ڕەشاد گەڵاڵی
چاکسازی پڕۆسەیەکی نیشتمانی درێژخایەنە مەبەست لێی بەسستم و دامەزراوە کردنی یەکە ئیدارییەکان ودوورخستنەوەی کەسانی مشەخۆرو دانانی پلان و بەرنامەی پێش وەخت لەدەست پێك وهەنگاوە سەرەتاییەکانە ،
بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گروپ و مافیاکان ودوورخستنەوەی نیشتمان لەم ئافاتە دەبێ سوود لەتواناو وزەی دڵسۆزان و وەگەڕ خستنیان وەربگیرێت لە چوارچێوەی دانانی پڕۆژەوبەرنامە بەئاڕاستەی چاکسازی کردن لەدامەزراوە ئیداری و داراییەکان و کەم کردنەوەی هەژموونی حزب بەسەریاندا ،
پێناسەی چاکسازی ئیداریی بریتیە لەسەرجەم ئەوگۆڕانکارییە سیاسی وکۆمەڵایەتی و کارگێڕیانەی کەلابردنی گەندەڵی دەکەنە ئامانج ،
یاخود چاکسازی هەموارکردن و گۆڕانکاریەکی نیمچە ڕیشەییە لەشێوازی حکومرانیدا یان پەیوەندییەکۆمەڵایەتیەکان بێ هیچ بەرکەوتنێك لەگەڵ بنەماو پڕانسیپەکانی ، بەم پێیەش بێت چاکسازی بێجگە لەچاککردن وباشترکردنی سستمی سیاسی کۆمەڵایەتی مانایەکی تر ناگەیەنێت ،
پڕۆسەی چاکسازی :
لەیەکەم قۆناغ دەبێ لەخود دەست پێ بکرێت دوایی بگوازرێتەوە بۆ بنەماڵەو دراوسێ ـ گەڕەك و شار لەهەمووی گرنگتر متمانەو باوەڕ بەخۆبوونە لەجێ بەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە ، بازدان لەقۆناغەکان شکست و مردنی پێش وەختەی پڕۆسەکە دەگەیەنێت ،
بۆیە کات گرنگە نابێت وناکرێت لەبەربوونی هەر هۆکارو بەناوی هەر بیانوێك لەم پڕۆسە چارەنوسسازەدا تاك ـ بنەماڵە ـ عەشیرەت ـ دەوروبەری بەرپرس و خزمەکانیان وەك هەرتاکێکی ئەم نیشتمانە وەلابنرێن بەپێچەوانەوە دەبێ پەیوەست بکرێن و لەچوارچێوەی پیرۆزی پڕۆسەکەدا مامەڵەیان لەتەكدا بکرێت و کەسیش نەبەخشرێت و وەبەر لێبوردن نەکەوێت ،
گوشار و هەژموون گەر زێدەڕۆیی تیایدا کراو لەسنووری دان پێدانراوی خۆی تێپەڕی کرد دڵنیابن ئامانج ناپێکێت و ڕەوایی و پیرۆزی لەئەنجامی کاری نەشیاوو ناڕەوادا شکۆو پێگەی شیاوی خۆی لەدەست دەدات لەنێو ئیدارەدانێکی بێ سەروبەردا ،
سەرکەوتن لەم پڕۆسەیە لەیەکەم سات و هەنگاودا پێویستی بەدووئامانج هەیە
ئامانجی یەکەم :
هۆشیاریی و ڕەوشەنبیری تاك وکۆمەڵ گرنگەو دەبێ لەئاستێکی باڵادا بایەخی پێ بدرێت وبکرێتە پڕۆگرام لەسەرئاستی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا گرنگی تایبەتی پێ بدرێت ،
ئامانجی دووهەم :
گەربڕیاربێت کڕۆکی گەندەڵی لەمرۆڤەوە سەرچاوە بگرێت ، ئەوە کڕۆکی چارەسەریش هەرلای ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت بۆیە دەبێت دەست خۆشی لەو داهێنانە بەرزەبگرین کەفەرموویەتی : دانانی کەسی شیاو لەشوێنی شیاو دروست و بەجێیە ،
بەپێی خوێندنەوەو ڕوانینی بەندە سەرکردەی سەرکەوتوو لەبەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵات و پڕۆسەی چاکسازی ئەو کەس و سەرکردە هەڵکەوتووەیە کەخۆی و دەورو بەرەکەی تێوە نەگڵابن لەبەهەدەردان و تاڵانکردنی سەرمایەی وڵات و نێوی نەخزابێتە نێو ڕیزبەندی سەرمایەدارەکانی جیهانی ئیمڕۆ و لەنێو لیستەکان شوێنی یەکەمینەکانی هاوشێوەی مۆگابی بۆخۆی دەسەبەر نەکردبێت و گەلەکەشی برسی و تووشی کۆڵەمەرگی نەکردبێت ،
لەکۆتادەڵێم : کەمینەیەکی هەڵپەرست سومەندترین توێژن لەنێوکۆمەڵی کوردەواریدا کەلەبوونی هەردەرفەتێکدا دەستەگوڵی خۆیان لێ دەدەن و ناز بەسەرجەماوەرو زەویدا دەکەن ئەوجۆرە مرۆڤانە لەشێوەی سن وکیسەرەن لەوەرزی دروێنەدا بەقەدو باڵای بەرپرسەکان دەئاڵێن بۆئەوەی هاوبەشییەکی ڕاستەقینەو لە سنور بەدەر لەنێوان خۆیان و بەرپرسە سیاسی و ئیدارییە باڵادەستەکان فەراهەم بکەن و شیرینیەکان لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن ،
سەرکردەی چاکسازیخوازئەو کەس و سەرکردەیە لە خود و پاسەوان و کەسە نزیکەکانی هەنگاوی سەرەتا بنێت وهەنگاوی دووەم لە بەرپرس و حزبەکەی خۆی و تەواوی بەرپرس و حزبەکانی تر دەست پێ بکات و پێیان بڵێت
من این لك هذا مال .