هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگەدا

لەلایەن ستاندار Posted on 3060 جار بینراوە

ئەمیری مام والی

بەرپرسیاریەتی بریتی نیە لە پۆست و پایە تۆ کە بتەوێت خزمەت بکەیت بونی پۆست هێندە گرنگ نیە بچووک کردنەوەی بەرپرسیاریەتی لە هەبوونی پۆستدا بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە، مێژوو پڕیەتی لەو کەسانەی کە خاوەنی هیچ پۆست و پلەیەک نەبوون و لە دەسەڵات دارانیش دڵسۆز و تر و کارگوزار تر بوون بۆ گەل و نیشتیمانیان، بۆیە دەکرێت ئەوانەشی کە خاوەن هیچ پێگەو پۆستێکی حکومی و حیزبی نین لە گەورە بەرپرسانی وڵات و حیزب دڵسۆزتربن بەرامبەر بە کۆمەڵگەکەیان.

بوونی ئەم هەستەو قبووڵ بونەوە تیایدا چێژ بە ئینسان ئەبەخشێ، زۆربونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم تووخمەنوو پێیان وایە نەبوونی پۆست و پایە نابێتە هۆی ئەوەی کە لەخزمەت کردن بوەستن، بەدڵنیاییەوە ژیانی ئەو کۆمەڵگەیە ئەبووژێنێتەوەو کۆی دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیەش بەهەموو بیرو بۆچوون و ڕەنگە جیاوازەکانەوە لەوپەڕی ئارامیدا ژیان بەڕێ دەکەن.

هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگە و ڕوداوەکانی کۆمەڵگەدا وەک بوونی خوێنە بۆ جەستە، بونی ئەمجۆرە مرۆفانە بۆ کۆمەڵگە وەک بونی هەناسەیە بۆ ژیان، لەنەبون یان کەم بوونەوەی ئەم پێڕە مرۆفەدا کۆمەڵگە تووشی داڕمان و هەرەسێکی سەرتاسەری دەبێتەوە، سەر ئەنجام زیانی کوشندەش بەهەموو چین و توێژەکان دەگەیەنێت.

کاتێک هاوڵاتیەکی سادە دەبینیت کە ئامادەیە لەپێناو بەرەو پێشبردنی چۆنایەتی ژیانی کۆمەڵگەدا چۆنایەتی ژیانی خۆی بەلاوە بنێت و ژیانی خۆی تەرخان بکات بۆ کارکردن و خزمەتکردنی گەلەکەی، بێگومان هەست بە ئارامی و ئاسودەی دەکەیت. لەهەمان کاتیشدا مرۆفگەلی لەم چەشنە دەبنە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوانەی کە بەدەرن لەم هەستە، هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر کۆمەڵگەو بەهاکانی شتێکە دەبێ لە سەرەتای تەمەنەوە جیلی نوێی لەسەر پەروەردەکرێت و ڕابهێندرێت و پێ بگەیەندرێت.

پێویستە جیلی نوێ دوور لە ئەقڵیەتی تاوانبارکردنی یەکتری و تەخوین کردنی لایەنی بەرامبەر بەکاری خراپە پەروەردە کرێت، باشتر وایە لەبری ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەر تۆڵەکردنەوە پەروەردە بکەین، هانیان بدەین بۆ باشکردنی خراپەی ئەوانی دیکەش، بەجۆرێک وا هەست بکات بەشێکە لەو پڕۆسە خراپەی کە ڕۆژانە دەی بینێت، کاتێک کەسێک خراپەیەک دەبینێت بەرامبەر بە مرۆف یان ئاژەڵ یان شتێکی بێ گیان، باشترە هەوڵ بدات ڕێگە لەوخراپەیە بگرێت و هانی بکەرەکەشی بۆ کاری باش بدات، لەم ڕێگەیەشەوە ئەتوانین هەم وڵات و هەمیش ڕەوشی ژیانی دانیشتوانی وڵات پێش بخەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.