ئەو کچەی خوێندن هەموو ژیانی گۆڕی

لەلایەن ستاندار Posted on 555 جار بینراوە

ئامادەکردنی: بڕوا ستار

کاتێک کە منداڵ بوو، باوکی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە دەبێ بۆ یەکێک لە خزمەکانی خۆی دەستنیشانی بکات، چونکە نەریت لەنێو بنەماڵەکەیدا وابوو بە بیانووی پاراستنی شەرەف دەبێ کچ هه‌ر لە مناڵداڵییەوە بۆ کوڕێک دەستنیشان بکرێت. ئاوات کچێکی سەرکەوتوو بوو، وەلێ ستەم دیدەی دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردەوارییە. ئەو لە یەکێک لە گوندەکانی پارێزگای هەولێرو  لە شەوێکی باراناوی زستانی ١٩٨٩ لە دایک و باوکێکی نەخوێندەواری هەژاری جوتیار لەدایک بووە. هەر لە مناڵداڵییەوە لەنێو خێزان و دابونەریتی کوردەواری ژینی بەڕێکردووە. ئەو ئێستا دەرچووی زانکۆیە و لە یەکێک لە خوێندنگەكانی گوندەکەیاندا مامۆستایە .

هەر لە مناڵداڵیشەوە لەنێو ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی لە کۆمەڵگەکەیدا ژیاوە. وەک لە گێڕانەوەی سەربوردەی ژیانی خۆی كه‌ باسی دەکات، ئەو منداڵ بووە کاتێک لەنێو کێشەو گرفتی مێیەتیدا ژیانی بەسەر بردووە. ئەو دەمەش هەست بەو کێشەو گرفتە دەکات. ئاوات هەر لەو ڕۆژەوە کە لە خزمێکی مارەکرا، کەوتە نێو ژیانێکی پڕ لە چەوساندنەوەو ئازار، چونکە بڕیاردان لە چۆنیەتی ژیانی ئەو کەوتە دەستی بنەماڵەی دەستگیرانەکەی.

ئەو کاتێک دایکی دەیەوێت بینێرێت بۆ خوێندن، باوکی ڕێگر دەبێت و ناهێڵێت، چونکە لە ڕاستیدا بنەماڵەی ئەو کوڕەی کە خوازبێنیان کردووە بە مەرجی نەچوون بۆ خوێندن هاتوونەتە پێش و باوکی ئاواتیش بەوە رازی بووە، بۆیە هەر لێرەوە ئیتر ژیانی ئاوات وردە وردە بەرەو ئاڵنگاری لەگەڵ خێزانەکەی هەنگاو دەنێت.

ئاوات بە چاوی پڕ لەفرمێسکەوە ئەو کاتانە دەگێڕێتەوە کە کاتێک دایکی دەیەوێت بخوێنێت و باوکیشی رازی نابێت و دەڵێت: “من تەمەنم ٧ ساڵ بوو کاتێک دایکم بە باوکمی گووت پێویستە ئاوات بنێرین بۆ خوێندن و وەکو مناڵداڵەکانی تری گوند بخوێنێت”، بەڵام کاتێک باوکم گوێی لەوە بوو زۆر توڕە بوو و هەڵچوو، بە دەنگێکی بەرزەوە بە دایکمی گووت، “ئەوە تۆ دەتەوێ شەرەفمان ببەیت؟”، دایکیشم بە نوزەوە بە باوکمی گووت، بۆ شەرفمان دەڕوات پیاوه‌كه‌، خۆ هێشتا كچه‌كه‌مان منداڵە با تۆزێ فێری خوێندەواری ببێت، دواتر دەیهێنینە دەرەوە، باوکم لەگەڵ ئەم قسەیەی دایکم تۆزێ سارد بۆوه‌و گووتی: “باوکی سامان پێی گووتوم کە قبوڵمان نییە ژن بخوێنێت، بۆیە تاکە مەرجمان ئەوەیە کچەکەت نەخوێنێ و ژنه‌كه‌ منیش بەوە رازی بوومه‌، چۆن بتوانم پێیان بڵێم کە کچەکەمان دەنێرین بۆ خوێندن؟، ئیتر دایکیشم بە باوکمی گووت من خۆم دەچم لەگەڵ دایکی قسە دەکەم و پێی دەڵێم تا تۆزێ گەورە دەبێت دەینێرین بۆ خوێندن و ئیتر دوای ئەوە دەیهێنینە دەرەوە، دوای ماوەیەک و گفتوگۆیەکی زۆر ماڵەکە بەوە ڕازی بوون کە تا چەند ساڵێک بخوێنم و دواتر بمهێننە دەرەوە”.

“کاتێک بڕیاریاندا بخوێنم وامدەزانی هەموو دنیا هی منە”

لە درێژەی سەربوردەی ژیانیدا ئاوات دەڵێت: “ئەو کاتەی کە چووم بۆ خوێندن وامدەزانی هەموو دونیا هی منە، چونکە زۆر حەزم لە خوێندن بوو و هەستم دەکرد کە دەتوانم سەرکەوتنی گەورەش بە دەست بهێنم، بۆیە لە ساڵی یەکەم تا پۆلی پێنجی سەرەتایی هەر بە یەکەم دەردەچووم، چەندین خەڵاتم وەرده‌گرت، مامۆستایانی خوێندنگەکەمان زۆر لەگەڵم باش بوون، پێیان دەگووتم: “تۆ لە داهاتوودا دەبی بە کەسێکی گەورە”.. منیش کاتێک کە گوێم لەو قسانە دەبوو هێندەی تر بە گوڕو تینەوە دەمخوێند، بەڵام کاتێک کە بووم بە پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی، کێشەو گرفت سه‌ریهه‌ڵدا، باوکم به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی كوڕه‌كه‌ هەوڵی دەدا ئیدی لە خوێندن دەرمبهێنێت، کاتێک کە خوێندن دەستی پێکردەوەو بۆ ئەوەی من هه‌ر به‌رده‌وام بم له‌خوێندن، بە گریانەوە لە ماڵەوە تاكو خوێندگە رامکردو خۆم گه‌یانده‌ لای مامۆستاکان به‌ڵكو هه‌وڵێكم بۆ بده‌ن و بەردەوام بم له‌خوێندن، بۆیە بەڵێنیان پێدام کە نەهێڵن لە خوێندن دوورم بخەنەوە، دوای کێشمە کێشمێکی زۆرو هەوڵی مامۆستاکان لەگەڵ باوکم سەریگرت، بەڵام ئه‌مجا کێشەی باوکم لەگەڵ بنەماڵەی کوڕەکە دەستیپێکرد، چونکە ئەوان بە هیچ شێوازێک به‌و حاڵه‌ رازی نەبوون..

دوای دانیشتنێکی زۆر و رازیبوونی ئەوان بەوەی تا پۆلی نۆ بخوێنم، به‌دڵخۆشییه‌وه‌ چوومەوە بەر خوێندن و دیسانەوە تا پۆلی نۆ بە نمرەی بەرزەوە دەرده‌چووم، بەڵام دوای ئەوەی كه‌ پۆلی نۆشم تەواو کرد، وردە وردە لەوە تێدەگەیشتم کە ئەو بە شودانەی من لە منداڵییه‌وه‌ ژیانی لێ تاڵ کردووم، بۆیە بڕیارمدا هەر بخوێنم و لە دواییشدا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کوڕە نەکەم، بەڵام ئه‌م بڕیاره‌م دوو کێشەی بۆم دروست كرد: یەکەمیان بنەماڵەی کوڕەکە بە باوکمیان گووت کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئاوات له‌قوتابخانه‌ دەربهێنن و هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕەکەمان بکات. دووەمیشیان خوێندنگەی ئامادەیی بوو كه‌ لە گوندەکەمان نەبوو، بۆیه‌ ناچار ده‌بووم بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن بدەم بچمە دەرەوەی گونده‌كه‌مان. لە کێشەی یەکەم توانیم بە هەوڵی دایکم و خاڵەکانم ماڵی کوڕەکە رازی بکەین بەوەی تا خوێندنی ئامادەییش تەواو بکەم، وەلێ تووشی گرفتێکی گەورەتر بووم لەوەی كه‌ چۆن باوکم ڕێگە دەدات من لە دەرەوەی گونده‌كه‌مان بخوێنم، ئەو کات کچێکی تێگەیشتوو بووم، توانیم به‌شێوازی خۆم باوکیشم ڕازی بکەم لەوەی بەردەوام بم له‌خوێندن و هاتوچۆم پێ بکات، بەو حاڵەوە تا پۆلی دوانزه‌ی ئامادەییم خوێند و بە نمرەیەکی بەرز توانیم بچمه‌ زانکۆ و لە بەشی پەروەردەی ئینگلیزیدا لە یەکێک لە زانکۆکاندا بخوێنم”.

“ئەو ساڵەی چووم بۆ زانکۆ ماڵی کوڕەکە بە باوکمیان گووت یان دەبێ دەریبهێنن لە خوێندن یان  ئەوە هه‌رگیز قبوڵ ناکەین”

ئاوات ئەو کاتە دەگێڕێتەوە کە رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەوە بۆ ئەوەی بخوێنێت و هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕەکەش نەکات و دەڵێت: “باوکی کوڕەکە تەلەفۆنی بۆ باوکم کرد کە دەیەوێت بیبینێت، باوکیشم بانگی کرده‌ ماڵەوەو دانیشتن، باوکی کوڕەکە بە باوکمی گووت یان دەبێت ئاوات نەچێت بۆ خوێندن یان ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین، باوکیشم پێی گووتم: کچی خۆم ئێمە ساڵانێکە خەڵک بە ڕیزەوە سەیرمان دەکات ئەگەر تۆ بە گوێی من نەکەی، ئەوا من ئابڕووم دەچێت. وەک ئەوەی باوکم ئەگەر بمنێرێت بۆ خوێندن ئابڕووی دەچێت، دوای ئەوە منیش بڕیارمدا بە تەله‌فۆنی دایکم تەلەفۆن بۆ کوڕەکە بکەم و پێی بڵێم کە من بە تۆ ڕازی نیم و هاوسەرگیریت لەگەڵ ناکەم، بەڵام ئەوەش رووبەڕووی ئاڵنگاریەکی تری کردمەوە، قسەم لەگەڵ خاڵم کرد کە من نامەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کوڕە بکەم و دەمەوێت بەردەوام بم لە خوێندن، بۆیە خاڵم زۆر منی خۆشدەویست پێی گووتم کە چیت پێ باشە من پشتگیریت دەکەم، بۆیە بڕیارمدا خۆم تووشی ئەو ئاڵنگارییە بکەمەوەو بە دزی باوکەمەوە تەلەفۆن بۆ کوڕەکە بکەم و پێی بڵێم کە من تۆم ناوێت. ئێوارەیەک تەله‌فۆنم کرد بۆ کوڕەکە و دوای چاک و چۆنی پێم گووت کە ئەو مارەبڕینەی من و تۆ لە منداڵییه‌وه‌ بەبێ خواستی من بووەو من بەوە رازی نیم و تۆش دەبێ رێز لەو راوبۆچوونه‌ی من بگری کە تۆم ناوێت، چونکە هیچ هەست و سۆزێکم بۆت نییە، بەڵام کوڕەکە بە دەم هەڕەشەوە پێی گووتم: “تۆ هه‌ر هی منی و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانی ئەوە بکەیت کە دەتەوێت بیكه‌ی”. بۆیە کێشەکە قوڵتر بووەوە و باوکم  پێی زانی، باوکم هاتەوە ماڵەوە و منیش زوو تەلەفۆنم بۆ خاڵم کرد، دوای ئەوەی کێشەکە گەورەتر بوو بە خاڵمم گووت: “پێویستیم بە پشتگیری تۆ هەیە و باوکم بە گوێی تۆ دەکات، خاڵم توانی قەناعەت بە باوکم بکات و من نەدەن بەو کوڕە و بچم بۆ خوێندنی زانکۆ، ئیتر  یەخەم لە یەخەی ئەو ماڵە بووەوە و تاکە کێشەم بەس باوکم بوو”.

“ماڵی کوڕەکە لەگەڵ باوکم پەیوەندیان پچڕاند و باوکیشم لێم توڕە بوو”

ئاوات دەڵێت: “دوای ئەوەی هەوڵەکانم چڕ کردەوە و باوکم رازی بوو بەوەی بخوێنم، ماڵی کوڕەکە بە باوکمیان گووتبوو ئێمە پەیوندیمان بە ئێوەوە نییەو ئیتر تا هەتایە دەیبڕێنینەوە، بەڵام باوکم بەوە زۆر بێ تاقەت بوو، لێم توڕە بوو و قسەی لەگەڵ نەدەکردم، چونکە هەستی بە شەرمەزاری و ئابڕوچوون دەکرد، ڕۆژێک بە دەم گریانەوە پێی گووتم: کچم تۆ کچی منی، ئاخر چۆن دڵت دێت ئەو حەیاو شەرەفەی هەمبوو لە دەستمی دەربهێنی، منیش چووم دەستم لە ملی کرد و ماچم کرد، گووتم باوکە گیان بەڵێن بێت من شتێکی وا بکەم هەموو خزم و کەسەکانت شانازی بە تۆوە بکەن، بەس تۆ لێم خۆشبە و ئارام بگرە، باوکیشم هەر بە دڵێکی ساردەوە خەمی دەخوارد لەوەی کە تووشی چی بووە، ئاخر ئه‌ویش نا حەق نه‌بوو، چونکە کۆمەڵگەکەی وا دەخوازێت تا ئەو بەو شێوازە بیر بکاتەوە، ئەویش وەک هەزاران باوکی تر ببوو بە قوربانی چەمکی پاراستنی شەرەف”.

“بەڵێنمدا هەم سەری خۆم و هەم سەری خێزانه‌کەم بەرز بكەمەوە”

ئاوات لە بارەی زانکۆ و کەمکردنەوەی ئازاری باوکی دەڵێت: “کاتێک دەستم بە خوێندنی زانکۆ کرد، بڕیارمدا وەک چۆن لە خوێندنگە یەکێک بووم لە فێرخوازە زیرەکەکان، بە هەمان شێوە دەبێت لە زانکۆش هه‌ر وابم، بۆیە توانیم هەر چوار ساڵەکەی زانکۆ ببم بە یەکەمەکانی بەشەکەمان و دەستم کرد بە خوێندنەوەو بەشداریکردنی خولە پەروه‌ردەییە خێزانییەکان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، دوای ئەوەی زانکۆم تەواو کرد لەگەڵ کوڕێکی هاوپۆلم پەیوەندی ئەڤینداریم درووست کردو پێم گووت: کە بێتە ماڵی باوکم بۆ ئەوەی بتوانم هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم. دوای ئەوەی کە هات و باوکم ڕازی بوو، ئیتر هاوسەرگیریمان کردو لە گوندەکه‌ماندا پێکەوە لە خوێندگە بوین بە مامۆستا، ئەو کاتە باوکم زۆر دڵی خۆش بوو، چونکە لە گوندەکەدا دەنگی دایەوە کە باوکم کچێکی مامۆستایەو ئێستا ئەو وەک خانەدانێک سەیر دەکرێت، ئەوە چیرۆکی من و هەزارانی وەک منە کە توانیمان ئەو بەربەستە گەورە کۆمەڵایەتییانە تێک بشکێنین و وەک ژنێکی ئازا لە کۆمەڵگەدا خۆمان بسەلمێنین”.

ئاوات ئێستا تەمەنی ٣٠ ساڵەو خاوەنی دوو مناڵەو لە گوندەکەیدا مامۆستایە و هاوشان لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەوڵ دەدەن ڕێگری لەو خێزانانە بکەن کە بە زۆر کچەکانیان بەشوو دەدەن و بە منداڵی بە مارەبڕیان ئەکەن، چونکە ئاوات پێیوایە مادام ئەو ئەم ژیانەی بینیووە، نایەوێت چیتر لە گوندەکەیاندا دووبارە ببێتەوە، بۆیە لە ژێر کاریگەری ئەودا چەندین کچ توانیان ڕۆڵی خۆیان وەربگرنەوەو بچنە بەر خوێندن و خوێندنیان تەواو بکەن.

لەسەر جۆری پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان و چۆنیەتی کار لەسەرکردن و چارەسەركردنی لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە، نەجیبە عومەر بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان دەڵێت: “ئێمە وەکو ڕێکخراوەکەمان لەماوەی کارکردنماندا لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا کارمان لەسەر هەموو ئەو کەیسانە کردووە کە رەهەندی جیاکاریی ڕەگەزیان تێدایە و هەروەها چالاکییەکانمان زیاتر تایبەت بوون بەو بوارەوە، ئەم یاسایەی کە ئێستا هەیە لە کوردستان بە ناوی یاسای توندوتیژی خێزانی بۆ یەکەمین جار لەلایەن ئێمەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کرا، وەکو ڕێکخراوێکی مافی ژنان ئێمە چەندین چالاکیمان دژ بە چەوسانەوەی ژنان ئەنجامداوەو لە ئێستادا ئێمە لە رووی یاسایی و کردارییەوە هەموو ئەو ژنانە لە خۆ دەگرین کە هاوشێوەی ئاوات خانن، هیوادارین ژنان هاوشێوەی ئاوات خان بتوانن ڕووبەڕووی ئەم دابونەریتە ببنەوە کە ژنی تێدا دەچەوسێتەوە”.

پارێزەر ئەشواق نەجیب چالاکوانی بواری ژنان و داکۆکیکاری یاسایی مافەکانی ژنان لە بارەی مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ئەم جۆرە کەیسە دواو گووتی: “لە یاسای توندوتیژی خێزانیدا باسی لەم جۆرە کەیسە دەکات، هەورەها لە یاساکەدا دژی هەر توندوتیژییەکە کە دژ بە ژنان ئەنجام دەدرێت”، نەجیب ئەوەشی گووت: “هەر کەسێک بە تایبەت ژنان ئەگەر زانییان لە منداڵییەوە مارەبڕ کراون و یاخود لە خوێندن دەرهێندراون، ئەوا دەتوانن داوای یاسایی تۆمار بکەن و یاسا پشتیان ئەگرێت، بۆیە لە ڕووی یاساییەوە سەرەڕای کەموکوڕییەکان، دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەوانە دەبێت کە توندوتیژیان لەدژ کراوە”.

لای خۆشییەوە نیاز عەبدوڵای چالاکوانی بواری مافی ژنان دەربارەی چەندایەتی ئەم جۆرە کەیسانە لە هەرێمی کوردستان بۆمان دواو گووتی: “بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تەنانەت بەپێی ڕێککەوتننامەی سیداویش ژنان هاوشانی پیاوان دەبێ خوێندن بکەن و هەر جیاکارییەک بەو ئامانجەی کە ژنان و کچان دەربکرێن لە خوێندن و ڕێگەی پەروەردەو زانستیان لێ بگیرێت بە جیاکاری ڕەگەزی هەژمار دەکرێت و دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافەکان و چه‌وساندنەوە.

 بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش ئەوەی تێبینی دەکرێت هێشتا بە یاسا تەواو نەتواندراوە بنەمای ئەو یەکسانی و دادپەروەرییە لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ بکرێت و بە تایبەت لە شوێنەکانی دەرەوەی شارەکان کچانێکی زۆر دەبینین کە قوربانی ئەم جیاکارییەن وەک چیرۆکی ژیانی ئاوات، تەنانەت هەندێکجار دەگەنە ئاساتی تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندیش، بەڵام خێزانەکان ڕێگە نادەن کچەکانیان بچنە زانکۆ و پەیمانگاکان و لە بەشە ناوخۆییەکان بمێننەوە، یان تێکەڵبن لەگەڵ کوڕان و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندی ئەم جیاکارییەی تێدایە، بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان کار بۆ داڕشتنی یاسایەک بکات کە خوێندن بکرێت بە ناچاری بۆ ئەوەی کچان و ژنان لەلایەن خێزانەکانیانەوە ڕێگری خوێندنیان لێ نەکرێت”.

بەپێی ئامارێکی تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان لەسەر ئاستی (جەستەیی و دەروونی و سێکسی) ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە سەرەتای ئەم ساڵدا بۆ ڕای گشتی خستیەڕوو و تیایدا هاتووە: “لە ئێستادا توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان لەسەر هەر سێ ئاست زیادی کردووەو هۆشداری دەدەین لەوەی کە ئەگەر ڕێگری لەم توندوتیژیانە نەگیرێت، ئەوا چەند ساڵی تر ئەم ڕیژەیە زیاتر دەبێت”.

دەربارەی دوورخستنەوەی ژنان لە خوێندن لە ئامارەکەدا هاتووە: “زۆرترین ئەو ژنانەی کەوا لە خوێندن دادەبڕین كه‌ لەلایەن خێزانەکانیانەوە ناچار دەکرێن، ئەو ژمارەیەش لە ئێستادا کەمتربووەتەوە بە جۆرێک %٦٠ی ئەو ژنانەی کە لە خوێندن دادەبڕێن لەلایەن خێزانەکانییانەوە ناچار دەکرێن، بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی پێشووترو بەپێی ئامارە کۆنەکان کە لە ساڵانی پێشووتر ئەنجامدراوە، ئەم ڕێژەیە زۆر زیاترە کە بریتییە لە %٧٥ ئەو ژنانەی کە واز لە خوێندن دەهێنن لەلایەن خێزانەکانیانەوە ناچار دەکرێن، ئەمە ڕێژەیەکی زۆرە ئێمە هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاساوە چارەسەری ئەم توندوتیژیانە بکەین”.

  • تێبینی: ئاوات ناوێکی خوازراوە، نووسەر لەبەر پاراستنی پیشەکەی ناوی راستەقینەی بەکار نەهێناوە. ناو و دەنگی تۆمارکراو لای نووسەر پارێزراوە.
  • دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێخراوی “Internews” لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، نووسەر ئەم راپۆرتەی نووسیوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.