چاوه‌ڕێى چى ده‌كه‌ن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 211 جار بینراوە

ستاندەر: سەرتیپ وەیسی

مامه‌ڵه‌كردنه‌ى پارتى و سه‌رۆكى حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ تایبه‌ت یه‌كێتیى و گۆڕان، به‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنى سیاسى نێوانیان له‌باره‌ى حكومه‌ت و شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ خواره‌، دروستكردنى مه‌ركه‌زیه‌تى ته‌واو له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌ت، ئاماژه‌یه‌كى ڕوونه‌ كه‌ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ داهاتووى كابینه‌ى نوێ باش نابێت و له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا به‌ریكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ ڕووده‌دات، چونكه‌ هێشتا سێ مانگ تێنه‌په‌ڕيووه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ به‌شدارى كابینه‌ى نوێیان كردوه‌، به‌ بارودۆخه‌كه‌ ڕازى نین و پێیانوایه‌ به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى جێبه‌جێكراوه‌.

یه‌كێتیى جگه‌ له‌وه‌ى كێشه‌ى پارێزگارى كه‌ركوكى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌، له‌ هه‌مانكاتدا جێگره‌كه‌ى له‌ حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى پێنه‌دراوه‌و ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر كاخه‌زى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى نوسراوه‌ هیچى جێبه‌جێنه‌كراوه‌.
هه‌روه‌ك چۆن گۆڕان پاڵپشتێكى باش بوو تاوه‌كو پارتى بتوانێت كابینه‌ى نوێ به‌ ئاسانى كۆنتڕۆڵ بكات، له‌ هه‌مانكاتیشدا زۆربه‌ى یه‌كێتییه‌كان له‌ نێوشیان قوباد تاڵه‌بانى و پارتییه‌كانى نێو یه‌كێتیى په‌له‌ په‌لیان بوو له‌سه‌ر رێككه‌وتن، به‌بێ ئه‌وه‌ى بزانن چى ده‌كه‌ن، هه‌مووجار قوباد تاڵه‌بانى ده‌یوت : مه‌كته‌بى سیاسى ده‌یه‌وێ سوارى سه‌ر ملى خۆیان بن نه‌چنه‌ حكومه‌ت و ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن.
مام جه‌لال هیچ كات باوه‌ڕى به‌وه‌ نه‌بوو كوڕه‌كانى سیاسه‌ت بكه‌ن و بێنه‌ پێشه‌وه‌و هه‌ربۆیه‌ش هیچ گرینگى به په‌روه‌رده‌كردنى سیاسى دوو كوڕه‌كه‌ى نه‌ده‌دا، هه‌ربۆیه‌ش
ئێستاش ئه‌وان له‌به‌رده‌م ماڵى بارزانى زۆر زه‌لیل و بچووك ده‌رده‌كه‌ون ( گرته‌ ڤیدیۆیه‌كى دوێنێ شه‌ویش باشترین ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌).
بزوتنه‌وه‌ی گوڕان ئه‌و كاته‌ى هاته‌ پاڵ پارتى و باڵانسى هێزى گۆڕى و شه‌وانه‌ خه‌ونى خۆشیان به‌چوونه‌ حكومه‌ت ده‌بینى، له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌دا بۆیان ڕوونبۆته‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیره‌كانیان له‌ فه‌رمانبه‌رێك زیاتر نییه‌، هێشتا هیچ نه‌بوو سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ دانانى یاریده‌ده‌ر كابینه‌ له‌ ناو كابینه‌ دورست ده‌كات و ئیستفزازیان ده‌كات به‌ دانانى رێباز حه‌ملان و محه‌مه‌د حاجى.
تاوه‌كو مامه‌ڵه‌ى هێزه‌ سیاسییه‌كانى سلێمانى به‌و شێوه‌یه‌ بێت له‌گه‌ڵ پارتى، هه‌ر به‌ پاشكۆیى ده‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ له‌ ساڵى شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌و باشووره‌ به‌سه‌ر دوو زۆن و باڵ دابه‌شبووه‌، به‌ره‌ى پارتى و به‌ره‌كه‌ى دیكه‌ كه‌ یه‌كێتى و لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانى پارتى نوێنه‌رایه‌تى ده‌كه‌ن، تاوه‌كو به‌ره‌ى ئه‌ولا له‌گه‌ڵ یه‌كدا نه‌بن پارتى كه‌متر دێته‌ ژێر بار.
هه‌میشه‌ش ئه‌و حزبه‌ گره‌و له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌یى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى ده‌كات و تاوه‌كو ئێستاش سه‌ركه‌وتوو بووه‌، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆئه‌مه‌ له‌وكاته‌ى نه‌وشێروان موسته‌فاو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ ساڵى 2016 رێككه‌وتنێكى سیاسیان كرد، پارتى ئامانى لێ هه‌ڵساو هه‌موو شتى كرد تاوه‌كو ئه‌و دوو هێزه‌ لێك بكات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.