ئەگەر ریفراندۆم نەکرابوایە

لەلایەن ستاندار Posted on 300 جار بینراوە

كەمال چۆمانی

دو ساڵ لەمەوبەر گەورەترین دەوڵەتی دونیا لەڕوی ئابوریی و سیاسیی و عەسکەرییەوە، داوای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق کرد کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بۆ ماوەی دو ساڵ دوابخەن، ئەگەریش کێشەکان لەگەڵ بەغداد چارەسەر نەبون، ئەوا ئەمریکا پشتیوانیی ریفراندۆم دەکات. مەسعود بارزانیی عینادیی کرد، قبوڵینەکرد. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کرد، دواتر وەزیری بەرگرییش سەردانی هەرێمی کرد چونکە پێیان وابو بەرپرسانی هەرێم تێناگەن کە برێت مەگکێرک کە نوێنەری سەرۆک تڕامپە، نوێنەرایەتیی ئەمریکا دەکات. بەرپرسانی هەرێم، رونتر مەسعود بارزانیی، کەلەڕەقایەتیی کرد. لەلایەن راوێژکارە کوردەکان و بیانییەکان، زۆر بەخراپیی هەڵخەڵەتێنرا.
ئێستا دو ساڵ رۆییشتن، ریفراندۆم بوە گەورەترین شکستی بارزانیی و هەرێمی کوردستانیش. ئەوەی مەسعود بارزانیی و پارتیی پلانیان دانابو کە لە بەرانبەر وەلانانی ریفراندۆمدا کەرکوک ببەنەوە، نەک بەدەستیاننەهێنا، کەرکوکیشیان دۆڕان -بێگومان ئەوان بەس نەوتەکەی کەرکوکیان لا گرنگە و گرنگ بوە-. کێشەکانیش لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەبون. ئەمریکاش لە هەر رۆژ زیاتر پشتیوانیی عێڕاقە بە بەراورد بە هەرێمی کوردستان.
ئێستا لە هەر رۆژێک زیاتر رونە کە ئەوانەی باسی ریفراندۆمیان دەکرد، بەڕاستی نە خەونی سەربەخۆییان هەبوە، نە لە سەربەخۆیی و ریفراندۆمیش تێگەییشتون و تێدەگەن. نە لە سیاسەتی دەرەکیی و جیۆپۆلەتیکیش حاڵیی بون و حاڵیی دەبن.

لە مێژوی کوردستانی عێڕاقدا، واتا لە ١٩٩٢ەوە حکومەتی هەرێم دروستبو، هیچ کاتێک ئەمریکا پشتی لە کورد نەکردوە. لەدوای ١٩٩١یش یەکێتیی ئەوڕوپا و ئەمریکا بەبەردەوامیی پشتیوانیی هەرێم بونە، بەڵام لە ریفراندۆمدا تێگەییشتن کە ئەو سەرکردایەتییە نرخ بۆ ئەو دۆستایەتیی و ئەو هەمو پشتیوانییە سیاسیی، ئابوریی، عەسکەرییە دانانێت، هەر بۆیە ئێستا دەبینین تەنانەت لە کێشەکانی لەگەڵ عێڕاقیشدا گرنگییەکی ئەوتۆ بە هەرێم نادەن.
هەرێم پێویستی بە سیاسەتمەداری حەکیم و دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و خوێندەوار هەیە، لە هەر رۆژێک زیاتر.

ئەگەر ریفراندۆم نەکرابوایە، رەوشی کەرکوک وای لێ نەدەهات. کێشەکان لەگەڵ بەغداد بە ئاراستەی تر دەڕۆییشتن چونکە هەرێم لێڤرجی هەبو بەرانبەر بەغداد، ناوچەی جێناکۆکی لەژێر کۆنترۆڵ بو، بە نەوتیشەوە. پشتیوانیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپای دەبو. لە هەموشی گرنگتر، ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەبونایە، کێشەی هەرێم دەبو بە کێشەیەکی نێودەوڵەتیی و ئەمریکا پەیمانی دابو کە پشتیوانیی ریفراندۆم بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.