سوپاس گۆڕان

لەلایەن ستاندار Posted on 427 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

– هیچ شتێك وەکو کات حەقیقەت دەرناخات، تەنانەت بیرکردنەوەش لەناو کاتدا ئەتوانێ کاری خۆی لەسەر حەقیقەت بکات.
دوای تێپەڕینی دە ساڵ، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان، ڕێك لە دۆخی و ڕاستگۆیی و لە حەقیقەتی خۆیدایە!
ڕاستگۆیی بەو مانایەی کە ماسك و فریوی نەماوەو لەسەر پلێتی خۆیەتی. پێمانئەڵێ حەقیقەتی من هەر ئەمەیەو شتی زیاترم لێ بار مەکەن.

– لەڕاستیدا گۆڕان پێشترو لەسەرەتاشدا هەر ئەمەبوو، بەڵام سیحری کارێزماکەی و تینوێتی ئێمە بۆ گۆڕانکاری، ئەو وەهمەی لا دروستکردبووین کە لەمە زیاتربێ.
خۆ ئەوکاتیش کە گۆڕان بەردی زلی هەڵئەگرت، هەر نەیئەهاویشت، شتەکە هەر ماندوکردنی خەڵك و پرۆسەی (لەمسەرەوە بەهەدەردانی وزەو لەوسەرەوە بەرهەمهێنانی نائومێدی بوو.)
جا ئێستا کە دەس بۆ بەردی گەورە ناباو خەیاڵی گەورەی بێ بنەما لای خەڵك دروست ناکا.. لەڕاستیدا ئەبێ سوپاسی بکەین.

– ئەوەی کە وترا دوای نەوشیروان گۆڕان عاقڵ ئەبێت، ئەگەرچی لە زۆر ڕووەوە ناماقوڵییە، بەڵام بڕێك ڕاستیشی تێدایە!
چونکە ئەوکات، هەم گۆڕان زیاتر لە توانای خۆی، لەخۆی بارکردبوو. هەم ئێمە لە توانای خۆی زیاترمان لەم هێزە بارکردبوو. ئێستا نە گۆڕان خۆی ئەمە ئەکات، نە ئێمە ئەوەی لەگەڵ ئەکەین. دەی لەم گۆشەیەوە، ئێستای گۆڕان عەقڵانیترە لە پێشتری.

– لە غیابی (فکرو پەروەردە)ی سیاسیدا، شتێ نوێ و جیاواز دروستنابێ و ماهیەتێکی ترو ئەخلاقێکی سیاسی تر بەرهەم نایەت. بەڵکو هەرئەوەی کە هەیە، لە فۆڕمی تردا خۆی دووبارەئەکاتەوە.
ئەمە حەقیقەتی گۆڕانەو ڕۆژانێك ئەم حەقیقەتە لە پشتی سیحری کارێزماو حەشیشی دژایەتی پارتیدا شاردرابوویەوە.
ئێستا کە کارێزماکە نەماوەو کە گۆڕان لە ڕێکەوتندایە لەگەڵ پارتی، ئیتر گۆڕان لە هەموو کات زیاتر ڕووتوقووت و لەسەر حەقیقەتی خۆیەتی! بەڵام ئەمە حەقیقەتێکی تاڵ نیەو شتەکە باشە کە وایە، خراپ ئەوەیە کە فریوێك هەبێ و وابکات کە حەقیقەتەکە نەبینیت.

– گومان لەوەدانیە کە گۆڕان لە دۆخێکی خراپدایە، بەڵام هێشتا ئەو حاڵە خراپەی گۆڕان، باشترە لەوەی کە ناڕازاییەکانی گۆڕان لە گۆڕانی ئەخوازن!
ئاخر ئێستا ڕاستەقینەی گۆڕان لەئێمەوە دیارە، ئەمان ئەیانەوێ بمانبەنەوە بۆ سەردەمی وەهمەکە! بۆ سەردەمی بڕوخێ و هاشوهوش و (پیشەسازی بەرهەمهێنانی نائومێدێ)!

– ئەوەی کە نائومێدی دروستکرد بادانەوەی گۆڕان نیە بۆ لای دەسەڵات و پارتی، بەڵکو ئەو هاشوهوشەبوو کە حەقیقەتی بەتاڵی گۆڕانی شاردبوویەوە!
ئەو ماسکەیە کە هێزی بەتاڵی تری وەکو نەوەی نوێ و پاڵەوانی بەتاڵی وەکو لاهور لەپشتییەوە بەتاڵیی خۆیان ئەشارنەوە.
کە سیاسەت خاڵیبوو لە فکرو تەنیا کورتکرایەوە لە دژایەتی پارتیدا، ئیتر شتەکە بەتاڵەو پارتیش تەنیا بە سیاسەتی پڕ لاواز ئەکرێ، هەزار دوژمنی بەتاڵی هەبێ پێ ی بەهێز ئەبێت.
جا ناڕازییەکانی گۆڕان، وائەزانن حەقیقەتی گۆڕان دۆخی هاشوهوشەکەیەو ئەیانەوێ بمانبەنەوە بۆ ئەوێ! لەکاتێکا ئەوە حەقیقەتەکە نەبوو، ئەوە ماسکی داپۆشەری حەقیقەتەکەبوو.

– کاتێ حیزبایەتی کورت ئەبێتەوە بۆ تەکەتولبازی، ئەمە شتێکی تەواو پیاوانەیەو ئاساییە کە ژنی تیاببێ بەژێر دەستوپێوە، نەتیجەکە ڕاستگۆیانەیەو درۆ ئەوەبوو لەناو شەڕەشەقی پیاوەکان و لە پرۆسەیەکی پیاوانەی پەتیدا، ژنێك سەرکەوتایە وەکو دیکۆرو میکیاج!

– لەغیابی فکرو پەروەردەی سیاسیدا، گۆڕان خۆی شتێکی جیانیە لە پارتی و یەکێتی، بۆیە بوونی گۆڕانخوازان بە پارتی یان یەکێتی شتێکی غەریب نیەو چاوەڕوانکراوە!
پیرەکان بە حوکمی مێژوو نابن بە پارتی، زیاتر ئەبنەوە بە یەکێتی، بەڵام بۆ گەنجەکان فەرق ناکا!
کە حیزبایەتی بووبە هەڵپەی کێکەکە، ئیتر کێکی نیلی و سەوزو زەرد بۆ هەلپەرستەکان فەرقی نیە.

– کە ئەڵێم حەقیقەتی گۆڕان دیارە، مەبەستم ئەوەنیە زەمی بکەم یان وەسفی بکەم، مەبەستم ئەوەیە حەقیقەت دیاربێ باشترە لەوەی کە فریو بیشارێتەوە!
هێزێکیش کە بناغەی فیکری و پەروەردەیی نەبێت، ناتوانێ حیکایەتی ڕاستەقینەی هەبێت، کاتێکیش کە حیکایەتە وەهمییەکانی ئیفلاس ئەکات، ئەمە بۆ حیزبەکە قۆناغی پاشەکشێیە، بەڵام بۆ منو تۆی هاوڵاتی شتێکی باشە! خراپ ئەوەیە حیکایەتی ناڕاستەقینە هێشتا هەبێ و منۆ تۆش هێشتا لە فریودابین.

– ڕەنگە عومەری سەی عەلی لە کارەکەیدا سەرکەوتوونەبوبێت، بەڵام چونکە بێ حیکایەت و بێ ماسکە، ئیتر بێ فریویشەو من لێرەدا لە هەرکەس بە شیاوتری ئەزانم.
ڕەنگە ڕێکەوتنی پارتی و گۆڕان هیچ چاکسازییەکی لێ سەوز نەبێت، بەڵام گۆڕان ئەمەی ڕاستگۆیانەترە لە درۆو دەلەسەکانی قۆناغی هاشوهوش.
نائومێدیش لەوەوە دروستنابێ کە هێزەکان و کەسەکان بەقەت حەجمی خۆیان و بە حەقیقەتی خۆیانەوە سیاسەت بکەن، نائومێدی لەوەوە دروستئەبێ کە هێزەکان و کەسەکان فووئەکەنە خۆیان و وەهم دروست ئەکەن.

– بەتاڵی گۆڕان لە فیکرو پەروەردەی سیاسی، وایکردوە کە هێزەکە هەرئەونە توانای ئیستیعابی گەنج و ژنی هەیەو هەر ئەونە توانای گۆڕانکاری و ململانێ ی سیاسی هەیەو کادرەکانیشی هەرئەونە توانای بەرگەگرتنی پۆست و ئیمتیازیان هەیەو هەرئەونە مەناعەی تەوریسیان تێدایە..
جا کە خۆیان ڕێك ئەم وێنەیەمان ئەدەنێ و ئەمە لەپشتی وێنەی ترەوە ناشارنەوە، لەڕاستیدا من سوپاسیان ئەکەم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.