خۆنوێکردنەوەی گۆڕان و هەنگاوەکانی داهاتوو

لەلایەن ستاندار Posted on 313 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

بەڵێنی نێوان دەنگدەرو حیزب چوار ساڵە گەر لەو چوارساڵەدا حیزب کاری باشیکردو بەپێی توانای خۆی رێگری لە گەندەڵی و خراپەکاری کردو بەردەوام بو لەجێ بەجێ کردنی بەڵێن و بەرنامەکانی کاتی هەڵبژاردن، ئەوە دەنگدەر دەتوانێ لەبری ئەوەی تەنیا خۆی دەنگ بەو حیزبە بداتەوە، بەوپەڕی تواناشەوە کار بۆ سەرخستنی حیزبەکە بکات و داوای دەنگی هاوڵاتیان بۆ حیزبەکە بکات. لەحاڵەتێکیشدا گەر بەڵێنەکان پێچەوانە بونەوەو ئیرادە و کارەکتەرەکانی حیزب لە حکومەتدا لە هەمبەر نەهێشتنی گەندەڵیدا شکستی هێناو نەیانتوانی بەپێی توانای خۆیان رێگری لە گەندەڵی بکەن و ببنە رەوتێکی باش لەحکومەتدا، ئەوا دەنگدەر دەتوانێ دەنگ بەو حیزبە نەداتەوەو تاڕادەی دژایەتیش بچێت لەگەڵی و تۆڵەی لێبکاتەوە.

ئەوەی گرنگە بۆ دەنگدەر چاودێرییەکی وردی کاروبارەکانی نوێنەرەکانی بێت لە حکومەتدا و بزانێت چی دەکەن و چۆن و بۆچی تێدەکۆشن؟ دەنگدەر بەرپرس نیە لەوەی کێ بەرپرسە لەحیزبدا، ئەندامەکان بەگشتی و هەڵسوڕاوە چالاکەکانی حیزب بۆیان هەیە بەشداری لەکاری حیزبدا بکەن و کاری خۆیان درێژە پێبدەن لەسودی حیزب.

باشترین کاریش کە دەنگدەر بیکات ئەوەیە پاڵپشتی هەنگاوەکانی حیزب بێت گەر بزانێت بەسودی خۆیەتی، ناکرێ دەنگت دابێت بە حیزبێک بەمەبەستی بەجێ هێنانی داواکانت، کەچی لەپاڵیدا بەردەوام ئیش بۆ ناشیرین کردنی حیزبەکە بدەیت و ببیتە عامیلێکی خراپ لەو ناوەندەدا، دەبێ دەنگدەر رۆڵی خۆی لە سەر سندوقەکانی دەنگدان بگێڕێت و رێگە بەخۆی نەدات کوتلەکانی حیزب بۆ مەرامی شەخسی خۆیان بەکاریان بێنن.

لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەڵبژاردن دو ساڵ جارێک دەکرێت، ئێستا بۆ جارێکی تر بەڕێز عومەر سەید عەلی هەڵبژێردرایەوە بەڕێکخەری گشتی و تا دوساڵی دیکە لەگەڵ بزوتنەوەکە بەردەوام دەبێت، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی نزیکەی چوارساڵی ماوە و لەو نێوەندەدا جارێکی دیکە خانەو رێکخەری گشتی نوێ دەکرێنەوە، ناکرێ هەر لە ئێستەوە ئەوانەی رقی شەخسیان هەیە بکەونە ژێر کاریگەری ئینتیما بچوکەکانی خراپەکاری لەناو حیزب و دەرەوەی حیزبدا.

بێگومان پاڵپشتی کردنی حیزب و رێوشوێنی بەرنامەدانان بۆ حیزب و رەخنە و پێشکەشکردنی پڕۆژە بەحیزب جێی خۆی هەیە و دەبێ لەجێی خۆیدا کاریان لەسەر کرێت، بۆ دەنگدەریش کاتێک پاڵپشتی سەرکردایەتی دروستە کە بزانن حیزب لەپێناو داواکانی خەڵک و بەجێ هێنانیاندا یەک زەڕە ناکشێتە دواوە لەسەر بەڵێنەکانی خۆی سورەو ئەم دو ساڵەش فرسەتە بۆ هەموان.

ئەرکی داهاتووی گۆڕان زۆر گرنگە دەبێت چاو بە جوڵەو هەنگاوەکانی ڕابردووی خۆیدا بخشێنێتەوەو کاری جدی لەسەر ڕەخنەو پێشنیارە بەجێیەکان بکات و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ ئاشت کردنەوەی خەڵک بەخۆی و سندووقەکانی دەنگدان بدات، باشترین کارێک کە گۆڕان بیکات ئەوەیە لەڕێگەی ستافێک لەکەسانی شارەزاو دڵسۆزەوە هەوڵی پێگەیاندنی هەڵسوڕاوی باش و چالاک لە بوارە جیاجیاکاندا بدات و قەیرانی سەرکردەو ئەندامی چالاک لە بزووتنەوەکەدا بنەبڕ بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.