هونەر تۆفیق
تراکسود لەبەرەکان ، ئەو گەنجە توڕە و پەڕاویزخراوانەن لە عێراقدا ، لەگەڵ هەر هەڵچونێکی سیاسیدا ، ئەوانیش لە توڕەیی خۆیاندا بەگەرمی هەڵدەچن . لە بوئسی بێکاری و ناڕۆشنی داهاتوویاندا هەر جارەی بەر شەپۆلێک دەکەون . شەپۆلێک تراکسود لەبەر پەیوەندیان بەهێزە سەربازی و ئەمنیەکانی عێراقەوە کرد و تێکەڵاوی کەرتی عەسکەری بوون . بەدوایدا شەپۆلێکی دیکەی تراکسود لەبەر لە موسڵەوە لەگەڵ هاتنی داعشدا بوونە چەکداری دەوڵەتە ئیسلامیەکەی خەلیفە بەغدادی و تراکسود لەبەرەکانی سپایکەریان کۆمەڵگوژ کرد . دواتر شەپۆلێکی تریان چوونە ناو حەشدی شەعبیەوە و شەڕێکی قورسیان لەگەڵ داعشداکرد .
بەکارهێنانی تراکسود لەبەرەکان لەهەڵچونە سیاسیەکانی عێراقدا ، هەمیشە لەو شوێنانەدایە کە توندوتیژی تیادایە و کوشتاری لێدەکەوێتەوە .
لەپاش شەڕی داعش ، تراکسود لەبەرەکان کە بە توڕەیی ڕاهێنراون و گۆشکراون ، بەشوێن چارەنووسی خۆیاندا دەگەڕێن . بۆ پاڵەوانێک دەگەڕێن نوێنەریان بێت و سەرکردایەتیان بکات . پرسی گواستنەوەی جێگری سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق ( عەبدولوەهاب ساعدی ) بووە مایەی خرۆشاندنی ئەو توڕەییە داخراوەی لەناو تراکسود لەبەرەکانی عێراقدا هەیە . هەڵچونی ئەمجارەیان لە دوور خستنەوەی ساعدیەوە دەستپێدەکات و نازانرێت لە کوێدا کۆتایی پێدێت ؟!
توڕەیی ئەمجارەی ئەو تراکسود لەبەرانە نێوەندی سیاسی و حوکمڕانی عێراقی توشی شڵەژان کردووە . مەرجەعیەت بێدەنگە و دوو ڕۆژە هیچ لێدوانێکی ڕاستەوخۆی نیە . مالیکی بێ بەری بوونی خۆی لە تراکسود لەبەرەکان ڕاگەیاند . سەدر و حەکیم دەڵێن ئێمە ئاگاداریان نین . حەشدی شەعبیش ڕایانگەیاند ئەوان لەپشتی ئەو تراکسود لەبەرانەوە نین . ئەمریکا زۆر بەسادەیی لەو هەڵچون و خۆپیشاندانانەی تراکسود لەبەرەکان دەڕوانێت . وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ هۆشداریەکی نەداوە بەو ئەمریکاییانەی لە عێراقدان و ئاژێری ئالەرمی بۆ هەڵنەکردوون . ئێرانیش بە تەواوی بێدەنگە .
ئایا ئەو تراکسود لەبەرانە ، لەناو بێدەنگی و بێ پشتوپەنایی هەموو ئەو لایەنە کاریگەرانەدا دەتوانن بەردەوامی بەو فشارانەبدەن کەلە خۆپیشاندانەکانەوە خستویانەتە سەر حکومەت ؟ ئەگەر بتوانن ، دڵنیا داهاتووی سیاسی عێراق بۆ تراکسود لەبەرەکان دەبێت ، گۆڕانکاریەکان لەسەر دەستی تراکسود لەبەرەکانەوە لەعێراقدا دەست پێدەکات .