سیاسەتی ئابووری و با فرۆشتن

لەلایەن ستاندار Posted on 351 جار بینراوە

نازم دەباغ

زۆرجار وا پێش دێت رووداوەکانی رابردوو لەگەڵ هەندێ قۆناغ و رووداوی سەردەم یەکدەگرنەوە و دەبێتە پەندێکی پێشینان.
دەگێرنەوە ( کە راستیشی تێدایە لەبەر هەستیاری شوێنەکە ناوی ناهێنم) لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کوێخای دێیەک هەبووە، هەستی کرد دەتوانێت یاریەک لەگەل دانیشتوانی دێکەدا بکات، لە وەرزی زستاندا دانیشتوانی دێکە کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێت: بیرۆکەیەکم هەیە، هەندێ پارەم کۆکردۆتەوە و دەمەوێت خێرەکەشی بە ئێوە بگات، دەمەوێت ئەمساڵ بای دێکە لە ئێوە بکرم. دیارە دانیشتوانی دێکە دەبێتە مشتومڕیان و گاڵتە پێ کردن…. دەڵێن کوێخا کاری وا چۆن دەبێت….؟ با چۆن دەفرۆشرێت؟.
کوێخا سوور دەبێت لەسەر داواکەی خۆی و دەڵێت ئێوە چیتان بەسەرەوەیە ئەوە با و ئەمەش پارە، بۆ هەر ماڵێک بڕێک دیاری دەکەین و دەچینە مزگەوت لای مەلای دێ بەشەرع و شاهید. لە مزگەوتی ماڵی خوا رێککەوتن نامەکە دەنووسین و هەرکەسێکیش پەشیمان بێتەوە دەبێت چەند بەرابەر برێک پارە بدات، دانیشتوانی دێکە دەڵێن کەواتە بابڕۆین و کارەکە ئەنجام بدەین و ناوی خوای لێ بهێنین.
زستان رۆیی و بەهار هات کەوتنە مانگی دروێنە و شەن کردنی خەرمانەکانیان….
رۆژێ کوێخا هات و چووە سەر خەرمانەکان و ئاگاداری کردنەوە نابێت خەرمان شەن بکەن! چونکە باکە هی ئەوان نەماوە هی کوێخایە…! دەبێت پارەی شنەباکە بدەن.
هەمووانی ئاگادار کردەوە بە پێی رێکەوتنکەش کەس بۆی نیە بای دێکە بەکار بهێنێت دەنا گوناهبار دەبن بە شاهیدی مەلای دێ( لەگەڵ مەلای دێکە کاکەبرالەیەکیان هەبوو.. جۆرێک لە رێککەوتن ) …. ناچار دانیشتوانی دێکە لەگەڵ کوێخا رێکدەکەون و چەند بەرابەر پارەی فرۆشتنی باکە دەدەنەوە کوێخا و مافی با بەکارهێنان بۆخۆیان دەگێرنەوە…..
ئەگەر سەیری بارودۆخی ئەمرۆکەی ئابووری کوردستان بکرێت لەو گێژاوی قەیرانی دارایی کە تێی کەوتووە و کەوتۆتە ژێر فشاری حکومەتی ناوەند و هەروەها قەرزێکی زۆر و بارگران بەدڵنیاییەوە پێویستی بە هەنگاوێکی زیرەکانە و بوێرانە هەیە، دیارە بریاری ئابووری سەربەخۆ و نەوت فرۆشتن بۆ ئایندەی دەمەزراندنی سەربەخۆیی کوردستان، پرسێکی گرنگ و بوێرانەیە، ئەو بریارەش تەنها بریاری تاک لایەن نەبووە، بەڵکو بڕیاری هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و بەناو راوێژکاران و شارەزایانی بواری ئابووری بووە، بێ ئەوەی وەکو خۆی سنووری جوغرافیای کوردستان و دوژمنە ستراتیژی ومێژووییەکانی گەلی کورد ڕەچاو بکەن، بزانن کێ دەیەوێت کورد لەسەر پێی خۆی راوەستێت. ئەمڕۆکە وا دەبینرێت پرۆسەی ئابووری سەربەخۆ و نەوت فرۆشتن وەکو ئەو پەندی لێ هات کە با مان لێ کڕا و پێشمان دەفرۆشرێتەوە………!!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.