەم كێشە و گرفتانە بونەتە ڕێگر و ئاڵنگارى گەورە بۆ هەرچى زووترى پێشكەوتن و گەشەكردنى زیاترى وڵاتى چینە،چونكە ڕووبەڕووبونەوەى هەموو ئەم كێشانە پێویستى بەبودجە و تواناى مادى و مرۆیى گەورە هەیە كە ئەمەش بۆخۆى بەزیانى گەورەتر دەشكێتەوە و پێویست دەكات ڕێگە چارەى گونجاو و پێویست و خێراییان بۆ بدۆزرێتەوە.
• هۆكارى سەركەوتنەكانى چین لە چیدایە؟
گەلێك هۆكار هەن بۆ ئەم هەموو گەشە و پێشكەوتنە گەورەیە تەنها لەماوەى نزیكەى 70 ساڵدا،ئەوانیش:
1. بوونى بەرهەمێكى زۆر و نرخێكى هەرزان.
2. بوونى دەستى كارى هەرزان.
3. بوونى ژێر خانێكى باشى ئابورى.
4. بوونى ئاستى مامناوەنجى لە تەكنەلۆجیا و شارەزایى و بەرهەمى كوالێتى بەرز تاڕادەیەك.
5. پیادەكردنى سیاسەتێكى ئابورى گونجاوى حكومەت بۆ سەرجەم كەرت و بوارەكان.
6. هەرزانى نرخى دراوى چینى((یوان)).
• هەرچەندە تاكو ئێستا حكومەت و دەوڵەتى چین ڕاستەوخۆ خۆى سەرپەرشتى هەردوو كەرتى(( وزە و پیشەسازیە قورسەكان))دەكات،بەڵام لەبەرامبەریشدا ڕێگە و كارئاسانى زۆرى كردوە بۆ كەرتى تایبەت،ئەوەتا:
• 30ملیۆن كۆمپانیاى تایبەت هەیە،كە بە ڕێژەى 33 %بۆ 70% بەرشدارن لەبەرهەمى نیشتیمانى گشتیدا.
• بازاڕى پشكەكانى چین پێنجهەمە لە دونیادا وەك متمانەیەك بە بەهێزى ئابوریەكەى.
• چین پێگەى 29 هەمینى هەیە لە كێبڕكێ نێودەوڵەتیەكاندا .بەشێوەیەك 37 كۆمپانیاى چینى چونەتە لیستى 500 كۆمپانیاى گەورە و بەناوبانگى جیهانیەوە((گلۆباڵ فۆرست)) لەساڵى 2009دا.
• لە 10 كۆمپانیاى زەبەلاحى دونیاى لەڕووى ئابورى و وزە و بانكى و پیشەسازی و مۆبایلدا چواریان كۆمپانیاى چینین.
• 93% دانیشتوان دەخوێنەوە و دەنوسن.
• ناوەنجى تەمەن 73 ساڵە.
• تەنها 10% ى دانیشتوانەكەى لەژێر هێڵى هەژاریەوەن.
• لەچیندا 825000 كەس زۆر دەوڵەمەندن و 100 ملیۆن كەسیش لە ئاستى مامناوەندى دەوڵەمەندیدان.
• لەدواى یابان دووەم وڵاتە لەبەكارهێنانى كاڵاى خۆشگوزەرانیدا بەڕێژەى 5ر27% لەسەر ئاستى جیهان.
لەكۆتاییدا ،دەردەكەوێت كە چین چ وەك وڵات و چ وەك كۆمەڵگایەكى خاوەن شارستانیەتى كۆن و دیرێن و خاوەن مێژوو و دەسەڵات و فەرهەنگ و كەلتورێكى دەوڵەمەند و بەم جێگیریە سیاسى و گەشە ئابورى و بەهێزى سەربازى و ئەتۆمى و فراوانى ڕووبەر و زۆرى ژمارەى دانیشتوانى لە ئایندەیەكى نزیكدا ببێتە زلهێزێكى زەبەلاحى زۆر بەتوانا و بچێتە مەیدانى كێبڕكێ لەگەڵ یەكەم زلهێزى دونیادا كە ئەمریكایە و چیدى لە جوغز و چوارچێوەى ناوچەیەك یان كیشوەرێكى بەرتەسك و بچوكدا نەمێنێتەوە و سیاسەتى بێلایەنى و پشوودرێژى وبێدەنگى و كەنارگیرى توڕهەڵبدات و بەوپەڕى تواناكانیەوە بێتە ڕیزى یەكەمى كیبڕكێ نێودەوڵەتیەكانەوە و بون و هێز و توانا و مەترسیەكانى خۆى پیشانى هەموانیش بدات،و سەدەى بیست یەكەم بكاتە سەدەى خۆى هەروەك چۆن ئەمریكا لەسەرەتاى سەدەى بیستەمەوە هێواش هێواش هاتە پێشەوە و جێگەى بە گەورە زلهێزەكانى ئەوكاتى دونیا لە بەریتانیاى مەزن و فەڕەنسا و ڕوسیا چۆڵكرد و خۆى كردە یەكەمین و دەمڕاست و بڕیار بەدەست و تاك جەمسەرى بەهێزى دونیاى سەدەى بیست و تاكو ئێستاش ،زۆر دوورنیە چینیش هەمان ڕۆڵ و هەمان سیناریۆى ئەمریكا دووپات بكاتەوە. بۆیە هەق وایە وڵاتانى ناوچەكە و ئاسیا و كوردیش لەو نێوەندەدا هەر لە ئێستاوە هەوڵى خۆگونجاندن و نزیكبونەوەى زیاتر بدەن لەگەڵ ورچە بەخەبەرهاتوەكەى چیندا ،گەر بیانەوێت لەم سەدەیەدا كارێك یان هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بنێن و هەوڵبدەن بۆ وەدەستخستنى سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى سەربەخۆ،ئەوەى ئەمریكا و ئەوروپیەكان و ڕوسەكان بۆ كوردیان نەكرد لەسەدەى بیستدا و دوژمنایەتى حكومەتى مەلیك مەحمود و كۆمارى مەهاباد و شۆڕشەكانى ئەیلول و نوێى كوردییان دەكرد و تائێستاش بەڕەواى نابینن كە كورد وەك نەتەوەیەكى دێرین و مافخوار و خاك دابەشكراو دواى 100 ساڵ خەبات و قوربانیدان ببێتە خاوەن دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى،بەڵكو چینیەكان لەسەدەى بیست و یەكەمدا خەونە لە مێژین و دێرینەكەى بۆ وەدیبێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.