کۆمەڵگەى مەدەنى یان کۆمەڵگەى حیزبی

لەلایەن ستاندار Posted on 289 جار بینراوە

عمر على محمد
کارى جەماوەرى و سەندیکایى و کۆمەڵگەى مەدەنى لە ئێستادا بوەتە پێداویستیەکى سەردەم و هەموو ئەو دەوڵەتانەى کە بە سیستمى دیموکراسى کار دەکەن ،رۆژ بەرۆژ کارى مەدەنى تیایاندا گەشەدەکات و خۆشیان باشترین فەزا دروست دەکەن بۆ گەشەکردنى، چونکە کارى دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ئێستادا وەک بەشێک لە تەواکارى دەوڵەت سەیر دەکرێت و وەک هۆکارێکیش بۆ گەشەپێدانى دیموکراسى سەیرى دەکەن ،هەتا لە ئەم رێگەیەوە رێگە لە دەوڵەت بگیرێت کە بەرەو تاکڕەوى و عەسکەرتارى هەنگاو بنێت و لەم رێگەیەوە خۆى بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپیێنێت.
لە سیستمى دیموکراسیدا کارى مەدەنى رێکخراوەکان هاوشان لەگەلڕ کارى پارتە سیاسیەکاندا بە دوو هێڵى تەریب دەڕۆن و کە هەمووشیان لە پێناو چەسپاندنى مافەکانى هاوڵاتى و بنیاتنانى حکومەتى خۆشگوزەراندا خەبات دەکەن.
ئەگەر سەیر بکەین لە کوردستاندا هەرچەند باس لە دیموکراسیەکى سیستمى فیدراڵى دەکرێت و دەیانەوێت وا خۆیان نمایش بکەن کەسیستمێکى سیاسیى دیموکراتى حوکم دەکات و بوونى هەزاران رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنیش بە سیماى ئەو سیستەمە لە قەڵەم دەدەن. بەڵام سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى نابینرێت کە ئەم رێکخراوانە رۆژێک لە رۆژان توانیبێتیان دەیان هەزار کەس بێننە سەر شەقام بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانیان یان بە بایکۆت و مانگرتنێک حکومەت بوەستێنن.
لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووى بنیاتنانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەلایەک و رۆلڕ و پرۆژەى پارتە سیاسیەکان لە دید و تێڕوانینیان بۆ شێوازى حوکم و کارى مەدەنى و گەشەپێدانى دیموکراسى. لەبەرئەوەى کۆمەڵگەى کوردى کۆمەڵگەیەکى چەوساوەو داگیرکراو بووە لەڕووى سیاسیەوە، لەبەرئەوە لەو فەزایەشدا کۆمەڵگەى مەدەنى گەشە ناکات، بەڵکو لەو بارودۆخەدا ئەو پارتە سیاسیانە دێنە ئاراوە کە بڕوایان بە توندوتیژى هەیەو لەسەر بنەماى فیکرى شۆڕشگێڕى کارى سیاسى دەکەن، کە ئەمەش وا دەکات شتێک بە ناوى کۆمەڵگەى مەدەنى بوونە نەبێت.
پارتە سیاسیەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە لە کوردستاندا هەموویان پشتیوانى کردنیان لە رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆئەوە بووە کە هەژموونى خۆیان زیاتر بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن، لەبەرئەوە دەبینین زۆرینەى رێکخراوەکان سەربەخۆ نین، بەڵکو هەریەکەیان نوێنەرایەتى پارتە دەسەڵاتدارەکان دەکەن ئەگەر بەو جۆرەش نەبێت ئەوا هەموو پارتە سیاسیەکان لە هەرەمى کارگێڕى ئەو رێکخراوانەدا هەن و ئەمەش بەدیاردەیەکى شارستانى و دیموکراسى لە قەڵەم دەدەن، کەواتە لەم بارودۆخەى ئێستای کوردستاندا شتێک نیە بەناوى کۆمەڵگەى مەدەنى ، بەڵکو هەمووى کۆمەڵگەیەکى حیزبیە و روپۆش کراوە بە دیموکراسى.
هەرلەبەرئەمەش بووە بە درێژایى ساڵانى رابردوو سەرەڕاى ئەو هەموو قەیرانە جۆربەجۆرانە ،نەمانبینیوە رێکخراوێکى پیشەیى یان سەندیکایەک بە شێوازى مەدەنى بێتە سەر شەقام و دەسەڵات ناچار بکات بە ملکەچ کردن بۆ داواکانى، بەڵکو ئەگەر لە ساتەوەختێکدا رێکخراوێکیش ویستبێتى ئەم کارە بکات بەهۆى حیزبى بونى بەرپرسەکانى هەرزوو لەباربراوە، لەلایەکى تریشەوە بەهۆى باڵادەستى حیزب لە ژیانى سیاسیدا و لاوازى دامەزراوە دیموکراسیەکان، بەردەوام حیزب رێبەرایەتى کۆمەڵگەى مەدەنى کردووە و رێگەى نەداوە سەربەخۆیانە کارى خۆى بکات، لەبەرئەوە لەم بارودۆخە تایبەتەدا نەتوانراوە خەڵک لە دەورى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى کۆبکرێتەوەو بکرێتە فشارى بەهێز لەسەر دەسەڵات، چونکە لەلایەک خەڵک بەردەوام مەترسى ئەوەى هەبووە کە هەر جوڵەیەک لەلایەن هەر رێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنى بکرێت لەلایەن حیزبە سیاسیەکانەوە قۆرغ دەکرێت و بۆ مەرامى سیاسى بەکار دەهێنرێت، لەلایەکى تریشەوە سەربەخۆ نەبوونى رێکخراوەکان واى کردووە کە هەر رێکخراو یان سەندیکایەک و کۆمەڵە و یانەیەک پاشکۆى پارتێکى سیاسیى بێت، لێرەدا دەکرێت بپرسین ئایە لە پێناو گەشەپێدانى رۆڵى کاراى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەبێت چى بکرێت و چۆن دەتوانین لە رۆلڕ و کاریگەرى ئیجابى ئەو رێکخراوانە تآ بگەین.
لەسەر ئاستى جیهانى ئێستا رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و خەباتى مەدەنى جێگەى توندوتیژى و فیکرى شۆرشگێڕى گرتوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن ئێمە پارتە سیاسیەکان لە جیاتى ئەوەى پشتیوانى لە رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بکەن وەک هێزێکى کارا بۆ هێنانەودى مافەکان و چەسپاندنى ئازادى و دادپەروەرى و مافەکانى هاوڵاتى، گوآ بیستى ئەوە دەبین کە پەنا ببرێت بۆ دروستکردنى میلیشیاو هێزى سەربازى و ئەمەش بەهێزى پاراستنى دیموکراسى ناودەبەن، ئەم پاشەکشەیە لە عەقڵیەتى سیاسیى پارتەکان لە کوردستاندا مەترسیدارە و گەڕانەوەیە بۆ دواوەو دووبارەکردنەوەى ئەزموونە شکستخواردوەکانى ناوچەکەیە، چونکە ئەو کارە پەرچەکردارێکە بە ئاراستەیەکى خراپ و دواجاریش ئەزموونەکانى سوریا و لیبیاو ناوچەکەمان بۆ دووبارە دەکاتەوە کە گەل و نیشتمان و نەتەوەیان هەموو سەرگەردان کرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.