خۆپیشاندانەكان، داواكاریەكان و هاواری خەڵك

لەلایەن ستاندار Posted on 519 جار بینراوە

لەتیف فاتیح فەرەج
عیراقیەكان توڕەن ، لەوەشدا هەقیانە ، ناكرێت لە وڵاتێكا مانگی بای پێنج شەش ملیار دۆلار نەوت بفرۆشرێت و ئەوەش حاڵی شارو خزمەتگوزاری و ئاوو كارەباو تەندروستی و پەروەردە بێت كە هەیە ، هەندێك لە بەرپرسەكان پێیانوایە ، باش بوون واتە جوانكردن و رازاندنەوەی ئۆفیس و ژوورەكەی خۆی ، ئەوانەی لە كۆشك و تەلارە قەشەنگەكانەوە سەیری وڵات دەكەن ، نەهامەتی و كوێرەوەری خەڵك نابینن ، عیراقیەكان لەو نەبینینە توڕەن ، لەوە گەڕێ‌ وڵات لیپە لەگەندەڵی و مافیا هەیەو كێ‌ لە پشت خۆپیشاندەرانەوە یە ، ئەوە جاری یەكەم نیە عیراقیەكان بەو جۆرە توڕەبن، بەڵام جاری یەكەمە موقتەداو هەندێ‌ كارەكتەری ئاشكراو دیاری لە پشتەوە نیە ، خۆ پیشاندانەكان بە كوێ‌ دەگەن گرنگ نیە گرنگ ئەوەیە داواكاریە رەواكان بەردەوام دەبن .
توڕەیی ئێستای لاوان و خۆپیشاندەرانی عیراق ، هەمانتوڕەیی خۆپیشاندانەكانی هەرێكی كوردستان بوو لە ستەم و نادادی و مافیای نەوت ، بەڵام جیاوازیەكە ئەوەیە لە عیراق بەغدا سەنتەری توڕەبونەكەیەولە هەرێم هەرگیز رێگەی هەناسە دان بە هەولێریەكان نەدرا ، دەنا هەرێمی كوردستانیش لیپە لەنادادی ، سەیر نەكردنی دۆخی خەڵك ، لەوەڕاندنی كەمینەیەك بۆ جوانكردنی سیستمەكە و لە پەل و پۆ خستنی زۆرینە ، ئەوە جگەلەوەی ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان ،بە دەر لەوەی خۆیانباسی نزیكەی 25 ملیاردۆلار قەرزاری دەكەن ، كە كەس نازانێ‌ لە پای چی ئەو هەموو قەرزە ،چارەیەكی خەیاڵی هاووڵاتیانیش كەوتوەتە لایانەوە كە زۆر ئەستەمە بدرێتەوە ، ئەوانیش لە كۆشك و ڤێللاو شەوە سورەكانی خۆیاندا هیچ ئاگایانلە دۆخی هاونیشتمانیەكانیان نیە .
ئەگەر بە زەبرو زەنگ خۆپیشاندانەكان كپنەكرێنەوە ، ئەمجارە بەرگرتن بە توڕەیی خەڵكقورس دەبێت وئەوان گەرەكیان سەر لەبەری سیستەمەكە بگۆڕن ، خۆ ئەگەر لە ئاكامی توڕەیی خۆپیشاندەراندا كاردانەوەی سوپاو هێزە چەكدارەكان توند و تیژی لێبكەوێتەوە زۆر دوور نیە جۆرێك لە كودەتا درووست بێت ، ئێستا لە عیراقدا هەموو ئەگەرەكانبە كراوەیی ماونەتەوە ، ئەوەمانبیر بێت كەتوركیاوئێران و ئەمەریكاوسعودیە هەریەكەو لە دیدی خۆیانەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان رۆڵیان لە هەموو روداوێكی گەورەو بچوكی ئەم وڵاتەدا هەیە ، خۆ پیشاندانەكان پەندو عیبرەتێكی نوێن بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق بە گشتی ، ئەگەر بواری ئەوەیانهەبێت پەند و عیبرەت وەربگرن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.